عەلی فەتلاوی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند، “لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا هاوپەیمانێتییەكی سیاسیی نوێ بەناونیشانی ” ئیدارەی دەوڵەت” ڕادەگەیەنرێت، كە لە هێزی گەورە پێكدێت و بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوپەیمانییەكە بریتی دەبێت لە پەدەكە، یەنەكە، هاوپەیمانی سەروەری، چوارچێوەی هەماهەنگیی و بزووتنەوەی بابیلوون پەرلەمانتارە سەربەخۆكان.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هاوپەیمانێتییەكە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بەفەرمیی ڕادەگەیەندرێت، دەشڵێت:”ئەمە هاتنە لای یەکی هێزە گەورەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق”.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا ڕەوتی حیكمە دەستپێشخەرییەکی بەناوی “لاپەڕەی نیشتمانیی” خستەبەردەست لایەنە سیاسییەکان بۆ لێكتێگەشتن لەسەر پێکهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.
كازم حەیدەر، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا پێشتر ڕایگەیاندبوو، “خواستێكی زۆر هەیە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بەرەو پێكهێنانی حكومەت بڕۆن”.
ئەمە لەكاتێكدایە هەردوو لایەنی هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان و پارتی دیموكراتی كوردستان، کە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر بوون بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەبێ سەدر بەشدارییان لەم هاوپەیمانێتییە نوێیەدا کردووە.
ف.ق