هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی عێڕاق لە دژی تورکیا فراوان دەبێت

لە دوای دەستدرێژیەی تورکیا بۆ سەر ناوچەی برادۆست کە لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری پلەداری عێڕاق گیانیان لەدەستدا، زۆربەی هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێڕاق داوای هەڵوێست دەکەن لە بەغدا.

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تا ئێستا چەندین جار سەروەری خاکی عێڕاقی بەزاندووە، ئەمەش وایکردووە نیگەرانی لایەنە سیاسیەکانی عێراقی لێبکەوێتەوە. لە ئەنجامدا و بۆ ماوەی دوو جار لە بەغداد حکومەتی عێڕاق بەیاننامەی ناڕەزایەتیان پێشکەشی نێردراوی تورکیا کردووە.

لە ئێستادا و لە دوای بە ئامانج گرتنی دوو ئەفسەری پلەداری عێراق کە دوێنێ لە ناوچەی برادۆست کرانە ئامانج، زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق هاتنە دەنگ.

هەر زوو وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێڕاق ئەو هیرشەی بە توندی شەرمەزار کرد و ئەو دەستدرێژیانەی بە شکاندنی شکۆی عێڕاق بەناو کرد.

جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێڕاق حەسەن ئەلکەعبی ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی کرد کە دەستێوەردان بکات و سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت.

هەروەها کوتلە سیاسیەکانی عێڕاقیش بەهەمان شێوە ڕاگەیەندراوی ناڕازیبوونیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان کرد سنورێک بۆ تورکیا دابنرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر ئەلعەبادی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا باسیان لەوە کرد کە ئەمە جاری یەکەم نیە و پێشتر بۆ چەندین جار تورکیا سەروەری خاکی عێڕاقی بەزاندووە. هەروەها ئەوەشیان خستە ڕوو کە ئەمە مایەی قبوڵکردن نیە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکات.

هەروەها ڕەوتی حیکمەش بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ئەو پەلاماردانەی دەوڵەتی تورکیای ئیدانە کرد و داوایان له ‌حكومه‌تی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق. هەروەها حەکیم داواشی لە دەوڵەتی توركیا كرد، ڕێز له‌ بنه‌مای دراوسێیەتی باش و ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كانی ئاڵوگۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كان بگرێت.

پەرلەمانتاری کوتلەی سادقونی سەر بە کەتائیبی ئەهلی حەق ئەحمەد کەنانی داوایکرد، حکومەت بڕیارەکەی پەرلەمان لەسەر کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان جێبەجێ بکات.

کەتائیبی ئەهلی حەق بە هەمان شێوەی لایەنە سیاسیەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە هێزە سیاسیەکان کرد:" ناکۆکیەکانیان پشتگوێ بخەن و هەڵوێست لە دژی ئەو کارە دوژمنکاریانەی دەوڵەتی تورکیا وەربگرن".

ف.ق