دەستپێکردنی چالاکی دیداری گفتوگۆی ژنان "بێدەنگیتان دەمانکوژێت"

لەژێر دروشمی "بێدەنگیتان دەمانکوژێت"، لە شاری قامیشلۆ لەژێر چاودێری لێژنەی ژنان لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە کانتۆنی جزیرە دەستیپێکرد.

لە چوارچێوەی چالاکی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە دەکەوێتە ٢٥ی تشرینی دووەم، لێژنەی ژنان لە خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرە، دیدارێکی گفتوگۆی لە هۆلی زانا لە شاری قامیشلۆ لەژێر دروشمی "بێدەنگیتان دەمانکوژێت" دەستیپێکرد.

لە هۆڵی دیدارەکەدا وێنەی شەهید هەڤرین خەلەف هەڵواسرا کە لەسەردەستی چەتەکانی سوپای سوریای سەربە داگیرکەری تورک لە ١٣ی تشرینی یەکەم شەهید کرا، ئەوەش لە دەرەنجانی ئەو هێرشە دوژمنکارییە هات کە سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەیکاتە سەر خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. هەروەها وێنەی دایکە عەقیدەش هەڵواسرابوو کە لە دەرەنجامی بۆردومانی کاروانێکی خەڵکی سڤیل کە بەرەو شاری سەرێکانی بەڕێوەبوون و لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکەوە  لە ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم بۆردومان کران، شەهید بوو. هاوکات وێنەی ئەو کۆمەڵکوژیانەش هەڵواسرابوو کە سوپای داگیرکەری تورک لەدژی هاوڵاتیانی سڤیل ئەنجامی داوە.

لە دیدارەکەدا ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک بەشدار بوو، هاوکات ژمارەیەک یاساناس و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە کانتۆنی جزیرە بەشداریان کرد.

دیدارەکە بە وتەی ڕوکەن ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە دەستیپێکرد، ڕوکەن ئەحمەد سەرەتا بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سڵاوی نارد بۆ بەرخۆدانە قارەمانییەکانی شەڕڤانانی ژن لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک کە لە ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

روکەن ئەوەشی ڕوونکردەوە کە لە چەند سالی ڕابردوودا ژنان لە میانەی شۆرشی ڕۆژئاوادا توانیان پێشەنگ بن لە هەموو بوارەکاندا، وتیشی: "ئەمڕۆ هێزەکانی جیهان و بەتایبەتیش هێزی داگیرکەری تورک و چەتکانی پرۆژەکەی ئێمەیان کردوەتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی مەترسیان لە تەشەنەسەندنی ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ناوچەکانی دیکە، بەتایبەتیش تورکیا".

روکەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە داگیرکەری تورک لە ڕێگەی هێرشەکانییەوە بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵ دەدات ئیرادەی گەلی ناوچەکە و بەتایبەتیش ئیرادەی ژنانی ئازاد بشکێنێت، هەربۆیە شەهید هەڤرینیان کردە ئامانج و سوکایەتی بە جەستەی خەباتگێڕە ژنەکان دەکەن.

روکەن جەختی لەوەش کردەوە کە ژن هێزی بنەڕەتی دیموکراتیەتی کۆمەڵگەیە.

چالاکییەکانی دیدارەکە سێ تەوەر لەخۆ دەگرێتن ئەوانیش (تەوەری مرۆیی، تەوەری یاسایی، تەوەری سیاسی).

ف.ق