وەحیدەدین محێدین عەبدوڵا شارەزای یاسایی و ئەندامی نووسینگەی یەکێتی سەندیگاکانی کرێکاران لە کەرکوک بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە سەبارەت بەدۆخی کرێکارانی عیراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و باسی چەند پرسێکی وەکو کێشەکانی کرێکار لە عێراق، ئاستەنگییەکانی بەردەم سەندیگاکان لە داکۆکی کردن لە مافی چینی کڕێکار،و هەروەها باسی ڕێگاچارە بۆ نەهێشتنی بێ کاری بەتایبەتی لەناو گەنجان و چەند پرسێکی دیکە کرد
https://1649452211.rsc.cdn77.org/2023/05/2023-05-05-kerkuk-karkeren-iraqi-hin-ji-mafen-xwe-beparin_1.mp4.
چینی کرێکار گەورەترین گورزیان بەرکەوت
وەحیدەدین محێدین ئەندامی نووسینگەی یەکێتی سەندیگاکانی کرێکاران، بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە سەبارەت بە دۆخی کرێکارانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و ووتی: "رۆژی جیهانی کرێکاران لە تەواوی کڕێکارانی جیهان پیرۆز دەکەم، ئێمە وەکو سەندیگاکان بەردەوام هەوڵدەدەین کە ژیانێکی بەڕوومەت و ئازاد بۆ کرێکاران دابین بکەین چونکە چینی کرێکارا بنیادنەری کۆمەلگا و نشتیمانن، ئێمەی سەندیگا ڕووبەڕووی قورسترین ئاڵنگاری بووینەوە لەسەردەمی پەتای کۆڕۆنادا کە کەرتی تایبەت و چینی کرێکاران گەورەترین گورزیان بەرکەوت لەلایەنی ئابوری و دابینکردنی بژێوی ژیانیان".
داواکارین حکومەت ڕێگری لە هاتنی بەرهەمی دەرەکی بکات
وەحیدەدەین محێدین، سەبارەت بە دۆخی کەرتی تایبەت لە عێراق ڕایگەیاند: "هیوادارین دەوڵەت پاڵپشتی کەرتی تایبەت بکات بە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان بەتایبەتی لە چالاککردنی بەرهەمهێنان و کردنەوەی کارەگەکان، وە داواکارین لە حکومەت کە ڕێگربێت لە هاتنی ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوەی عێراق دێنە ناوخۆی عێراق لەکاتێکدا کە عێراق خۆی بەرهەمی دەهێنێت تا کارگەکانی ناوخۆی عێراق بوژانەوە بەخۆیانەوە ببینن، هەروەها داواکارین پێداویستی سەرەکی وەکو سووتەمەنی و وزە بۆ کارگەکان دابینکردێت بەنرخێکی پاڵپشتیکراوی لەلایەن حکومەتەوە لەپێناو هاندانی کارەگەکانی کەرتی تایبەت".
کڕێکاران ناهۆشیارن لە مافەکانیان
سەبارەت شارەزایی کرێکاران لە مافە یاساییەکانیان لە یاسایی عێراقدا، ئەو ئەندامەی یەکێتی سەندیگاکانی کرێکاران ئاشکرای کرد: " ئێمەی سەندیگاکان کارمان هاوکاری کردنی کرێکارە، بەڵام تا ئیستا ئێمەی سەندیگاکان لە عێراق کێشەی ناهۆشیاری کرێکارانمان هەیە لە مافەکانیان، زۆرجار کە سەردانی کرێکاران دەکەین باسی مافەکانیان دەکەین هیچ زانیارییەکیان نیە کە حکومەت بیمەی بۆیان داناوە و دەتوانن خانەنشین بن لەکاتێکدا لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە بیمەی کرێکاری هەیە بەڵام تائیستا کرێکاران بێ ئاگان لە مافەکانیان".
ئەم دۆخە بۆ حکومەت و دەوڵەت کارەساتە
هەر لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو ڕاشیگەیاند: "بەداخەوە گەنجانی عێراق هیچ رۆشنبیرییەکیان نیە بەتایبەتی دوای ساڵانی ٢٠٠٣یەوە، لە ئیستادا ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆکانمان هەیە و هەموویان بەدوای دامەزراندنی حکومی دەگەڕێن ئەمەش کارەساتە، چونکە حکومەت ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرە لە فەرمانبەران لە خۆی بگرێت، بۆیە لەسەر حکومەت ئەرکە کە ئەڵتەرناتیف بدۆزێتەوە کە ئەویش چالاکردنی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بوژاندنەوەی کەرتە تایبەتەکانی دیکەیە".
زۆرجار ژنانی کرێکار تووشی ئەم حاڵەتانە دەبنەوە
لە کۆتایدا سەبارەت بەو ئاستەنگیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وەکو سەندیگاکان، وەحیدەدین محێدین عەبدوڵا ئەندامی نووسینگەی یەکێتی سەندیگاکانی کرێکاران، ڕایگەیاند: "یەکێک لەو ئاستەنگیانەی کە ئێمە وەکو سەندیگاکان تووشی دەبین ترسی کرێکارە لە خاوەن کار کە وادەکات نەتوانێت داوای مافی خۆی بکات لە دادگای کار، زۆرجار خاوەن کارەکان کە ببینن کرێکارێک هەوڵی بەئەندام بوونی سەندیگا دەکات ئەوە خاوەن کار دەری دەکات لە کارەکەی، زۆرجار ژنانی کرێکار تووشی ئەم حاڵەتانە دەبنەوە کە کاتێکی زۆر کار دەکەن و بەبێ ناوبەر وە کرێیەکی کەم وەردەگرن و فشاریان لەسەرە لە کارەکانیان بەڵام ناتوانن پەیوەندی بە سەندیگاکانەوە بکەن چەنکە خاوەن کار دەریان ئەکات، بۆیە داواکارین کە دەوڵەت زیاتر پاڵپشتی سەندیگاکان بکات تا بتوانین هاوکاری کرێکاران بین و ڕێگە نەدەین مافەکانیان زەوت بکرێت".
هـ .ب