پێشەنگی فەڵسەفەی ژن، ژیان، ئازادی

هەڤاڵ ئەڤین گۆیی ٣٤ ساڵی ژیانی خۆی لەناو تێکۆشان و بەرخۆداندا بەسەر برد. ئەو ژیانەی کە هەڵیبژاردبوو ژیانێکی پر لە زانست بوو، ڕاستی ژیانی خۆی لە ڕەفتار و پەیوەندییەکانیدا نیشاندا.

ئەوە چ ئەشقێکی ئەبەدییە لەسەر دڵدا جێگیر بووە

دڵ لە تۆ تێرنابێت و نابێت بە دڵ

تۆ جوانی ئەو جوانەی چیای شانستێرک

لە دڵ دەرناچیت پێکەنین و ئەوینی تۆ

ئێوارەیە و لەسەر چیای زاگرۆس و قەڵای مەم

هەرەکۆل هاوار دەکات و جودی دەنگ دەداتەوە

گابار لە حزوورتدا هەڵدەستێت بۆ سوجدە و سوێند دەخوات بە جوانی تۆ و بانگت دەکات

تۆ ئەوینی، ئەوینی خوداوەندی خاکی میزۆپۆتامیا

سوێند دەخۆن بە ئەوینی تۆ.

هەنگاوی دوور و درێژ دەنێین، هەر هەنگاوێکمان دەبێت بە هەزار هەنگاو، دوای هەزاران هەنگاو دەگەین بە قیبلەگاکەمان، ئەو قیبلەگایەی کە فەلسەفە، فکر، پێوەر، هەستکردن، بەرخۆدان، تێکۆشان، باوەری و فکری ڕزگاری 'ژن و ژیان و ئازادی' تێیدا خۆڵقێندراوە. ئەژنۆمان لەسەر زەوی دادەنێین، دەستەکانمان لەسەر خاکی پیرۆز دادەنێین و سێ جار ناوچاوانمان لە خاکی پیرۆز دەدەین. سەرمان بەرز دەکەینەوە و سەیری قیبلەگاکە دەکەین و دەبینین کە بە هەزاران ژن کە بە بەدیلێکی زۆر قورسیان داوە بۆ خۆڵقاندنی "ژن، ژیان، ئازادی' لە بەردەممان وەستاون. ئەوان بوون بە سەرچاوەی ژیانێکی دەوڵەمەند و تێر و پر بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ ئازادی ژن تێدەکۆشن. ئەوان بوون بە خۆداوەندی سەدەی ٢١ لە وڵاتی خوداوەندەکاندا. لە بەرامبەر ئەو خۆداوەندەی کە لەسەر ڕژاندنی خوێنی ژنان خۆی دەژێنێت بوون بە شەرڤانی ئازادی. بە هێزی فکری و عەقلێکی هاوبەش لە بەرامبەر خۆداوەندە ساختەکاندا شەڕی ئازادی بەڕێوەدەبەن. یەکێک لەو ژنانەی کە لە وڵاتی خوداوەندەکاندا چاوی بە دنیاندا هەڵهێنا ژنی شۆڕشگێر ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) بوو.

ئامینە کارا ناسراو بە ئەڤین گۆیی لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی هیلالی سەر بە ناوچە قالبان لە پارێزگای شێرناخ لە دایک بووە، ئەو وەکو زۆر گەنجی تر بە پێشەنگایەتی فەرمانداری ئەفسووناوی گەلی کورد مەعسوم کورکوماز کاریگەر بووە، ئەوەش دەبێتە سەرەتای ژیانێکی نوێ بۆ ئەو. ئەڤین لە تەمەنێکی بچووکی منداڵییدا ڕووبەڕووی زوڵمی دەوڵەتی تورک دەبێتەوە، گوندەکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە دەسوتێنرێت و دەکەوێتە ژێر ئەشکەنجە و زەختیکی زۆرەوە، دوای ئەو زوڵمەی لە گوندەکەی دەکرێت، بۆ ئازادیی گەلەکەی دەستی بە تێکۆشانێکی نوێ کرد، هەربۆیە لە دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە ساڵی ١٩٩٠ بڕیاری بەشداربوون دەدات لە ناو ڕیزەکانی تێکۆشاندا، لە دوای ئەوەش هێرشی دوژمن لەسەر خێزانەکەی زیاتر دەبێت.

هەڤاڵ ئەڤین ئەو باوەڕ، هێز و ئیرادەیەی ژنانی بۆتان کە لە ناویدا گەورەبووە لە ناو تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا بەرجەستەی کرد و خۆی گەیاندە لوتکەی هێزی ژنی کورد، هەستی ئازادیی لە ناو ژنانی تێکۆشەردا بڵاو دەکردەوە و بوو بە یەکێک لە ژنانی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان.

ئەڤین گۆیی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بووە، بە کەلتووری بۆتان گەورە بووە و ژنێکی خاوەنی تێگەیشتنێکی وڵاتپارێزی و ئازاد و پێشەنگ بوو، ساڵانێک لە سووریا لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان نزیک بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر پەروەردەی ڕێبەر ئۆجالانی بینیوە.

هەموو ژیانی خۆی فیدای تێکۆشانی ئازادیی کردوە، ئەو لە ڕیزی ژنانی تێکۆشەری وەک ساکینە جانسس و ڕۆژبین و ڕوناهیدا کاریکردوە، لەکاتی شەهیدبوونی ئەو سێ ژنە چالاکوانەدا سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکانی شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکووژییەی کردوە. ئەو لە هەموو گوندو دەشت و چیاکانی کوردستان لە بۆتان و زاگرۆس لە دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک شەڕی کردوە، لە چیای هەرەکۆل هەتا رەقەو لەوێوە تا شنگال و هەتا پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ ئازادی گەلی کورد تێکۆشاوە، بە درێژای ٣٤ ساڵ خەباتی خۆی لەسەر هێڵی ژنێکی ئازاد و کوردستانێکی ئازاد ئەنجام دا، لە قامیشلی، لە هێرشێکی چەتەکانی داعشدا بریندار دەبێت و بۆ چارەسەری برینەکەی چووە فەڕەنسا.

لەوێ لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەردا، دووبارە دەست دەکاتەوە بە خابات و بەردەوام هەوڵی یەکگرتن و یەکخستنی گەلی کورد دەدات، بەڵام لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمدا و لە کاتی ئامادەکاریدا بۆ دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکووژی پاریس لە ساڵی ٢٠١٣، لەبەردەم ناوەندی کەلتوور و هونەری ئەحمەد کایە لە فەڕەنسا لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەیدا لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە کە پیلانەکەی لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە داڕێژرا بوو شەهید بوو

لە هەموو پرۆسەکانی شۆڕشی ئازادی کورد و کوردستاندا، ژنانی پێشەنگ کە دەیانەوێت بەدوای ڕاستییەکانی ژیانی ژناندا بگەڕێن، لە هەموو قۆناغێکدا دەکرێن بە ئامانج، لەسەر ئەم بنەمایەش پیلانگێڕی پاریس لە ساڵەکانی ۲۰۱۳ و ۲۰۲۲ ئەنجامدران، بەڵام هێزی ژنانی تێکۆشەر لە دژی هەموو پیلانێک کە ئامانجیان لەناوبردنی هێزی ژنە پووچەڵ کرایەوە.