ئەمڕۆ چوارشەممە سۆری جەژنی دێرینی ئێزدییەکانە

ئه‌مڕۆ، جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سۆر و سەری ساڵی ئیزیدیەکانە، کە ڕیشەیەکی دێرین و هەزاران ساڵەی لە نێو کورد و هەرێمی نێو ڕوباران هەیە. ئێزییدکان جەزنەکەبە ڕۆژی ئافراندنی گه‌ردوونی دەزانن و لایان پیرۆزە و بەو بۆنەوە جەژن و شادی دەگێڕن و لالش بە سەردەکەنەوە.

 

"ڕۆژێک بەر لە جەژنە سەردانی پەرستگاکان بەتایبەتی لالش پیرۆز و نورانی دەکرێت"

ئەمڕۆ چوارشەممە سۆری جەژنی دێرین و کەوناری ئێزدییەکانی کوردستان و جیهانە و بەو بۆنەوە لە کوردستان و وڵاتانی جیهان، کە ئێزیدیەکانی لێیان دەژین جەژن و شادی بەرپا دەکرێت و کوڕ و کاڵ و کچ و زارۆ و هەموان خۆیانی بۆ ئامادە و تەیار دەکەن و بە پۆشاکی نوێ و جوان خۆیان دەڕازێنەوە. ئێزیدکان ڕۆژێک بەر لە جەژن، واتە لە ڕۆژی سێ شەممەدا، سەردانی پەرستگاکان بەتایبەتی لالش پیرۆز و نورانی دەکەن و تا ڕۆژی چوارشەمە تێیاندا دەمێنەوە. لە لاش و پەرستگاکاندا، سەردانکەرانی ئێزیدی ئاگر دەکەنەوە و خۆراکی جۆراوجۆر و تایبەت بە بەجەژنە کە دروست دەکەن، لەوانەش هێلکە بە چەندین جۆری جیاواز ڕەنگ دەکەن و گوڵاڵە سورە لێ دەکەنەوە و دەیکەن بە دەرگای ماڵەکانیانەوە.
ئێزیدیەکان، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی چوارشەممەی ناوەڕاستی مانگی چواردا بەبۆنەی ئافڕاندی جیهان لە لایەن یەزادنەوە جەژناسا ڕۆژەکە پیرۆز دەکەن و دەینەکە شادی و ئاهەنگێڕان و جەژنەکەشیان بەچوارشمەما سۆر بەناو دەکەن. ئەم جەژنە لە ئێزیدی و کورد و سۆمەریەوە گوزراوەتەوە بۆ گەلانی سامی وەک ئاسوری و ئەکەدی و پاشتر بۆ  نێو سەرجەم  پەیڕەوانی ئاینی کرستیانی.


"چوارشمە سۆری پێشینەیەکی هەزاران ساڵەی هەیە"

ئەم نەریت و جەژنەی ئێزیدیەکان، پێشینەیەکی هەزاران ساڵەی هەیە و لە وڵاتی کوردان و هەرێمینێوان ڕوباران واتە میسۆپۆتامیا بەرێوەچووە. لەو بارەوە مێژوونوسان و دێرینەناسان لە پەرتوک و لێکۆڵینەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە لەسەردەمی سۆمەریەکاندا، جەژنەکە بۆ خودای ئینانای مێینە بەرێوەچووە و ئەکەدی و ئاسوری و بابلیەکانیش لە سۆمەریەکانەوە جەژنەکەیان وەریان گرتووە و ناوی ئینانای خودای میینەیان گۆڕیوە بۆ عەشتار و هەموو تایبەت مەندیەکانیشی بۆ ئەو خودا نوێیە گواستووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە دێرینەکان، ئینانا یان عیشتار لە هێلکەیەکی گەورەدا لە ئاسمانەوە کەوتۆتە ناو ئاوی ڕووباری فوراتەوە و دوایی لەوێوە ئەو خودا مێینە هاتۆتە دەرێ و بووەتە هۆکاری پیت و بەرەکەت و زیندووبونەوە و ژیانەوە و بەهار.

"لە هەرێمی نێو ڕوباران یان میسۆپۆتامیا سەرەتای مانگی چوار سەری ساڵ بووە"

لە هەرێمی پان و بەرینی نێو ڕوباران کە بە مێسۆپۆتامیاش ناوبانگی دەرکردوە، سەرەتای مانگی چوار سەری ساڵ بووە. باوەڕیش وابووە کە خوداوەند عیشتار لەو مانگەدا زیندوو دەبێتەوە و لە دوای شەش مانگ لە پاییزدا دەمرێت و پرسەی مردنی بۆ گێڕدڕاوە. هەروەها بۆ زیندووبوونەوەی خوداکانی عیشتار و تەموز و هاوسەرگیریان پێکەوە، ئاهەنگ و شایی بەڕێوەچووە و باوەڕ وابووە کە عیشتار لە سەرەتای بەهاردا زیندووبووەتەوە. ئێزیدیەکان بەگوێرەی ڕۆژمێری کۆنی خۆیان لەو باوەڕە دان کە گەردوون و ژیان، لە یەکەمین چوار شەممەی سوری مانگی نیسان ئافڕێنراوە و گەردون و ژیان و مڕۆڤ ئاوێتەی یەکدی کراون.

"هێلکە ڕەنگکردن سیمبوڵی زینندووبوونەوەیە و چووەتە نێو کرستیانەکانیشەوە"

هەرچی سەبارەت بە ڕێوڕوسمی هێلکە ڕەنگکردنیش هەیە، لەلای باوەڕدارانی نێو ڕوباران و ئیزدیش وەک سیمبوڵێکی زینندووبوونەوە و پیت و بەرەکەت بینراوە و بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی مێسۆپۆتامیا و جەژنی چوار شەممە سۆری ئیزدیش بووە. هەر لە بەر ئەوەش بووە کە لە مانگی چواردا ئاهەنگی سەری ساڵ گێردراوە و گەورەترین ڕێوڕەسم و چالاکی هەمەجۆر لەو مانگەدا بەڕێوە چووە. ئەم ڕێوڕەسمە لە میسۆپۆتامیا و ئیزدیەکانەوە بۆ نێو ئاینی کریستیانی گوازراوەتەوە، هەڵبەتە دوای ئەوەی کە بووە بە ئاینی ڕەسمی ئیمراتۆریەتی ڕۆم. رۆمەکان ناوی "عیشتار" یان وەک خۆی وەرگرتوە و وەک "ئیستەر" گۆیان کردوە. دەستپێکیش لە ژێر کاری گەری باوەڕەکانی میسۆپۆتامیا، سەرەتای بەهار و نزیک نەورۆز کرا بە ڕۆژی زیندووبوونەوەی عیسا مەسیح. ئەمەو کریستیانەکانیش بەهەمان شێوەی ئێزیدیەکان مەراسیمی هێڵکە ڕەنگکردن بەرێوە دەبەن. هەروەها لە جەژنی هەستانەوەی یان زیندووبونەوەێ مەسیح هێلکە ڕەنگ دەکەن و شەوی پێش ئەوەش مۆم و ئاگر و  مەشغەڵ بەدەست بە کوچە و کۆڵانەکان و کلێساکاندا بە ئومێدی بینینی عیسا و یاوەرانی دەسوڕێنەوە. هەڵبەتە لە نێو کوردانی موسڵمانبووشدا، هێلە ڕەنگکردن لە چەند بۆنەیەکدا هەرماوە لە وانە، لە کاتی مەراسیمی خەتەنەدا کە بەختەنە سوران بەناوبانگە.

"مانگی چواری هەموو ساڵێک بە بوکی ساڵە و نابێت تێیدا هاوسەرگیری بکرێت"

ئێزدیەکان مانگی چواری هەموو ساڵێک بە بوکی ساڵ دادەنێن، بۆیەنابێت بەهیچ شێوەیەک لەو مانگەدا پرۆسەی هاوسەرگیری بەڕێوە بچێت و بە گوناهێکی گەورە دێتە ئەژمار. هەروەها نابێت جووت بکرێت و زەوی بکێڵرێت و لە ڕووی ئایینیەوە قەدەغەیە. بەڵام لەو مانگەدا جلی نوێ دەپۆشرێن و هەمووان خۆیان پاک دەکەنەوە و قوربانی دەکەن. هەر لەو مانگەدا ئێزدیەکان هەتاوەکو چوارشەممە سوری (١٩ ی مانگ)، سەفەری ماست دەکەن. هەر ڕۆژێک خەڵکی گوندێک بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە خۆیان دەگۆڕن و ماست لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ لالش ولەوێ بە نانەوە دەیخۆن. ئەوەشی کە لێیان ئەمێنێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی بەجێدەهێڵن کە هاتوون بۆ سەردانی لالی پیرۆز و نورانی. جگە لەوانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاهەنگێڕانی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و گرنگترینیان لە چوارشەممە سوریدا ئەنجام دەدرێن. بەگشتی چوارشمە سۆری و ڕۆژانی پێش و پاشی وێرای پەرستش و پاڕانەوە و نزایی ئایینی، دەبنە بۆنەیەک بۆ دەربڕینی شادی و شایی و ئاهەنگێران و دور کەوتنەوە لە غەم و ناخۆشی.

"وێڕای فەرمانەکان هەزاران ساڵە جەژنەکە پارێزراوە"

سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی و سەرزەوی ئێزیدخان ڕووبەڕووی دەیان جار قڕکردن و فەرمان بووەتەوە و ئاستەنگی و بۆختانی زۆریان بۆ دروست کراوە، بەڵام ئێزیدیەکان بەتاسەوە جەژەنەکەیان پیرۆز دەکەن و ئەو نەریتە دێرینە هەزاران ساڵانەی لەو جەژنەدا بەڕێوە دەچن پاراستوونیان و بە بەردەوامی پێدانیشیان جەژنەکە زیندووانە ڕادەگرن و دەیگەێنە نەوەکانی ئایندە، تا ئەوانیش وەک باوانیان بیگوازنەوە و بۆ نەوەی دوای خۆیان و بەو شێوەیە بۆ ئەبەد بەردەوامی هەبێ.

سەرچاوەکان:
ویکیپیدیا
مێژوونوس سۆران حەمە ڕەش
ناوەندی چاندی ئیزیدیخان لە شەنگال
ناوەندی چاندی سەر بە پادێ


هـ.هـ