ڕوفاتی عایشە شان دوای ٢٩ساڵ لە ئامەد بەخاک سپێڕدرا
دوای ٢٩ ساڵ ڕوفاتی ژنە هونەرمەندی کورد عایشە شان، لە شاری ئامەد بە پێی وەسیەتی خۆی بە خاک سپێردرا.
دوای ٢٩ ساڵ ڕوفاتی ژنە هونەرمەندی کورد عایشە شان، لە شاری ئامەد بە پێی وەسیەتی خۆی بە خاک سپێردرا.
ڕوفاتی هونەرمەندی کورد عایشە شان، کە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی١٩٩٦ لە شاری ئیزمیر ژیانئاوایی کرد، دوای ٢٩ساڵ، لەسەر وەسیەتی خۆی گۆاسترایەوە بۆ ئامەد و لەوێ بە خاک سپێردرا. ڕوفاتی هونەرمەندی کورد عایشە شان دوای مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی یەنکۆی ناوچەی ڕێزانی ئامەد بەخاک سپێردرا.
پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)، هاوسەرۆکانی شارەوانی، ڕۆشنبیران، نووسەران، نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان، بنەماڵەی خودی هونەرمەند و کەسایەتیەکی زۆر بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.
لە مەراسیمەکەدا پانکارتی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە و بەشداربووان گوڵیان لەسەر گۆڕی عایشە شان دانا. پاشان گۆرانییەکانی هونەرمەند عایشەشان وترایەوە.
لە مەراسیمەکەدا موراد کەسە کوڕی هونەرمەند قسەی کرد و وتی: "لەمەودوا دایکم ڕاسپاردەی گەلی کوردە."
هەروەها لە ئەندامی بنەماڵەی هونەرمەند یوکسەل ئەڤشار قسەی کرد و وتی: "زۆر دڵتەنگم، بەڵام سوپاسی هەموو کەسێکی ماندوو نەناس دەکەم، ئەمە تەنها لە سایەی من و هەندێک کەسی دیاریکراوەو جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو ئەمە خواستی گەلی کورد بوو، لەو باوەڕەم کە گەلی کورد وەکوو ویژدانی خۆی خاوەنداری لێدەکات، عایشە شان دەربەدەری زۆری کێشا و ئازارێکی زۆری چێشت."
زینێ دینجەر ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد لە مەراسیمەکەدا وتی: "سوپاسی شارەوانی گەورەی ئامەد دەکەین. ئەوان عایشە شانیان هێنایە زێدی خۆی، ئێستا ئیتر ئەمانەتی گەلی کوردە، هەموو کوردێک بە زمان و کولتووری خۆی ناسراوە، عایشە شانیش بەو شێوەیە ناوبانگی هەبووە."
هەروەها سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەشاری ئامەد وتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی و شکۆمەندە بۆ ئێمە. سوپاسی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد دەکەم چونکوو لەم کارەدا هەوڵێکی زۆریاندا."
مەراسیمەکە بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەند عایشە شان کۆتای هات.