"ئێمە بە رۆحی هەڤرین خەلەف خۆڕاگری دەکەین"

جیهان خدرۆ سەرۆکی دەستەی ژنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی کردەوە کە ئەگەر پێویست بکات هەمووان چەک هەڵدەگرن، بەڵام داگیرکاریی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەن و وتی:" ئێمە بە رۆحی هەڤرین خەلەف خۆڕاگری دەکەین."

جیهان خدرۆ سەرۆکی دەستەی ژنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک لە بارەی ئامانجە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانیەوە، بۆ ئاژانسی فورات نیوز قسەی کرد و باسی لە رۆڵی ژنان و خۆڕاگریی لە دژی داگیرکەرییەکان کرد.

خدرۆ باسی لە زیهنییەتی هاوبەشی نێوان دەوڵەتی تورک و داعش و گروپە چەتەییەکانی تر لە دژی ژنان، کردو رایگەیاند لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان، ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدان، شۆڕشێکی راستەقینەی ژنان دەستی پێ کردووە.

خدرۆ رایگەیاند ژنانی ناو شۆڕشی رۆژئاوا، لە یەک کاتدا شۆڕشێکیان لە ناو شۆڕشدا ئەنجامداوەو وتی:" لە تیۆری بەولاوە ئێمە بە شێوەیەکی پراکتیکی بەدوای ئازادیدا دەگەڕێین. لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سەربازیەوە خۆمان سەلماند. یەپەژە لە ئێستادا لە سەرتاسەری جیهان خۆی سەلماندووەو لە سەرتاسەری جیهان دەناسرێت و خاوەنداریەتی لێ دەکرێت. ئێمە دپرسین ئایا ئەمە لە خۆیەوە دروست بووە؟ ئایا رێکخستنی ژنان، سیستمی ژنان، پاراستنی ژنان، سیستمی هاوسەرۆکایەتی و بەشداریی چالاکانەی ژنان لە هەموو بوارێکدا لە رۆژئاوای کوردستان، لەخۆیەوە دروست بووە؟  بێگومان نەخێر لە ئەنجامی تێکۆشانێکی گەورەوە هاتووەتە ئاراوە. ئێمە  لە ناو شەڕ و هاڵومەرجێکی سەختدا دواڕۆژی خۆمان دەپارێزین."

"دەیانەوێت خاک و دواڕۆژمان لێبسەننەوە"

خدرۆ هەروها رایگەیاند دەوڵەتی تورک، درکی بەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک و سیستمی ئازادی پارێزیی ژنان چۆنە، بۆیە سەرەتا شەهبا، دواتر عەفرین و ئێستاش سەرێکانی و گرێ سپیی داگیر کرد و وتی:" ساڵی ٢٠١٦ کاتێک هێزە شۆڕشگێڕەکان ویستیان ناوچەی شەهبا لە دەستی داعش رزگار یکەن، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی لەهەمان کاتدا دەست پێکرد و دواجار شەهبای داگیر کرد. دواتریش ساڵی ٢٠١٧ عەفرینی داگیر کرد و لە ئەنجامدا بە سەدان هەزار هاوڵاتی بە ناچاری کۆچیان کرد. عەفرین و شەهبای کرد بە هێڵانەی جیهادییەکان و داعش. دیمۆگرافیی عەفرینی گۆڕی. لە شەهباو عەفرین لە هەموو روویەکەوە زوڵمی لە ژنان کرد. ئێستاش لە سەرێکانی و گرێ سپی دەیەوێت هەمان شت دووبارە بکاتەوە. دەیانەوێت خاک و دوارۆژی ژنان و گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایان لێبسەنێتەوە. دیمەنی چەتەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکمان بینی کە چۆن هەورین خەلەفیان شەهید کرد. ئەوەی ئەردۆغان و چەتەکانی بۆ ژنان بە رەوا دەیبینن، دواڕۆژێکی بەم شێوەیەیە."

"ئێمە بە رۆحی هەڤرین خەلەف خۆڕاگری دەکەین"

سەرۆکی دەستەی ژنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک باسی لە کەسایەتی شەهید هەڤرین خەلەف کرد و وتی: "من هەڤاڵ هەڤرینم دەناسی، بە ڕاستی سیاسەتمەدارێکی پێشەنگ بوو. ژیانی خۆی بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگا تەرخان کردبوو. لە ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیکدا بەیەکەوە بووین. هەروها بۆ کاری دیپلۆماتیک بە یەکەوە چووین بۆ دەرەوەی وڵات. کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگای وەکو کێشەکانی خۆی تەماشا دەکرد و هەوڵی دەدا چارەسەریان بکات. گەورەترین خەمیشی کێشەی نەبوونی ئازادی بوو.

سەرنجی زۆری لەسەر ژنانی عەرەب هەبوو. بەردەوام لەگەڵیاندا لە پەیوەندی دابوو، بەرێکخستنیان دەکرد و گوێی لە کێشەکانیان دەگرت و چارەسەریان دەکرد. هەمیشە جەختی دەکردەوە کە ژنانی عەرەب لە ژنانی کورد زیاتر دەچەوسێنرێنەوە. لە ئەنجامی ئەم خەباتانەیە کە ئێستا لە سەرێکانی و گرێ سپی و عین عیسا و تل تەمر ژنانی عەرەب لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدان. ئەمە هیوایەک دەبەخشێت. ژنانی کورد و عەرەب و سوریانی و ئەرمەنی لە دژی داگیرکەران لە خۆڕاگریدان. ئەگەر پێویست بکات هەموومان چەک هەڵدەگرین، بەڵام هیچ کات داگیرکەریی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین. ئێمە بە رۆحی هەڤرین خەلەف خۆڕاگری دەکەین."

"هەموومان بەیەکەوە سەردەکەوین"

لە کۆتایی قسەکانیدا خدرۆ پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی جیهان کرد و وتی:" فاشیزمی ئەردۆغان هەڕەشە لە گەلان و ژنانی جیهان دەکات. دەیەوێت هیواکانی ژنان لەناو بەرێت. ئەردۆغان گەورەترین پشتیوانی داعشە کە لە گرێ سپی و سەرێکانی جێگیری کردووە. ئەردۆغان دەیەوێت داعش لەو هەرێمە گەورە بکات و ژنانی جیهان مەحکومی دواڕۆژێکی خوێناوی و تاریک بکات. پێویستە ئێمە وەکو ژن، ئەم قۆناغە هەڵگەڕێنینەوە بۆ دەستکەوتی گەورە. ئێمە لەم چوارچێوەیەدا خەباتمان هەیە و بۆ سەرکەوتن خوێنی خۆمان دەڕژین و گیانمان بەخت دەکەین. پێویستە ئێمەی ژن، لە دژی فاشیزمی ئەردۆغان و ئاکەپە کە دوژمنی ژنانە بوەستینەوە و لە ٢٥ی تشرینی دووهەمدا گەورەترین چالاکی ئەنجام بدەین."

ز.ش