سەردانەکەى هاکان فیدان و هێرشى سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دوو شکست بەتامى ژەهر

سەردانەکەى هاکان فیدان بۆ هەرێمى کوردستان، تەواوى ئەو پەردانەى هەڵادایەوە کە پەکەدە و دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لەپشتییەوە چەندین ساڵەى لە دژى گەلى کورد بەڕێوەی دەبەن.

ماوەى سێ ساڵە دەوڵەتى تورکیا بە بەردەوامى هێرش دەکاتە سەر ئاڤاشین و زاپ و مەتینا، هێرشە سەرەتا وەها پیلانى بۆ دانرابوو بە نهێنى بێت، ئامانجیش لە نهێنى بوونەکەى بۆ دەستخستنى ئەنجامێک بوو، دواتریش فرۆشتنەوەى بوو بەڕاى گشتى تورکیا، پیلانگێڕییەکە بەو شێوەیەبوو بە دەستپێشخەرى پەدەکە ڕێگا دروست بکات بۆ دامێنى شاخەکان و دواتر جوڵانى هێز بۆ سەنگەرەکانى بەرخۆدانى گەریلا ئاسان بکات. بەڵام لەگەڵ ئاشکرابوونى پیلانگێڕییەکە و وەڵامدانەوەى گەریلاکانى ئازادى بۆ هێرشى دەوڵەتى تورک هەموو پیلانگێرییەکانى پەدەکە و دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا لە بەر یەک هەڵوەشانەوە.

ئاشکرابوونى کاتى هێرشەکە بۆ سەر باشورى کوردستان لە چیاکانى زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، سەرەتا لەلایەن کەجەکەوە پێشبینى کرا و ڕاى گشتى لێ ئاگادار کرایەوە کە دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا پیلانى هێرشى هەیە، پیلانکەش بەچاوساغى پەدەکە دەبێت، ئەمەش واى کرد پێش هەنگاوەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا گەریلاکانى ئازادى خۆیان ئامادە بکەن و لەکاتى هێرشەکەشدا، گورزى کوشندە لە سوپاى داگیرکەرى تورکیا بدەن.

دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا لە مێژە خەون بەوەوە دەبینێت لە چیاکانى زاپ و ئاڤاشین و مەتینا ئەنجامێک بەدەست بخات، بۆ ئەوەى پێش بە هاتووچۆى گەریلاکانى ئازادى بگرێت و پاشکەش بە گەریلا بکات لەو ناوچە ستراتیژییانە، چیتر گەریلاکانى ئازادى تواناى هاتووچۆیان نەبێت بۆ باکورى کوردستان و ئەنجامدانى چالاکى. بەڵام لە هەر هێرش و پیلانگێڕییەکدا، ڕووبەڕووى شکستى گەورە دەبێتەوە. شکستەکانیشى لە ئەنجامى داهێنانى تاکتیکى نوێى جەنگییە لە لایەن گەریلاکانى ئازادى و خۆدەوڵەمەند کردنە بە هزر و باوەڕى تۆکمە، کە سەرچاوەى فکرەکەش لە تێز و هزرى ڕێبەر ئاپۆوە سەرچاوە دەگرێت.

دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ ئەوەى ئەنجامێک بەدەست بخات، چەکى پێشکەوتووى ناتۆ بەکاردەهێنێت، کاتێک ئەو چەکە پێشکەوتووانە ئەنجامى نەدا بەدەستەوە، پەناى بردە بەر چەکى قەدەغەکراوى وەک ئەتۆمى تاکتیکى و چەکى کیمیایی، هەرچەند چەکەکان قەدەغەکراوبوون، بەڵام بەهۆى سیستەمى جیهانییەوە چاوپۆشیان لە تاوانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا کرد. دیسانەوە دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا هیچ ئەنجامێکى بەدەست نەخست، بۆیە هێرشەکانى درۆنى چڕکردەووە.

هێرشە درۆنییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا لە ئەنجامى شکستى سێ ساڵى ڕابردوو بوو کە دەیویست دەست بەسەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بگرێت، ئەو هۆکارەشى لە پشت هێرشە درۆنییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیاوەیە بۆ ئەوەى زیاتر بانگەشە بۆ درۆنى تورکی بکات و مەترسى لە شارەکان بڵاو بکاتەوە، ڕاى گشتى تورکیاى پێ گەرم بکات، بەڵام بەهۆى پێکانى کەسانى مەدەنییەوە لەو هێرشە درۆنییانە، دەرکەوت تواناى سیخوڕى و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەو شێوەیە نیە بانگەشى بۆ دەکات، ناتوانێت ئامانجەکانى بپێکێت، یەکێک لە هۆکارەکانى ترى شکستى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا خۆسازدان و خۆڕێکخستنى گەریلاکانى ئازادییە. ئەمەش دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیاى هێندەى دیکە توشى سەر لێشێوان کردووە.

دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆ هێرشەکانى پشت بە هێڵى خیانەتى ناوخۆى دەەستێت و بۆ ئەوەش پەدەکەى ئەرکدار کردووە بەرامبەر مانەوەى لە دەسەڵات بە پشتیوانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، هەموو هاوکارییەکى پێشکەش بە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک دەکات لە دەستنیشان کردنى شوێنى وڵاتپارێزان، لەو چوارچێوەیەدا هەر کردەیەکى تیرۆر ئەنجام دەدریت لە باشوورى کوردستان پەدەکە بەشێکە لەو کردەووە تیرۆرى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا. بۆ ئەوەش دەزگاى هاوبەشى میت و پەدەکە بە سەرپەرشتى بنەماڵەى بارزانى بەتایبەت خودى مەسرور بارزانى.

پەدەکە جگە لە ئەرکدارکردنى بە پێدانى زانیارى سیخوڕى بە دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا، کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى ئەرک دارکردووە ببنە بەشێک لە پیلانگێڕى جەنگى دەرونى و شەڕى تایبەت لە دژى کۆمەڵگەى کوردى لە هەر چوارپارچەى کوردستان. بەشێوەیەک بەشدارە لەو شەڕە تایبەتە لەکاتى هەر هێرشێکى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانى مەدەنى و وڵاتپارێزان، ڕاستەوخۆ و دواى چەند خولەک کەناڵەکانى سەر بە پەدەکە دەکەونە بڵاوکردنەوەى زانیارییەکانى هێرشەکە، وەک ئەوەى کەناڵەکانى پەدەکە لە ژوورى کۆنترۆڵى درۆنەکانى توکیا و ژوورى تایبەتى میت بن.

هاوکارى پەدەکە تەنیا لە پێبەخشیبنى زانیارى و چاوساغى بۆ دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو بە تیرۆر کردنى بەرپرسى پێشووى پاراستن لە زاخۆ لەلایەن خودى پەدەکەوە، دوو ئامانجى لەپشت بوو یەکەم بۆ بێدەنگ کردنى بوو لە ڕەخنەگرتن و بڵاوکردنەوەى زانیارى لەسەر کارە قیزەونەکانى پەدەکە، دووەم ئامانجیان ئەوە بوو، ڕاى گشتى کۆمەڵگەى باشوور ئامادە بکەن بە هاوبەشى لەگەڵ دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا هێرش بۆ سەر گەریلاکانى ئازادى دەستپێبکەن و ڕەوایەتى بدەن بەو هێرشەى دەیکەنە سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا.

سەردانەکەى هاکان فیدان بۆ هەرێمى کوردستان، تەواوى ئەو پەردانەى هەڵادایەوە کە پەکەدە و دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لەپشتییەوە چەندین ساڵەى لە دژى گەلى کورد بەڕێوەی دەبەن. هاکان لاى دەسەڵاتدارانى عێراق هیچ ئەنجامێکى مادى و سیاسى بەدەست نەخست، سەرەڕاى بانگەشە بە پاڵەوانکردنى و دواخستنى یەک دووجارى سەردانەکەى، بەڵام بەدەستى بەتاڵ و بێ ئەنجام کۆتایی بەسەردانەکەى بەغدا هێنا، بۆ ئەوەى پەردەپۆشى شکستەکەى بکات، پەدەکە و چەند حزبێکى پاشکۆى ئەردوغانى ئەرکدار کرد پڕوپاگەندایەکى فراوان بۆ سەردانەکەى هەرێمى کوردستان بەڕێوەببەن، باوشى بارزانییەکان ئەو بۆ گەلى باشوور ڕوون کردەووە، بنەماڵەى بارزانى هاوکار و هاوسیاسەتى هاکان فیدانى بکوژ و خوێنڕێژى کوردانە.

هاکان بۆ پارە و چنینەوەى پارە لە بەغدا و هەرێمە، ویستى چەند گرێبەستێک دەستبخات و ڕەوشى ئابورى تورکیاى پێڕاست بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانى بێ ئەنجام بوو، سێ بارزانییەکە و کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەکانیان بوونە فریادڕەسى هاکان و ئەگەریش هەیە لە قازانجى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا و هەرێم هەناردەى نەوتەکەى دەستپێ بکاتەوە بەبێ ئاگادارى بەغدا، ئەمەش سەرکێشییەکى مەترسى دارە و ئەگەریش هەیە هەرێم بخاتە دۆخێکەوە هەرگیز نەکەوێتەوە سەرپێ.

هـ . ب