ئانالیز و شیکاریی ئۆجالان لەسەر ئاکەپە

ئۆجالان لەبارەی ئاکەپەوە دەیوت: "ئاکەپە لە هەموو حکومەتەکانی پێش خۆی زیاتر دەبێتە حکومەتێکی شەڕی تایبەت".

سیاسەت پێش هەموو شتێک پێشبینیکردنە، چونکە سەرکەوتن، یان شکست لێرەوە دەست پێدەکات.

کاتێک بارودۆخ و ڕووداوەکان بە باشی شیدەکرێنەوە ئەو کاتە پێشبینیەکانیش روون و بەرچاو و زەق و راستەقینە و واقعی دەبن.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ١٥ ساڵ پێش ئێستا وتبووی "ئەردۆغان کەسێکی ئازا نییە، خۆی ڕادەستی بیرۆکراسی دەکات. لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشەی کورد دا دەمامکەکەی لە روو دادەماڵرێت. ئەوەی مەهەپەییەکان نەیانتوانی ئەنجامی بدەن، ئەم ئەنجامی دەدات. شایەنی لێکۆڵینەوەیە، کە دەیەوێت ئەو شتانە لەگەڵ چەند خائینێک، کە بە دەوروبەریدا کۆبوونەتەوە، ئەنجام بدات". ئەو ڕۆژەی ئۆجالان پێشبینیی ئەوەی کرد، هیچ کەسێک لە سیاسەتی تورکیا هەستی بەوە نەکردبوو و نەیبینیبو و لێی تێنەگەیشتبوو.

هێشتا زۆر زوو بوو کاتێک بە ئاکەپەی وت: "لە هەموو حکومەتەکانی پێش خۆی زیاتر دەبێتە حکومەتێکی شەڕی تایبەت".

هەروەها کاتێک لەسەر داهاتووی ئاکەپە ئەم شیکارییەى کرد و وتی: "بە تایبەتی ئەو ڕاستییە، کە لە هەڵبژاردنی خۆجێی دا دەرکەوت ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات، کە ئەو 'دەبێتە حیزبی دەوڵەت' و لەژێر کاریگەری راستڕەویدا خۆی بەهێز دەکات. مشتومڕ لەسەر مێزەرە و عەلمانییەت، لەوانەیە گەمە و یارییەک بێت بۆ فریودان. هاوپەیمانیی حیزبی دیموکراتیکی چەپ (دەسەپە - DSP)، حیزبی دایکی نیشتمان (ئاناپ - ANAP) و پارتی بزووتنەوەى نەتەوەپەرەست (مەهەپە / MHP) بووە هۆی تووڕەیی گەل و مایەپووچبوونیان،  پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە / CHP)ش ڕۆڵی 'پاسەوانە کۆمار' دەبینی و لە پارتی کۆنترا – چەتەی حیزبی رێگای راست (DYP)یشدا بۆشاییەک دروستبوو. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بە هاوکاریی کۆمپانیا قۆرخکار و مۆنۆپۆلەکان و بەشێک لە دەوڵەت، ئاکەپە هێنرایە گۆڕەپانەکە. ئیسلامی نەرم و مامناوەند و دیموکراتیکی کۆنەپارێز و موحافیزکاری سەرلێشێواوی تێکەڵ و پێکەڵ بە کراسێکی ئایدیۆلۆژییەوە ئامادەکرا. لە حیزبی دایکی نیشتمان (ئاناپ - ANAP) زیاتر راستڕەوە. هاوشێوەی گروپی کۆمپانیاکانە. لە هاوپەیمانێتیی سەنتێزی تورک - ئیسلامی دەچێت، کە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دروست کراوە".

کاتێک ئەمڕۆ سەیری دەکەین ئاکەپە "ڕاستڕەوترین پارتی دەوڵەت"ە، دۆخی دێموکراسی ساختە، داماڵینی دەمامکەکانی لە هەموو پرس و بابەتەکاندا، بووە بە حیزبی تەندەر و کۆمپانیاکان، بەوەش بەردەوامبوونی ئەو پێشبینیانە دەبینرێن و هاتوونەتە دی. هەموو ئەوانە نیشانەی ساختەکردن و سەرکوتکردن و سەر لێ شێواندنن لە تیۆری سیاسەتدا.

لەم وتارەدا هەوڵدەدەین لەبەر ڕۆشنایی شرۆڤەکانی ئۆجالان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدۆزینەوە، کە بۆچی پێویستە لەسەر ئاکەپە بخوێنینەوە. ئەمڕۆ  لێوردبوونەوە لە ئاکەپە و بیرو بۆچوونەکانی پێویستییەکە. چونکا ئاکەپە فاشیزم بە هەموو شێوەیەک بەرفراوان و بەربڵاو دەکاتەوە و سنور و گۆڕەپانی خۆی فراوانتر دەکات، لە هەوڵی ئەوەدایە بە توندترین و دڕندەترین شێوە لە سیاسەتی ڕاستڕەویدا باڵاترین لوتکە و شوێن بۆ خۆی بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەوەیە لە هەمووان زیاتر هاووڵاتیی مەدەنیی کوشت، شەڕی هەڵگیرساند، کۆمەڵگەی لە یەک دابڕی و کۆمەڵگەبونی کوشت. لەبەر ئەوانە ئەگەر مرۆڤ تەنها بەوە بڵێت "حیزبی خراپ"، بینا و هەیکەلێکی خراپ، سیستمێکی فاشیستیی دروستکردووە، مرۆڤ ناتوانێت تەنها بەو پێناسانە کردەوەکانی بەرامبەر بە مرۆڤ شیکار بکات. ئاکەپە و فاشیزمەکەی و شێتبوونەکەى رێچکە و رەوتێکە، کە پاشخانێکی مێژوویی کۆن و دێرینی هەیە:

"ئاکەپە وانییە، کە وەک ئەوەی دیارە لە ساڵی ٢٠٠١دا دروستبووبێت و دەرکەوتبێت، بەڵکو ڕابردوویەکی هەیە، کە خۆی پێدەگەینێتەوە تاوەکو کودەتاکەی ١٢ی ئەیلول. لە سەردەمی سەرۆکی ئەمریکا دی دەبلیو بۆش، ئەجندا و بەرنامەی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە  (PMRN)، داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق، پڕۆژەی ئیسلامی نەرم و میانڕەوی تورکیای کردە بەدیل و ئەڵتەرناتیڤ. فاشیزمی سپیی تورکایەتی، بەهۆی لایەنی عەلمانی و داڕزاوبوونییەوە لە جەماوەر دابڕابوو. هەروەها رووشی لە دەرەوە نەبوو. بۆ کاپیتالیزمی جیهانی کراوە نەبوو، چونکە هیچ بزووتنەوەیەکی جدیی سۆسیالیستی و دێموکراتی لە بەردەمیدا نەبوو، لەو پرۆژەیەدا ئەمریکا هەرگیز خۆی بە پێویستی ئەو فاشیزمە ڕەگەزپەرستانەیە نەزانی. لەوەش گرنگتر ئەوەیە، کە بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، هەم لە سەرتاسەری کوردستان و لە کوردستاندا، کە سەروەریی و باڵادەستیی تورکیای تیادا بوو، بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەسەنداندا بوو".

کاتێک دەوترێت ئاکەپە، خێرا ئەوە بەبیری مرۆڤدا دێت، کە ئاکەپە پرۆژەیە. ئۆجالان لە هەموو تێکست و نووسراوەکانیدا لە ئاکەپە ورد دەبێتەوە و راوەستەى لەسەر دەکات تاوەکو لۆژیکی دروستبوونی، هۆکاری دەرکەوتنی ئەو حیزبە، گە لە کوێوە دەستیپێکردووە و چۆن بەم دۆخە گەیشتوە شی بکاتەوە.  بۆ ئەوەش مێژووی کۆماری تورکیا، کە لە مێژووی ڕەوتی خزاندن بەرەو رێگای دەسەڵات زیاتر هیچ نییە دەداتە بەر پرسیار. تاوەکو لە مێژووی پێ تێخستنی ئاکەپە تێگەیشتن دروست نەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەرماندا هاتووە لێی تێناگەین، یان هەرگیز بە تێنەگەیشتوویی لێی تێناگەین. بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئانالیز و خوێندنەوەی شیکارییەکانی ئۆجالان لەسەر ئاکەپە، پێویستە سەرەتا بە کورتی سەیری سێ خاڵ لە پاشخانەکەی و قۆناغەکانی گۆڕانکاریی ببینین:

ئۆجالان دەڵێت، ئاکەپە لە رووی هێڵی عەقڵییەتەوە بەرهەمی چییە و چۆن گۆڕاوە:

** یەکەم سەردەمی پیلانگێڕی و کودەتاکان بە گۆڕینی هێزی هەژموونی بیانی و دەرەوەی دەستی پێکرد

ئۆجالان دەڵێت: "ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٨٠ ساڵەکانی پێگەیشتنی فاشیزمی سپیی تورک بوون. ئەوەش تەنها بە پیلانگێڕی و کودەتا دەیتوانی بەردەوامی بە خۆی بدات. لە سەر پێویستی و خواستی گۆڕینی هێزە هەژمونگەراکانی دەرەوە (ئەمریکا هاتە شوێنی بەریتانیا) هەرچەندە چەند هەنگاوێکی جیاواز نرا (دێموکراسی پەرلەمانی، فرەحزبی، رێگاکردنەوە بۆ سەرمایەداری لیبراڵی، کەمێک پاشەکشەکردن لە عەلمانییەت و لائیسیتە)، بەڵام بونیاد و بناغەى سەرەکیی دیکتاتۆریی ئۆلیگارشی فاشیستی بەردەوام بوو. پێکدادانە  وشکە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە. لە ئەنجامدا کودەتاکەی ١٢ی ئەیلول بەڕێوەچوو. کوودەتایەک بوو، کە بەهۆی هەماهەنگیی دۆخی ناوخۆیی و دەرەکییەوە (تێکچونی هاوسەنگی بەهۆی شۆڕشی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەت، بەهۆی تێکچونی هاوسەنگی ناوخۆییەوە بە هۆی گەشەکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە) ئەنجامدرابوو. لە بواری مێژووییەوە، پرۆسەى مێژوویی سیستمی فاشیستی تورکی سپی رووبەڕووی تێکشکاندن ببووە و هەوڵدرا بەو کودەتایە ئەو تێکشکاندنە رابوەستنێرێت. بۆ ئەوەش لەپلانی ئایدیۆلۆژیدا لەجیاتی نەتەوەپەرەستیی عیلمانی و لائیک نەتەوەپەرەستیی تورکی – ئیسلامییان دایە بەرخۆیان، لە رووی ئابوورییەوە لەبری ئەوەی تەنها بەرهەمهێنان لە ناو خۆیاندا قەتیس بکەن هەوڵیانداوە لەگەڵ قۆرخکاریی جیهانیدا یەکبگرن، لە بۆرژوازیی زۆرینەى بۆرکراتییەو بپەڕنەوە بۆ پێشەنگایەتیکردنی سەرمایەی تایبەت و کەرتی تایبەت، لە گۆڕەپانی سیاسەت – دەسەڵاتداریدا میکانیزم و مەکینەیەکی سەربازی دروستکرابوو. بە دەستووری ١٢ی ئەیلول، کە ئەوەی تیادا راستکرابوویەوە، بە زۆر سەپاندیان و پەسندیان کرد".

** یەکێکی تر، دەبێت ئێمە باسی تیۆری 'هێڵی سەوز' بکەین

ئەم پڕۆژەیە گرنگە، کەواتە ئەوە چیە؟ پرۆژەی هێڵی سەوز لەلایەن زبیگنیڤ برژینسکی (Zbigniew Brzezinski) ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە حکومەتەکەى جیمی کارتەر سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٧دا پەرەی پێدرا. مەبەست لە پرۆژەی هێڵی سەوز ئەوە بوو، کە ئیسلام بۆ خۆیان بکەنە قەڵغانی دژ بە کۆمۆنیزم و بەوە ڕێگەنەدن یەکێتیی سۆڤیەت لە دەوری کەنداوی بەسرە، کە کێڵگە نەوتییە دەوڵەمەندەکانی تیادایە خۆی بەهێز بکات. بینا و بونیادی ئیسلامییەکان لەوڵاتانی موسڵماندا پشتیوانیان لێکرا. بە گشتی ئەم بونیاتنانە، کە پشتیوانیی لێکرا، ڕادیکاڵ و دژە کۆمۆنیست بوو و راستەوخۆ پشتیوانییان لە ئەمریکا – رۆژئاوا دەکرد. "ئامانجی سەرەکیی ڕێگرتن بوو لە دیموکراتیزەکردن و بە سۆسیالیستیکردنی ئەو کۆمەڵگایانە، کە کولتوری ئیسلامییان هەبوو، بەوەش کولتووری ئیسلام تێکەڵ و ئاوێتەى کاپیتالیزم دەکرێت". واتە بۆ ئەوەی ڕوسیا لە وڵاتانی ئیسلامیدا کاریگەر نەبێت سیاسەتێک، کە پێیان دەوت سیاسەتی ڕاستەقینەی رەسەن، دامەزرا و پشتیوانییان لێکرد و پشتیوانیان لەوە کرد، کە لەو ناوچانەدا بونیاتێکی نەرمی دەسەڵات بگرێتە دەست.

بەڕای ئۆجالان ئیسلامی نەرم و گەشەسەندنی ئاکەپە دەبێت لەسەر ئەو هێڵە خوێندنەوەى بۆ بکرێت. ئەگەر نا لە هەبوونی ئێستای ئاکەپە و لۆژیکی دامەزراندنی تێگەیشتن دروست نابێت: "ئەو بزووتنەوەیە، کە دەتوانین پێی بڵێین فاشیزمی سەوزی تورک، لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڕوسیای سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرکردنی لە ئەفغانستان دروستکراو خرایەکار. بەوەش یەکێتیی سۆڤیەت بە کێشەکانی ئاسیای ناوەڕاستەوە سەرقاڵ دەکەن و رێگا نادەن لە وڵاتانی ئیسلامی، کە کۆمەڵگەکان بەرەو دیموکراتیکبوون و سۆسیالیزم دەڕوات، بخزێنە چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤیەت یان بکەونە ژێر کاریگەریی، لەبەر ئەوە لەلایەن ئەمریکاوە بەکارهێنانی ئایین لە پێشخستن و بەکارهێنانی نەتەوەپەرەستیی نەژادی کاریگەرتر بوو، ئەمریکا پشتیوانیی لە بزواتە ئیسلامییەکان کرد و راهێنانی پێکردن و بۆ ئامانجەکانی خۆی لە دژی سۆڤیەت خستنییە کار.

ئاکەپە لە شێوەی پارتێکی کۆماری دووەمدا داڕێژرابوو، کە لە ساڵانی ١٩٨٠دا ماوەیەکی زۆر بۆ بەرفراوانکردنی و بۆ چەسپاندنی بە شێوە و فۆرمی جۆراوجۆر دەستکرا بە حەواندنەوە و گەشەپێدانی. وەک حیزبێکی پەیوەندیدار بەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری دووەم داڕێژراوە، بەڵام ئیدی ئێستا دەیەوێت هەژموونی خۆی تەواو بکات و بۆ ئەوەش لە دابەستەیی دەرهێنرا و خرایە کار. ناکۆکییەکانی ئاکەپە – ئیسرائیل نابێت هیچ کەسێک تووشی سەرسوڕمان بکات. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت، هیچ ناکۆکییان نییە، بەڵام ئەمانە لەو جۆرە ناکۆکییانەن، کە دەتوانرێت لە ناو هەمان سیستمی هەژمووندا چارەسەر بکرێن".

** سێیەمیش، قۆناغی ئامادەکردنی ئاکەپەیە

ئەو وێستگە گرنگانە چین، کە بوونە هۆی ئەوە وەک پڕۆژە بەشداری لە سیستمی سیاسیدا بکەن. ئۆجالان دیسان سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوە، کە پێی دەوترێت، 'کۆماری دووەم' و لەبارەی ئەو روودانەوە، کە لەو قۆناغەدا روویانداوە دەڵێت:

"لەبەر ئەوەی لە شەڕی ناوخۆدا زۆر لە هێز کەوتبوو و بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە عێراق (هەرچەندە هێرشی تێکدەرانەی قاعیدە بۆ سەر دوو تاوەرەکە، کرایە پاساو) هەژموونێکی نوێ بە سەر دەسەڵاتی تورکیادا سەپێنرا. ئامرازە ناوەکییەکانی هەژموونی نوێ، کە لە ساڵانی ١٩٧٠ەوە پشتگیری کران لە رێگەی پێشکهاتەکانی ئەو قۆناغە بە شێوەیەکی دیار هێنرایە پێشەوە و ئەوە لەو پرۆسەیدا دەبینرێت. قبوڵکردنی سەنتێزی تورک - ئیسلامی، بڕیارە ئابوورییەکانی ٢٤ی کانوونی دووەم ١٩٨٠ (کرانەوە بە ڕووی سەرمایەدارایی جیهانی دا)، کوودەتای ١٢ی ئەیلول، داخستنی پارتە نەتەوە – دەوڵەتییەکانی فاشیزمی سپیی تورکایەتی، لە ناو سوپای تورکیا (سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتی) دیاریکردنی رێگا و بنەماکان و رێچکەکان، ئۆپراسیۆنی تانسو چیللەر و حکومەتەکەى لە ناو حیزبەکەى خۆیدا بە ناوی پارتی رێگای راست (DYP)، قۆناغی ٢٨ی شوبات، رووخاندنی حکومەتەکەى ئەربەکان و لە دوایدا پاکتاوکردنی بولەند ئەجەوید هەم لە رووی هێڵی تاکەسی و هەم لە رووی هێڵی حیزبەکەیەوە. زۆر گرنگە مرۆڤ ئاکەپە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو قۆناغ و پرۆسە ناوخۆیی و دەرەکییانە لێکبداتەوە".

له‌ روانگه‌ی ئۆجالانه‌وه‌ ئاكه‌په‌ له‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگدایه‌ و ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ هێنده‌ی پرۆژه‌ی جه‌هه‌په‌ گرنگه‌. له‌باره‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی "ئاكه‌په‌ له‌ پاشخانی ئایدۆلۆژی خۆیدا پشتی به‌ چی به‌ستووه‌؟" دەڵێت:

"ئاماده‌كردنی ئاكه‌په‌ هێنده‌ی كۆماری مێژوویی هاوچه‌رخی توركیا گرنگه‌، ناوه‌رۆكی گۆڕانكارییه‌كه‌ به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌یه‌. وه‌ك چۆن جه‌هه‌په‌ پارتی ناوه‌ندی ده‌وڵەتە‌ بۆ رێكخستن، ره‌وایه‌تیی یه‌كه‌م و دووه‌م و قۆناغی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئاكه‌په‌ش ناوه‌ند و چه‌قی نه‌ته‌وه - ده‌وڵه‌ته،‌ كه‌ له‌ هه‌مان قۆناغه‌كاندا به‌رده‌وام بووه‌ته‌ به‌رهه‌ڵستكار، له‌گه‌ڵ سیستمی عه‌بدولحه‌میددا رێككه‌وتووه‌، له‌ دژی هه‌ژمۆنی ئه‌ڵمانیا هه‌ژمۆنی به‌ریتانیا بۆخۆی به‌ بنه‌ما دانا، له‌ دژی نه‌ته‌وایه‌تی لائیك، ئیسلامیه‌تی هێنا، له‌ دژی نه‌ته‌وایه‌تی زایۆنیست له‌گه‌ڵ كارایمی جیهانی جوله‌كه‌دا رێككه‌وتووه‌ و ئایدۆلۆژیای تورك – ئیسلامی، كه‌ له‌ كاتی كوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول سوپا پاڵپشتی لێده‌كرد، بۆخۆی وه‌ك پاڵپشتییه‌ك به‌كارهێناوه‌، له‌ قۆناغی ٢٨ی شوباتی سوپادا، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ پارته‌كه‌ی نه‌جمه‌دین ئه‌ربەكان نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستیی رادیكاڵ گۆڕه‌پان و بواری ژیانی بۆ ره‌خسا".

ئه‌و ده‌ستنیشان كردنه‌ بۆ مرۆڤی وشیار هۆشدارییه‌كی گه‌وره‌یه‌. ساڵی ٢٠٠٨ وتی، ئاكه‌په‌ دەوڵەتپەرەستترین پارت و بێ به‌زه‌یترین حكومه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ته: "ئاكه‌په‌ ده‌ستی له‌ شه‌ڕ هه‌ڵنه‌گرت، چوارچێوه‌ و ئاستی شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ربڵاوتر و قورستر كرد. ئاكه‌په‌ له‌ هه‌موو پارته‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كانی پێش خۆی زیاتر و باشتر بووەتە پارت و حیزبی ده‌وڵه‌ت، له‌ هه‌موو حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی زیاتر حكومه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ته".

ده‌ڵێت، "ئاكه‌په‌ وه‌ك هێزی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری فاشیزمی توركی سه‌وز، پارتییه‌كه،‌ كه‌ به‌ پاڵپشتیی هێزه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستڕۆیشتوو بووه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتدار".

هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ بیر نه‌كرێت، كه‌ "بە دەسەڵات گه‌یشتنی‌ ئاكه‌په‌ به‌ واتای سه‌رده‌مێكی نوێی باڵاده‌ستییه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌تدا". هه‌ژمۆن و باڵاده‌ستی توركایەتیی سپیی هه‌شتا ساڵه‌ی كۆمار، هێدی هێدی و به‌ ئازارێكی زۆره‌وه‌ جێگه‌ی خۆی دا به‌ فاشیزمی توركی سه‌وز، كه‌ خۆی وه‌ك ئیسلامیه‌كی نه‌رم پێناسه‌ ده‌كات. بێگۆمان ئه‌و دۆخه‌ به‌و واتایه‌ نایات، كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵ كراوه‌، به‌ڵام كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌. له‌ جێگه‌ی فاشیزمی توركی سپی، کە  ناوه‌ندەکەی ئه‌نقه‌رەیە‌، فاشیزمی توركی سه‌وز ناوه‌ندەکەی قۆنیا - قه‌یسه‌رییه و‌ ورده‌ ورده‌ ده‌گۆڕدرێت بۆ هێزی نوێی هه‌ژمۆنیك و باڵادەستی كۆمار. له‌ ئێستاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا پلانی بۆ داده‌نرێت، ساڵی ٢٠٢٣ كه‌ سه‌ده‌م ساڵیادی كۆماره‌ به‌و هه‌ژمۆنه‌وه‌ پێشوازیی لێده‌كرێت".

ئێمه‌ سه‌ره‌تا سه‌رنج بده‌ین له‌ باره‌ی شرۆڤه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ تێڕوانینه‌كانی له‌سه‌ر كورد. ئۆجالان قوڵترین و بەرفراوانترین شرۆڤه‌ی له‌سه‌ر ئاكه‌په‌، تەنها له‌ ده‌قی دیداره‌كاندا نه‌كرد، بەڵکو له‌ به‌رگرینامه‌ و پارێزنامه‌كانیدا ئه‌نجامیدان. به‌ تیشك خستنه‌سه‌ر كاراكته‌ری سوننه‌ و توركایه‌تی سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كوردایه‌تی. "ئاكه‌په‌ تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه ‌-  ده‌وڵه‌تی ناسنامه‌ی تورك ده‌پارێزێت و به‌ كه‌ره‌سته‌ی ئایدۆلۆژیكی ئیسلامی سوننه‌ به‌هێزتری ده‌كات. ئه‌وانه‌ی له‌ كێشه‌ی ناسنامه‌دا ده‌ژین كوردن. به‌شێك له‌ سوپا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌، كه‌ كه‌ره‌سته‌كانی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی له‌ سه‌ركوت و له‌ناوبردنی ناسنامه‌ی كورددا رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ هه‌ژمۆنیكه‌دا رێككه‌وتووه‌".

ئۆجالان به‌ تایبه‌تی ده‌ستنیشانی ده‌كات، كه‌ هه‌وڵه‌كانی پاكتاوكردنی كورد له‌ لایه‌ن ئاكه‌په‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت: "بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كورد له‌ سه‌رده‌می ئه‌م هێزه‌ نوێیه‌ هه‌ژمونخوازه‌دا پاكتاو بكرێت رێبازی نوێی پیلانگێڕی تاقیكراونه‌ته‌وه‌ و دواتریش تاقیده‌كرێنه‌وه‌. تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌، یه‌كه‌م جار له‌ژێر ناوی حزبوڵای كورد (گه‌لی كورد پێی ده‌ڵێت حزبول به‌ كرێگیراو) له‌ ساڵانی ١٩٩٠دا ئه‌نجامدرا. وه‌ك دامه‌زرێنه‌ری ژیته‌م سه‌رهه‌نگ (عه‌قید) عارف دۆغان به‌ روونی باسی لێوه‌كردووه‌، حزبول به‌ كرێگیراو رێكخستنێكه،‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. هه‌مووان ده‌زانن كه‌ له‌ كوشتنی زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار مرۆڤ به‌ شێوه‌ی 'كوشتنی بكه‌ر نادیار' رۆڵی ئه‌و رێكخستنه‌ لەوەدا زۆر گرنگه‌.  دوای ئه‌و ئه‌زمونه‌ له‌گه‌ڵ ئاكه‌په‌ چووه‌ ناو قۆناغی دووه‌مه‌وه‌.

 ئاكه‌په‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی (ته‌ریقه‌ت- هێزه‌كانی راگر (هۆڵدینگ) به‌ تایبه‌تی كرێگرته‌ی (کۆنترای) سه‌وز، كه‌ به‌ فەتحوڵا گوله‌ن ده‌ناسرێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مریكا ئه‌وانی له‌ بریی كرێگرته‌ و كۆنترا ره‌شه‌ نه‌ژادپه‌ره‌سته‌كان داناوه‌)، له‌ كوردستان مۆدێلێكی پاكتاوكردنی دیاری و دروستکرد. كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و مۆدێله‌ ئیسلامی سوننه‌ی نه‌رمه‌. رێكخراوێكی بكوژ كه‌ ده‌یه‌وێت بیخاته‌ جێگه‌ی حزبول به‌ كرێگیراو، رێكخراوێكه‌، كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت پێی بڵێت حه‌ماسی كورد. پلانی نوێی پاكتاوكردن، شێوازی فاشیستی توركی سپی و ره‌شی پێشوو به‌ ته‌واوی دوورناخاته‌وه‌. به‌ قورسی ته‌واكه‌ریانه‌ و له‌و شوێنه‌ی ئه‌وان تێیدا بێكاریگه‌رن، سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه‌ و سه‌رڕاستكردنه‌وه‌یان بۆده‌كات. له‌و بوارانه‌دا، له‌ دژی 'تیرۆری پارتی و گروپ و كۆمه‌ڵه‌كان' بۆ پێنج شه‌ش به‌شی گرنگی، ئابوری، كولتوری - ده‌رونی، سه‌ربازی، سیاسی و دیپلۆماتیك دابه‌شده‌كات و به‌و جۆره‌ به‌ سیستماتیكیان ده‌كات.

 ئاكه‌په‌ له‌ رێگه‌ی لێكتێگه‌یشتنی دۆڵمه‌باخچه‌ی ٤ی نیسانی ٢٠٠٧، كه‌ له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی فه‌رمی فه‌رمانده‌كانی سوپادا واژۆی كرد (له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیر ئه‌ردۆغان و سه‌رۆك ئه‌ركانی ئه‌و كاته‌ی سوپا یاشار بویوكانیتدا ئه‌نجامدرا و بڕیاردرا كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ده‌مرن به‌ شاراوه‌یی بمێنێته‌وه‌) و له‌گه‌ڵ لێكتێگه‌یشتنی واشنتۆن، له‌ ٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٧دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بڕیاری له‌سه‌ردرا، هه‌وڵیدا به‌په‌له‌ و ده‌ستبه‌جێ بیكاته‌ كردار و هێشتاش هه‌وڵی بۆ ده‌دات. ئاكه‌په‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خزمه‌تی هه‌ژمۆنی ئه‌مریكا - به‌ریتانیا - ئیسرائیل بكات له‌ لایه‌ن ئه‌و سێ هێزه‌وه‌ دامه‌زراوه‌. له‌پای ئه‌و خزمه‌ته‌شیدا به‌ هه‌ژمۆنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت پشكی ئه‌و زیاد بكرێت. رێگه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ مه‌كینه‌ و په‌ستانی سوپای له‌سه‌ر سوك بكرێت، له‌ دژیان كوده‌تای نوێ ئه‌نجام نه‌درێت و له‌ كێكی داگیركاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شێكی بۆ جیا بكرێته‌وه‌".

ئۆجالان له‌ باره‌ی پرسی كورده‌وه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كات، كه‌ بنه‌مای رێككه‌وتنی ئاكه‌په‌ و خاوه‌نه‌كانی پێشووی ده‌سه‌ڵاتداری، پاكتاوی هه‌بوونی كوردان (راستی هه‌بوونناسی) و ئازادیانه‌ (وشیاری و رێكخراوبوونیان)ه‌.: "نه‌ده‌كرا به‌ شێوه‌یه‌كی تر ده‌سه‌ڵاتداری راده‌ستبكرێت. له‌ بنه‌مای رێككه‌وتنی ١٩٢٥ی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی زایۆنی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركدا، نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی كورد و پاكتاوكردنی هێزه‌ راپه‌ڕیو و سه‌رهه‌ڵدێره‌كان هه‌بوو. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ سه‌رده‌می ئاكه‌په‌دا نه‌ك هه‌ر قبوڵكرا، هه‌روه‌ها به‌ به‌ڵگاندنی ئیسلامی به‌هێزتر كرا و به‌رده‌وامبوو. به‌ كورتی، خاڵی هاوبه‌شی بنچینه‌یی هه‌ر سێ هه‌وڵه‌ نه‌ژادپه‌رستیه‌كان (نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركی زایۆنی، نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركی نه‌ژادپه‌ره‌ست و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورك - ئیسلامی) پاكتاوی كولتوری كوردانه‌. هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستییه‌كه‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانی دیكه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ك كوده‌تا ده‌كه‌ن و به‌ شێوه‌یه‌كی قورس له‌ دژی یه‌ك تێده‌كۆشن، به‌رامبه‌ر به‌ كورد هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌گرنه‌به‌ر. ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت 'یاسای برۆنز'ی رژێمی فاشیست، ئه‌مه‌یه‌".

به‌تێڕوانینی ئۆجالان، هه‌شت ساڵی سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتداری ئاكه‌په‌ زۆر هاوشێوه‌ی هه‌شت ساڵی سه‌ره‌تایی جه‌هه‌په‌یه‌ (١٩٢٣-١٩٣١). له‌ هه‌ردووكیشیاندا رژێمی تاك حزبی باڵاده‌سته‌.

ئایا پێشبینی ئاكه‌په‌ له‌سه‌ر سه‌رده‌می ئێستا و سیاسه‌ته‌كانی ماوه‌ی داهاتوو چییه‌؟ ده‌ڵێت، ئه‌وان كاره‌كانیان بۆ پاكتاوی كورد درێژه‌ پێده‌ده‌ن.

به‌گوێره‌ی ئۆجالان، حكومه‌تی ئاكه‌په‌ نه‌ك هه‌ر هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌گرێته‌ده‌ست، هه‌روه‌ها هه‌ژمۆنیكی ده‌كات. وه‌ك سه‌رده‌می دامه‌زراندنی كۆمار، له‌ كاتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شدا له‌ رێگه‌ی یه‌كده‌ستكردن و هه‌ژمۆنیككردنه‌وه‌ ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌كه‌ی بدات. له‌ قۆناغی دامه‌زراندندا هه‌روه‌ك چۆن هه‌وڵه‌كانی پاكتاوكردنی كورد رێگه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌ژمۆنی فاشیستی توركی سپی كرده‌وه‌، له‌ قۆناغی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فاشیزمیشدا به‌ هێرش بۆ سه‌ر ناسنامه‌ی ئازادیی كورد هه‌مان هه‌ژمۆن بونیات ده‌نرێته‌وه‌. پاكتاوی كورد خاڵی سه‌ره‌كییه‌، كه‌ كۆمار له‌ روناكبیری و جه‌وهه‌ری دیموكراتیبوون دوورده‌خاته‌وه‌. وه‌ك چۆن پاكتاوكردنی كورد هۆكاری بنچینه‌یی روودانی پێشهاته‌ نه‌رێنیه‌كانه‌ له‌ ناو كۆماردا، هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌ی پاكتاویش رێگه‌ بۆ ئه‌نجامێكی پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌. واته‌ به‌ر له‌ هه‌مووشتێك دیموكراتیكبوون، به‌ره‌وپێشچوونی كۆمار له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئه‌رێنی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئازادی كورده‌وه‌.

ئۆجالان دواجار له‌سه‌ر دۆخی ئێستا چه‌ند هۆشداری ده‌دات. له‌ كه‌سایه‌تی ئاكه‌په‌دا:

یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات، كه‌ ئاكه‌په‌ به‌ گوێره‌ی هاوكێشه‌كان له‌ ناو ده‌وڵه‌تدا مه‌یل و ئاراسته‌ی خۆی ده‌گۆڕێت و پێویسته‌ له‌ پرسی ئه‌رگه‌نه‌كۆندا وانه‌ی گرنگ ده‌ربهێنرێت.

دووه‌م: ئاكه‌په‌ له‌ ناوخۆ داوای ئاشتی و دیموكراسی ناكات. به‌ڵام به‌ به‌رهه‌ڵستكارییه‌كی به‌هێز ده‌توانرێت بۆ ئه‌وه‌ گوشاری بخرێته‌ سه‌ر. به‌تایبه‌تی پشتی خۆی به‌ ده‌نگی كورد به‌ستووه‌ و به‌ پێداگرییه‌وه‌ داواكارییه‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد هه‌ڵوێستێكی چاره‌سه‌ری دیموكراتیك و ئاشتییانه‌ی واتادار به‌دی نه‌كات، ئاكه‌په‌ش ده‌خاته‌ دۆخی ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌وه‌وه‌.

سێهه‌م: ئه‌گه‌ر مل نه‌دات به‌ چاره‌سه‌ریه‌كی دیموكراتیكی واتادار و ئاشتییه‌كی شكۆمه‌ندانه‌، هه‌رگیز له‌ رێگه‌ی شه‌ڕی كوده‌تاگه‌ر - پیلانگێڕانه‌ ناتوانێت ده‌ربچێت. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستا ده‌یبینین ده‌ریده‌خات، كه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ی هه‌ڵیبژاردووه‌ رێگه‌ی كوده‌تا و پیلانگێڕییه‌.

ژ. ت/ هـ . ب