ئالان و سارا: راستیی داگیرکاری و بەرخۆدان لە زاپ

ئەوانەی دەیانەوێت بزانن کە ئەم بەرخۆدانە چۆن دروستبووە، با لێکۆڵینەوە لە بەرخۆدان و ژیانی فەرماندە ئالان ملازگر و د. سارا تۆڵهەڵدان بکەن. گەر دەیانەوێت ببنە مرۆڤ پێویستە کاتی خۆیان بۆ ئەوە تەرخانکەن.

هەفتەیەکە کوردان و دۆستانیان ساڵوەگەڕی ٤٠ـەمینی هەڵمەتی ١٥ی ئاب، یانی جەژنی گەریلا و ژیانەوەی نەتەوەی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو لایەکەی جیهاندا بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز دەکەن. ئاهەنگەکان بە جۆشەوە بەردەوامە و رۆژانی دیکەش بەردەوام دەبێت. بێگومان چالاکیەکانی گەریلا لە زاپ و مەتینا کاریگەری لەسەر ئەم ئاهەنگانە هەیە. وەک ئاشکرایە پێش ٤٠ ساڵ چالاکیەکانی گەریلا لە زاپ بە هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە ئەروح و شەمزینان دەستیپێکرد. گەریلا رێکخستنە سەرەتاییەکانی خۆی لە زاپ دروستکرد. لە شەڕی ٤٠ ساڵەی ئازادییدا زاپ جێگە و ڕۆڵێکی تایبەت و یەکلایکەرەوەی هەیە.

کورد و دۆستەکانی جەژنی گەریلا و ژیانەوەی نەتەوەی پیرۆزدەکەن و ئەمەش لە قۆناغی ١٥ی ئابدا بووە دوو تایبەتمەندی گرنگ لەسەر راگەیاندنەکان. یەکەم، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاشکرای کرد فەرماندەی ئەیالەتی ڕۆژئاوای زاپ، ئالان ملازگر و گەریلایەکی پزیشکی ئەیالەتی ڕۆژهەڵاتی زاپ سارا تۆڵهەڵدان لە ٢١ی حوزەیراندا دوای ئەنجامدانی بەرخۆدانێکی قارەمانانە شەهید بوون. بە ڕێزداری و خۆشەویستییەکی زۆرەوە هەردوو قارەمانی خۆڕاگر یاد دەکەینەوە.

تایبەتمەندی دووەمیش، ئاشکراکرا کە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و عێراق ڕۆژی ١٥ ئاب لە تورکیا چاوپێکەوتنی نوێیان ئەنجام داوە و لەسەر هێرشە داگیرکاری و لکاندنەکانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامن، بڕیاری نوێیان داوە. هەرخۆی لە دوای ڕاگەیاندراوی ناوبراوەوە، لە چاپەمەنییەکانەوە دەرکەوت، سوپای دیکە و ئۆتۆمبێلی زریپۆش گواستراوەتەوە بۆ هێڵی ئامێدی و دێرەلوک. ئەم زانیاری و جموجوڵانەی سوپای داگیرکەر هێشتاش بەردەوامن. بە بەردەوامی دیمەنی نوێ لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاودەبێتەوە.

بێگومان ئێمە بە وردی نازانین کە بەرپرسانی عێراق و دەوڵەتی تورک چ بڕیارێکی نوێیان داوە. هەرخۆی زۆریش پێویست بە زانین ناکات. ئەبینین دەوڵەتی تورک لەگەڵ پەدەکە و حکومەتی عێراق بە بەرچاوی هەوو جیهانەوە، پێکەوە هێرشی داگیرکاری و لکاندن بەڕێوەدەبن و هەموو کەسێکیش بە ئاشکرا ئەمە دەبینێت. ئەم هێرشانەش لە چاوپێکەوتنەکاندا گفتوگۆییان لەبارەوە دەکرێت،  بڕیاری لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێت.

زۆر بەڕوونی دەزانرێت دەوڵەتی تورک بە پشگیری ئەمریکا و بارزانی لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٦دا ئەم هێرشە داگیرکارییانەی لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەسەر چەلێ دەستپێکرد. هەروەها دەشزانرێت لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا لەسەر شەمزینان لە بەرامبەر گۆرەپانی برادۆست، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩دا لەسەر قلەبان لە بەرامبەر گۆڕەپانی حەفتانین هێرشی داگیرکاری دەستپێکرد و بەڕیوەبرا. لە ناو مانگی شوباتی ٢٠٢١دا لە دژی گارە هێرشێکی سەرنەکەوتووی خاڵێک کرا. لەناو مانگی نیسانی هەمان ساڵەوە تا ئێستا لەسەر گۆرەپانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین هێرشی داگیرکاری دەستیپێکردووە.

حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە سنوری دەوڵەتی تورک ئەم هێرشە داگیرکارییانەی دەستپێکردووە و بەرێوەی دەبات، هەوڵیدا ئەم هێرشانە لە ڕیگەی ئاسمانی و زمیننییەوە بگەیەنێت بەسەرکەوتن. بێگومان بۆ هەموو ئەم هێرشە داگیرکارییانە پشتیوانییەکی گەورەی پەدەکەی لە ژێر بەڕیوەبەری بارزانیدا، وەرگرت. کەچی هەموو هێزی خۆی بەگەڕخست و ئەو ئەنجامەی وەرنەگرت کە دەیخواست لە هێرشە داگیرکارییەکانەوە کە ماوەی ٤ ساڵە بەردەوامە بەدەستیبهێنێت. لەبەرامبەر بەرخۆدانەکان کە گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار بە شەڕی تیمی هەماهەنگی و تونێلەکانەوە پەرەی پێداوە، لە بنەڕەتەوە تێکشکا.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە بەدرێژایی زستانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لەلایەک لەسەر ئاستی ئەمریکا و ناتۆ لەلایەکی دیکەوە لە ڕوسیا و ئێراندا کاری دیپلۆماسی زۆریان ئەنجامدا. وەک بنەمایەک هەموو هەفتەیەک دەرگای بەغدا و هەولێریان دەکوتا، بەڕیوەبەری میت و وەزیری دەرەوەی تورک پێیان لە عێراق و باشوری کوردستان نەدەبڕی، لە ئەنجامدا لە ٢٢ ی نیسانی ٢٠٢٤ چەندین ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی نوێ بە سەردانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر واژۆ کرد و حکومەتی عێراقیش بەشداری هێرشەکان بوو. لەسەر ئەم بنەمایە، لە ٣ ی تەمووزەوە دەیان هەزار سەرباز و چەتەی تورک بە تانک و زرێپۆشەکانی تورکیاوە لە ڕێگای قیرتاوی شیلادزێ – باتوفا -بامەرنێ-قادیشە-ئامێدی-دێرەلوک جێگیر کران.

بێ گومان ئەمانە هەمووی لەلایەن "ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش"ـەوە لەلایەن نوێنەری دەوڵەتانی تورکیا و عێراق و پەدەکە بەڕێوەدەبرا. بەم شێوەیه ئەو ناوچەیەی که له سنووری دەوڵەتی تورکیا و عێراقدا مابووەوە و له باشوورەوه له لایەن سوپای تورک و یەکینەی زرێپۆشەکانی تورکەوە گەمارودرا. هەروەها لەدژی هەرێمە گەمارۆدراوەکان، هێرشی ئاسمانی زیادی کرد و تۆپ باران کرا، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. لەم هێرشانەدا کە باس کران، زەوی و باخ و کێڵگەکان سووتێنران، گوندەکان سووتێنران و وێران کران، گوندنشینەکان ناچار کران کۆچ بکەن. ئێستا هەموو ئەم ناوچە گەمارۆ دراوانە بۆ سوپای تورک بەجێهێڵدراوە. سەربازانی تورک خاڵی پشکنینیان لە ناوچەکە داناوە و دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیان لە کاتی هاتن و چوونە ژوورەوەیان. بەم شێوەیە هێرشە داگیرکارییەکان کە ساڵانێکە بەردەوامن، بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر بکرێت. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک وای بەرنامە بۆدانابوو هێرشە داگیرکارییەکانی بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.

وەک دەزانرێت سنووری دەوڵەتی تورکیا و عێراق بە گشتی ٣٢٠ کیلۆمەتر درێژە. بەدرێژایی ئەو سنوورە ٢٨٠ کیلۆمەتر، سوپای تورک چووە ناو خاکی عێراقەوە و لەسەر ئەو بنەمایە هێرشی داگیرکاری و دابڕانی ئەنجامداوە. لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستادا قیرتاوی باتوفا - شیلادزێ دەبێتە سنووری نوێی دەوڵەتی تورک و ئەم سنوورە نوێیە بە گوێرەی سنووری پێشوو لەنێوان ٢٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر دایە واتە دەوڵەتی تورک جوگرافیایەکی داگیر کردووە و بە درێژایی ٢٨٠ کیلۆمەتر و قووڵایی ٢٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر هەوڵی ئەوە دەدات بە هاوکاری حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە ئەم جوگرافیایەیان بۆ پارە، کارەبا و ئاو پێ فرۆشتووە و لەگەڵی لە هاوکاریدان نزیکه ی ٤٠٠ گوندی بچووک و گەوره چۆڵکراون و لە هەوڵی ئەودان بەگشتی ئەو ناوچانە چۆڵبکەن، لەم دۆخەدا تەنیا گەریلاکانی پەکەکەن کە ڕووبەڕووی هێرشە داگیرکاریی و خیانەتکارییەکان بوونەتەوە، واتە فەرماندە ئاڵان مەلازگر و ئەوینداری ئازادیی دکتۆر سارا توڵهڵدان و هەڤاڵەکانیان لەو کەسانەن کە بە خوێنی خۆیان دژی داگیرکاری بوونەوە.

ئێستا ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیاکانی هەوڵی شاردنەوە یان پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکان دەدەن ئەم هێزانە درۆ و چەواشەکاریی دەکەن و بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستی خیانەتکارانەیان، دەڵێن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و باشووری کوردستان ئەم هێزانە خاکی ئەم وڵاتەیان فرۆشتووە. ئەوان هەوڵ دەدەن گەریلاکان بە بەرپرس و تاوانبار نیشان بدەن لە هەموو ئەو کردەوانەی خۆیان بەپیلان ئەنجامی دەدن. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن گەلانی کورد و عەرەب و ڕای گشتی نێودەوڵەتی فریو بدەن.

بەڵام نامەردی و خیانەت روودەدەن، ئەمە روون و لەبەرچاوە. گەلی کوردستان، کۆمەڵگەی عەرەب و هەموو مرۆڤایەتی لە شەڕ لە دژی چەتەکانی داعشدا باش بینیان کە گەریلاکانی پەکەکە چین و چی نین. بارزانیەکان چەندین ناوچە بە تایبەتی شەنگالیان بۆ داعش جێهێشت و هەڵاتن، لەو رووەشەوە هەمووان بارزانییەکان دەناسن. جیالەمە سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە بە دەربرینی "رووی سپی مرۆڤایەتی" پیرۆزبایی لە گەریلاکانی ئازادی کوردستان کردبوو.

بەکورتی هێرشی داگیرکەری، لکاندن و خیانەت لەئارادایە، راستی گەریلا کە لە دژی هەموو ئەوانە سەدان شەهیدی بەخشی و بە قارەمانێتیەوە خۆڕاگرییان کرد، ئەویش لەبەرچاوە. هەمیس ئەو بەرخودانە، جۆرێکی بەرخودانە کە چەند نەوەی مرۆڤەکان شایەتی بەرخودانی لەو جۆرە نەبوون.  ئەوانەی دەیانەوێت بزانن کە ئەو بەرخودانە چۆن دروست بووە، با لێکۆڵینەوە لە بەرخودان و ژیانی فەرماندە ئالان مەلازگر و د.سارا تۆڵهەڵدان بکەن کە لەم دواییەدا راگەیەندرا، ئەگەر هەندێک دەیانەووێت ببنە مرۆڤ دەبێت کاتی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان بکەن.

ئالان مەلازگر و د. سارا تۆڵهەڵدان لە سەرەتاوە لەناو بەرخودان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکاندا بەشداربوون و ٨ ساڵ لەسەر هێڵی قارەمانێتی ژیان و تێکۆشان. سێ ساڵی دوایی ئەم بەرخودانەش، بە شێوەی بەرخودانی تونێلەکان بەردەوام بووە. نزیکەی سێ ساڵ هێزی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی ناتۆ و پەدەکە، تونێلە ئاماژەبۆکراوەکانیان گەمارۆدا و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و کیمیاییش لەناویدا بە هەموو چەکێک هێرشیان کردنەسەر؛ بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی ئالان و سارا بشکێنن و نەیاتوانی شەڕیش رابگرن. سارا و ئالان بە قارەمانێتیەوە لە ناو هەلومەرجی هەرە دژواردا ئازایانە ژیان و شەڕیان کرد، گورزی قورسیان لە دوژمن وەشاند و بە چالاکی گیانبازیش شەهیدبوون. دەبێت مرۆڤ ئەم تێکۆشان و ژیانەی کە لە لوتکەی پیرۆزیی مرۆڤایەتیدایە، بە دروستی تێبگات و خاوەنداری لێبکات. ئێمە سەرلەنوێ بە رێز و خۆشەویستیەوە بە بیریان دەهێنینەوە.