توركیا هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری پەیوەندییەكانی لەگەڵ داعش دەدات

ڕائد ئەحمەد ئۆزكان سەرۆكی ناوەندی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی توركیا وتی، وڵاتەكەی چەند كۆگایەكی چەك ‌و تەقەمەنیی تەقاندونەتەوە، بۆ ئەوەی بەڵگەكانی پەیوەندیی بە چەتەکانی داعشەوە، بسڕێتەوە.

لە دوای سەرهەڵدانی چەتەکانی داعش ‌و بەتایبەت لەدوای ئەوەی ناوچەیەكی فراوانیان لە سوریا ‌و عێراق داگیر كرد، بەردەوام چەندین وڵات ‌و چاودێر ‌و ناوەندی لێكۆڵینەوە، حكومەتی ئەنقەرە تۆمەتبار دەكەن بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ داعش ‌و پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی ‌و لۆجستی بۆی.

سکای نیوزی بەریتانی لە زاری ڕائد ئەحمەد ئۆزكان سەرۆكی ناوەندی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی توركیاوە، بڵاویان كردوەتەوە، كە ئۆزكان بە دادگای وڵاتەكەی ڕاگەیاندوە، ئەو تەقینەوانەی لە چەند كۆگایەكی چەك ‌و تەقەمەنیی ڕوویاندا، ڕووداوێكی ئاسایی نەبوون، بەڵكو بە بەرنامە ئەنجام دراون بۆ شاردنەوەی پرسی چەكە دیارنەماوەكانی وڵاتەكەی كە بە وتەی ئەو “دراون بە داعش”.

بە وتەی ئۆزكان، لەو تەقینەوانەدا هەموو ئەو تۆمارانە سووتاون كە بەڵگەی بوونی پەیوەندیی نێوان حكومەت ‌و داعش بوون.

ئۆزكان، تەقینەوەكانی ١٣ی ١١ی ٢٠١٩ لە پارێزگای ئورفەی باکوری کوردستان کە سنووریی لەگەڵ سوریادایە و بوە هۆی برینداربوونی  ١٦ سەرباز ‌و تەقینەوەی ١٢ی ٩ی ٢٠١٩ ی دوورگەی قوبرسی، وەك بەڵگە بۆ وتەكانی هێناوەتەوە.

ف.ق