عێراق داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل وەربگرنەوە
بەرپرسانی عێراق لە زاری ئەحمە سەحاف داوا لە ووڵاتانی جیهان دەکەن هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.
بەرپرسانی عێراق لە زاری ئەحمە سەحاف داوا لە ووڵاتانی جیهان دەکەن هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.
رۆژی دووشەممە، ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە بەغدا کۆنفڕانسێکی تایبەت بە دۆخی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو و بەرپرسانی عێراقی و جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و نوێنەرانی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری بەشێک لە باڵیۆزخانەی وڵاتان لە عێراق بەشداربوون.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی حکومەتی عێراقی ڕاگەیاند لە کۆنفڕانسەکە و ووتی: "کۆتاییهێنان بە پرسی کەمپی هۆل بووەتە بەرژەوەندییەکی باڵا بۆ عێراق".
هەروەها ئەحمەد سەحاف داوایەکی ئاڕاستەی ووڵاتانی جیهان کرد کە: "هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی بەزووترین کات کەمپەکە دابخرێت."
لە کۆنفڕانسەکەدا، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی رابردوودا، عێراق ١٣٩٦ خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە کە پێکهاتبوون لە ٥ هەزار و ٥٦٩ هاووڵاتی عێراقی، بەڵام تائیستا زیاتر لە ٢٥ هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپەکەدا ماون کە بەشی زۆریان ژن و منداڵن".
لە کۆنفڕانسەکەدا، جەخت لە باشترکردنی رەوشی کەمپی هۆل کرایەوە، ئامادەبووانی کۆنفڕانسەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی نەوەی داهاتوو لە کەمپی هۆل تێکەڵی ئایدۆلۆژیای داعش بن.
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا کەمپی هۆل زیاتر لە ٥١ هەزار کەسی تێدایە، کە هاووڵاتیی ٥٧ ووڵاتن و بەشێکی زۆریان پێکهاتوون لە ژن و منداڵ، لە لەو ژمارەیە عێراقییەکان زۆرینەی کەمامپەکە پێکدەهێنن بە رێژەی ٢٥ هەزار عێراقی، پاشان ١٩هەزاریان سورین و ١٢ هەزاریش خەڵکی وڵاتانی دیکەن کە سەر بە ٦٠ نەتەوەی جیاوازن.
هـ . ب