سوودانی: هەموو دەستدرێژییەكی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق ڕەتدەكەینەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ھەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر خاكەکەی ڕەتدەکاتەوە، چ لەلایەن ئێران یان توركیاوە بکرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، ڕایگەیاند، "عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەری بیانی نییە، چ هێزی ئەمریكی بێت یان ھێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستێكی بەرزدان.

سودانى لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی جەختیکردووەتەوە، ھەموو جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر سنووری عێراق ڕەتدەكەینەوە، چ لەلایەن توركیا یان ئێرانەوە بێت، وتیشی: ئێمە پابەندین بەوەی ڕێگە نەدەین هیچ گروپێكی چەكداری لە خاكی عێراقەوە هێرش بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها لە پێناو چارەسەر كردنی كێشەكان، كار لەسەر پێكهێنانی لیژنەی ئەمنیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەكەین.

سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا لەگەڵ توركیا لە گفتوگۆدان، دووپاتیشیکردووەتەوە، "هەر هێرشێك بۆ سەر هەر دامەزراوەیەکی ئەمنی ڕەتدەكەنەوە، لە كاتی بوونی هەر تێبینییەك پێویستە لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە کفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و چارەسەر بكرێت.

وتیشی: ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانمان خاوەن بڕیاری خۆمانین، ملكەچی خواستی وڵاتانی دیکە نابین، سازش لەسەر سەروەری خاکی عێراق ناكەین.

ژ.ن