وتاربێژێك دەیەوێت رێ لە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ ستادیۆمەكان بگرێت

سەركۆتكردنی ئەو ژنانەی دەیانەوێت یاری تۆپی پێ"تۆپێن" تیمەكانی ئێران و لۆبنان لەشاری مەشهەدی ئێران تەماشا بكەن بەردەوامە.

سەركۆتكردنی ئەو ژنانەی دەیانەوێت یاری تۆپی پێ"تۆپێن" تیمەكانی ئێران و لۆبنان لەشاری مەشهەدی ئێران تەماشا بكەن  بەدەوامە و ئەم هەڵوێستەش نیشاندەدات كە دژایەتی ژنان بەشێكی جۆدانەكراوەیە لەرژێمی دەسەڵاتدار لەئێراندا و لەم رووەوە هیچ جیاوازیەك لەنێوان تاڵەبان و داعش و رژێمی ئیسلامی ئێراندا نابینی.

چل ساڵە رێگرتن لەچوونە ژوورەوەی ژنان بۆ ناو ستادیۆمەكان، نەبووە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەناو تەماشاوانانی پیاو لەكەلتوری ئێراندا ئامادەبوونیان لەشوێنە گشتیەكاندا فێرببن. لەستادیۆمەكاندا وەكو هەمیشە بینەری پێكدادانی فیزیكی و دۆژوێندا و قسەی نەشیاو بەیەكترن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە كە سزای ژنان بەتاوانی هەڵسەوكەوتە نابەجێیەكانی پیاوان دەدرێت.

كۆمەڵەی تۆپی پێ ئێران بۆ هەڵەخەتاندنی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی تۆپی پێ لەمانگەكانی رابردوودا رێگەی بەژمارەیەك لەژناندا كە بەشێوەی تاقیكردنەوەی بچنە ستادیۆمی ئازادی لەتاران. فیفا رایگەیاندبوو كە ئەگەر ئێران رێگە بەچوونە ژورەوەی ژنان بۆ ستادیۆمەكان بەفەرمی نەدا، ئەوا رەنگە رووبەرووی سنورداركردن لەوەرزشەكان ببێتەوە. سەركۆتكردن و توندوتیژی لەبەرامبەر بەژنان كە دەیانەوێت تەماشای یاری تۆپی پێ تیمەكانی ئێران و لۆبنان لەستادیۆمی مەشهەددا بكەن، نیشانیدا كە یاساكانی دژە ژن وەكو خۆی ماونەتەوە و هیچ لەو یاسایانەی دژە ژن گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە.

بەرپرسانی ئێرانی دەیانەوێت رێگەیەك بۆ چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ ستادیۆمەكان بدۆزنەوە.

محەمەد مەهدی حسینی هەمەدانی، وتاربێژ و پێش نوێژی كەرەج رۆژی پێنج شەممە لەچوارچێوەی دانیشتنێكیدا كە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆماریش تێدا ئامادە بووە رایگەیاندووە؛ بارۆدۆخی شوێنە گەشت و گۆزاریەكانی وڵات بۆ كوڕانی گەنج شوێنێكی شیاو نین، ئێدی ئەو شوێنانە چۆن بۆ كچان و نامۆسی كۆمەڵگە شیاو دەبن.

لەكاتێكدا ئەو وتاربێژ و پێش نوێژەی كەرەج شۆناسی ژنان بەفەرمی ناناسێت و ئەوان تەنیا وەكو نامۆسی كۆمەڵگە پێناسە دەكات. باسی لەوە نەكردووە كە ئاخۆ كاتێك ژمارەیەك لەپیاوانی بەناو تەماشاوان بەقسەی نەشیاو و هەڵسوكەوتی نابەجێ شوێنە وەرزشیەكان و ستادیۆمەكان خراپ دەكەن، بۆچی  دەبێت ژنان ببنە قۆربانی ئەو هەڵسوكەوتەی ئەوان؟

ف.ق