هێرشە ئاسمانیەکەی دوێنێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کە دوو فەرماندەی باڵای سوپای عێراق تێیدا گیانیان لەدەستدا، کاردانەوە و ناڕەزایەتیەکی توندی لێکەوتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فاتیح یلدزی باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و داواکاریەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی حکومەتی ئەنقەرە کرد.
بە پێی لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو داواکاریەدا داوا لە دەوڵەتی تورک کراوە کە لە بارەی هێرشەکەی دوێنێوە لێدوانێکی روون و ئاشکرا بڵاو بکاتەوە و لە بارەی ئەو کەسانەی بەرپرسن لەو هێرشەدا، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بکات. جەختیش کراوەتەوە کە بە زووترین کات هێرشەکانی لەسەر خاکی عێراق بوەستێنێت و هێزەکانیشی لە سەرتاسەری خاکی عێراق بکشێنێتەوە و ئەرکی پاراستنی سنووری هەر دووڵاتیش رادەستی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بکرێت.
لەو داواکاریەدا حکومەتی عێراق هاوکات رایگەیاندووە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری پاراستنی تورکیا، هاوکات سەردانی هەموو بەرپرسانی تورکیای بۆ عێراق هەڵوەشاندووەتەوە.
ز.ش