بیست ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان تێپەڕ دەبێت. لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا پژاک بووەتە خاوەنی پاشخانی تێكۆشانێكی مەزن و دەستكەوتی گەورە و بەفیداكردنی سەدان شەهیدی قارەمان و خۆنەویستی سەدان گەریلا و سەدهەزاران بنەماڵەی شەهید و دۆست و لایەنگر و گەلی وڵاتپارێز تەمەنی بیست ساڵ لەتێكۆشانی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بووەتە بەشی.
پژاک لەكاتێكدا دامەزراندنی خۆی راگەیاند كەهێزەكانی هاوپەیمان بەسەركێشی ئەمریكا لە ٢٠٠٣ەوە رژێمی سەددام حسێن گەورە دیكتاتۆری رۆژهەڵاتی ناوینیان رووخاند و سەدام حسێن دوای پرۆسەیەكی دادگایی كردن لەسێدارەدرا و زۆرێك لەناوەندە سیاسی و پارت و كەسایەتیەكان پێیان وابوو كە لەدوو سێ هەفتەی تردا ئەمریكا پەلاماری رژێمی ئێرانیش دەدات و ئەو رژێمەش بەدەردی سەدام حسێن دەبات. بۆیە زۆرینەیان لەشوێن ئەوەی لەكەشێكی وەهادا رۆحی تێكۆشان و پتەوكردنی ریزەكانیان و هەوڵی یەكگرتن بدەن كەچی دەستەوەستان پاڵیان لێدایەوە و بەگشتی كەوتنە چاوەڕوانی و خەون بینین بەوەی كە لەدواڕۆژدا ئەوانیش هاوشێوەی لایەنە سیاسی و كەسایەتیەكانی هەرێمی باشوری كوردستان و ئێراق دەچنەوە رۆژهەڵات و ئێران و دەچنە سەر سفرەی حازر و ئامادە و هەر یەكەیان هەرێمێك و گردۆڵەیەك بەدەست دەخەن و دەیكەنە ڤێلا و هۆتێل و مۆتێل و دەبنە ئاغای سەرگەل. ئەو خەونە فەنتازیانە وەك ئەوەی چاوەڕاون دەكرا پێكنەهات. كاتێك بینیان وەك ئەوەی ئەوان خەیاڵیان دەكرد، هیواكانیان زوو نەهاتە دی. هەر یەك هاوشێوەی لایەنە سیاسیەكانی ئێراق و هەرێمی باشوری كوردستان خۆیان خزاندۆتە پاڵ هەندێ لەو هێزانەی گوایە ناكۆكن لەگەڵ رژێمی ئێراندا.
لەلایەكی تر ژمارەیەك لە هێزە نێوخۆیەكانی ئێران بەناوی بەرەی ریفۆرم و كەسایەتی كە بانگەشەی دیالۆگی شارستانیەتەكانیان و مافە نەتەوە جیاوازەكانی نێو ئێرانیان بەرز دەكردەوە، ئەوانەش هاوشێوەی هێزەكانی دیكەی دەرەوەی ئێران بەهۆی نزیكبوونەوە و رێككەوتنی رژێمی ئێران و ئەمریكاوە لەپرۆسەی گۆڕانكاریە سیاسی، كۆمەڵایەتیەكانی نێوخۆ و دەرەوە وەدەرنران.
رژێمی ئێران وەك یەك لەگەورە زلهێزەكانی ناوچەكە هاوشانی دەوڵەتانی تری ناوچەكە لەوانە دەوڵەتی تورك، سوریا، عێراق ویستیان بەدرێژكردنەوەی كات لەلایەك و لەلایەكی تر بەڕێبازی جیاواز و هەندێ جاریش بەشێوەی هاوبەش لەهەندێ شوێنیشدا بەهاوكاری زلهێزە جیهانیەكان دەرفەتی مانۆڕ و مناورەیان لەئەمریكا و هاوپەیمانان بڕی و تا ئەو جێگەی لەهێز و تۆانایاندا بوو ئاستەنگی و لەمپەڕیان لەدژی ئەو هێزانە نایەوە و رێگەیان لەوە گرت كە ئەمریكا و هاوپەیمانان بەئاسانی و لەماوەیەكی كەمدا پلان و پرۆژەكانی خۆیان لەئێراق و ناوچەكە جێبەجێ بكەن. بۆیە هەرچەند ساڵ جارێك بەناوێكی جیاواز ئەمریكا و هاوپەیمانان وەك"عێراقی دیموكراتیك، پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە، پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، پرۆژەی بیكرهامڵتۆن، پرۆژەی دیمیستۆرا و نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵیاندا پلان و بەرنامەكانیان جێبەجێ بكەن. ئەو پرۆژە و پلانانە لەبواری ناوەڕۆكدا جیاوازیەكی ئەوتۆیان نەبوو، ئەوە نەبێت كە هەموویان یەك بوون و تەنیا ناوەكانیان جیاواز بوو.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک"، لەگەرمەی ئەو شەڕ و ناكۆكی و ئاڵۆزیە سیاسیانە لەساڵی ٢٠٠٤ دامەزراندنی خۆی وەك پارتیەكی نوێ بەڕێ و رێباز و هزر و فەلسەفەیەكی نوێ و بانگەشەی بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان وەك گەلێك دەستەبەر بكات و لەنێو ئێرانێكی دیموكراتیكدا بەهاوبەشی لەگەل گەلانی تری ئێراندا بەشێوەیەكی ئازادانە بژی دامەزرا و لەتێكۆشانی خۆیدا بەبەكارهێنانی مافی پاراستنی رەوا، تێكۆشانی ئازادیخوازی دەست پێ كرد.
پژاک بەخوێندنەوەی لۆژیكانەی دۆخی جیهان و هەرێمەكە و ئێران و رۆژهەڵات رایگەیاند ئێمە لەتێكۆشانی ئازادیخوازانەی خۆماندا بەدەر لە هێزی گەوهەری خۆمان و پاڵپشتی گەلەكەمان و پراكتیزەكردنی پلان و پرۆژە و راسپاردەكانی كۆنگرەكەمان پشت بەهیچ هێزێكی دەرەكی و هەرێمی نابەستین و لەسەر ئەو بنەمایە ماوەی بیست ساڵی رەبەقە بێ وچان برەو بەتێكۆشانی ئازادیخوازانە و دیموكراتیانەی خۆی دەدات.
دوای بیست ساڵ ئەو خوێندنەوەیەی پژاک بۆ رەوشی جیهان و هەرێمەكە و دۆخی ناوخۆی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەو شرۆڤە و هەڵسەنگاندنانەی لە ساڵی ٢٠٠٤ سەڵماندی چەندە لەجێ خۆیدا بوون. ئەو هێزانەی چاوەڕوان بوون ئەمریكا و هاوپەیمانانان رژێمی ئێرانیان بۆ بڕۆخێنێت و خەونیان بەگەیشتن بەكورسی و دەسەڵاتەوە دەبینی ئەمڕۆكە بەهۆی لەیەك تێگەیشتنی ئەمریكا و رژێمی ئێران زۆرینەی هێزە كوردی و ئێرانیەكان بێ چەك كران یاخود لەئێراق و رۆژهەڵاتی ناوین وەدەرنران، بەڵام پژاک جارێكی تر لەسەر هەمان بنەمای تێكۆشەری و پشت بەستن بە هێزی گەوهەری خۆی و گەل و ئازادیخوازان زیندوتر لەڕابردوو لەسەنگەری خەبات و بەردەوامیدان بۆ بەدەست خستنی مافە رەواكانی گەلەكەمان لەرۆژهەتی كوردستان بەڕۆحی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی برەو بەبونیادنانی نەتەوەی دیموكراتیك و كوردستانێكی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر و ئێرانێكی دیموكراتیك دەدات.
بۆیەش ئەو ئامانج و پێوان و پرەنسیپەی پژاک لەساڵی ٢٠٠٤ لەسەری دامەزرا بۆ ئەمڕۆكە و دواتریش مەرج و دەست لێبەرنەدراوە. لەسەر ئەو بنەمایە بیستەمین ساڵەی دامەزراندنی پژاک لەڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەی شەهیدان و گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و خەباتكاران و دۆست و لایەنگرانی پژاک و گەلی وڵاتپارێزەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئازادیخوازانی ئێران بەرز و پیرۆز بێت.
هـ . ب