وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق: رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە نەوت بەقاچاخ دەبەن

وته‌بێژی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: حكومه‌ت به‌پێی یاسا و له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ به‌گژ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌چێته‌وه،‌ كه‌ یاری به‌ سامانی گه‌لی عێراق ده‌كه‌ن و نەوت بە قاچاخ دەبەن.

باسم عەوادی، وته‌بێژی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق،‌ لە به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوە، "دوای جه‌ختكردنه‌وه‌ و به‌دواداچونی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ تاوانی به‌قاچاخ بردنی نه‌وته‌وه‌و هه‌یه‌، له‌ مانگه‌كانی رابردوودا، توانراوه‌ گه‌وره‌ترین تۆڕی قاچاخ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه ‌و ده‌یان قاچاخچیش ده‌ستگیر بكرێن".

عه‌وادی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا به‌ناوی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ستاشی رۆڵی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوەری و دادگا تایبه‌ته‌كانی كردووه،‌ كه‌ سزای توندیان بەسەر ئەو قاچاخچیانەدا سەپاندووە‌، هەروەها ستایشی رۆڵی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی كردووه‌، كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ ئاشكراكردنی ئه‌و دۆسیانه‌دا، كه‌ تایبه‌تن‌ به‌ ئابووری نیشتمانی هه‌یه‌.

وته‌بێژی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "حكومه‌ت به‌گژ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ده‌چێته‌وه‌ كه‌ یاری به‌ سامانی گه‌لی عێراق ده‌كه‌ن، قاچاخچی بن یان ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ست بۆ سامانی گشتی ده‌به‌ن، به‌ پێی یاسا و دادگا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و حكومه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر دانانی سنوورێكی یه‌كجاری بۆ ئه‌و دۆسیه‌ گه‌نده‌ڵیانە‌ی كه‌ ساڵانێكه‌ پشتگوێ خراون‌".

ژ.ن