خەڵکی کۆبانێ پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدانی حەفتانین دەربڕی
هاوڵاتیانی کۆبانێ ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدانی حەفتانین لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی.
هاوڵاتیانی کۆبانێ ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدانی حەفتانین لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی.
ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ئازادیەوە دەستیپێکرد و بەرەوە گۆڕەپانی شەهید عەگیدەوە چوون. لەوێ ڕێپێوانەکە بۆ میتینگ گۆڕا و قسە لەسەر تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورککرا.
خۆپیشاندەران پانکارتی 'بژی بەرخۆدانی حەفتانین'، ' نا بۆ خیانەت و هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک' و 'بەرخۆدانی ژنان هەبوونی ئەردۆغانیان هەژاند' بەرزکردەوە.
'گەلی کورد بەهێز دەبێت'
لەسەر ناوی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئیسمەت شێخ حەسەن قسەی کرد و ڕایگەیاند، ڕۆژ بە ڕۆژ گەلی کورد بەهێز دەبێت، بۆیەش ئەردۆغان هێرش دەکات و وتی،"ئەردۆغان و حکومەتەکەی هەوڵ دەدەن کێشەکانی ناوخۆیی بیبەنە دەرەوە و بۆیەش هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و دەستوەردان لە هەرێمەکەدا دەکەن."
دواتر لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد مادلین ئارارات قسەی کرد و رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات گەلانی ناوچەکە لەناوببات و بە هێرشەکانی لە هەرێمەکە دەردەکەوێت کە دەیەوێت ناسنامەی گەلان بچەوسێنێتەوە.
ئارارت وتیشی،"گەل دەریخست کە دەتوانێت بەها مرۆڤایەتیەکان بپارێزێت و لەبەرانبەر چەکە قوڕسەکانی دەوڵەتی تورک بووەستێتەوە." ئارارات لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەوان تا سەرکەوتن لەسەر ڕێچکەی شەهیدان دەبن.
میتینگ بە دروشمی 'بژی بەرخۆدانی حەفتانین' کۆتایی هات.
ف.ق