شه‌هیدی بێ گۆڕ؛ ڕێڤانا
ڕێڤانا، كچێكی كۆبانێ بوو كه چووه ڕیزی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه) و له به‌رخۆدانی كۆبانێدا به چالاكییه‌كه‌ی خۆی بووه یه‌كێك له سمبوله‌كانی به‌رخۆدانی كۆبانێ.
ڕێڤانا، كچێكی كۆبانێ بوو كه چووه ڕیزی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه) و له به‌رخۆدانی كۆبانێدا به چالاكییه‌كه‌ی خۆی بووه یه‌كێك له سمبوله‌كانی به‌رخۆدانی كۆبانێ.
دایك و باوكی شه‌هید ڕێڤانا، ئسلیم نه‌بۆ و نه‌عسان مه‌مۆ هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی و جه‌ژنه‌كان سه‌ردانی گۆڕستانی شه‌هیدان ده‌كه‌ن و به‌شداری له مه‌ڕاسیمه‌كان ده‌كه‌ن. نه‌عسان و ئسلیم له دووری ٤٥ كیلۆ مه‌تره‌وه ڕوو له گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌ن. به‌ڵام كاتێك مرۆڤ گوێ له چیرۆكه‌كانیان ده‌گرێت ئه‌و ٢ كه‌سه وه‌ك هه‌ر كه‌س نین.
ڕێڤانا كچێكی خه‌ڵكی كۆبانێ و شه‌ڕڤانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه) بوو، به‌ر له ٤ ساڵ له‌نێو چه‌ته‌كانی داعش له كۆبانێ چالاكییه‌كی فیدایی ئه‌نجام دا و شه‌هید بوو. له گۆڕستانی كۆبانێ شه‌هیدی بێ ناو و شه‌هیدی به ناو به‌ڵام بێ گۆڕیش هه‌ن. یه‌كێك له‌و شه‌هیده به ناو و بێ گۆڕانه‌ش ڕێڤانایه.
كۆتایی هه‌موو مانگێك خه‌ڵكی كۆبانێ مه‌ڕاسیمێكی داگیرساندنی مۆم بۆ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌و مانگه‌دا ژیانیان له‌ده‌ستداوه، ساز ده‌كه‌ن. باوك و دایكی شه‌هید ڕێڤانا-ش ئاماده ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت مۆمی سه‌ر هه‌موو گۆڕه‌كان خۆیان دایبگیرسێنن. دایكی ڕێڤانا به ڕۆحێكی خۆباوه‌ڕ و سه‌ربه‌رز به ئێمه‌ی گوت: «له گۆڕی هه‌ر شههیدێكدا پارچه‌یه‌كی كچه‌كه‌م ڕێڤانا ده‌بینم و هه‌ست ده‌كه‌م، بۆیه هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ٢ ڕۆژ دێمه گۆڕستان.»
به‌ر له ٤ ساڵ له ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، چه‌ته‌كانی داعش به پشتیوانی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌م شاره و به چه‌كی قورس زۆر كۆڵانی كۆبانێیان داگیر كرد. له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌یان كچ و كوڕی كورد به به‌رخۆدان و فیداكاری وه‌ستانه‌وه. زۆر كوڕ و كچ تازه چووبوونه نێو كۆبانێ و به هۆی تامه‌زرۆیی و دۆخی سه‌ختی شه‌ڕ به‌بێ ناوتۆماركردن ڕوویان له سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕ كردبوو و شه‌هید بوون. كاتێك سه‌ردانی گۆڕسانی شه‌هیدانی كۆبانێ ده‌كه‌ین، ده‌یان گۆڕ ده‌بینین كه له‌سه‌ریان نووسراوه «شه‌هیدی بێ ناو».
باوكی شه‌هید ڕێڤاڤا گوتی، «كاتێك دێمه ئێره ڕوو له شه‌هیدانی بێ ناو ده‌كه‌م، ڕاسته له‌سه‌ریان نووسراوه بێ ناو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی زۆرترین كاریگه‌رییان هه‌بووه و چه‌ته‌كانیان له‌م وه‌ڵاته ده‌ركردووه ئه‌وان بوون. ئه‌وان وه‌هایان كرد كه ئێمه ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م خاكه بژین، هه‌ر ناوێكی شكۆداریان لێ بنێین، هێشتا كه‌مه.»
له به‌رخۆدانی كۆبانێدا، هه‌زاران داستانی قاره‌مانه‌تی تۆمار كران. به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ئه‌و كاته، نه‌ده‌توانرا هه‌موو ئه‌و داستانانه به دۆكیۆمێنت بكرێن. ده‌توانین بڵێین ئه‌و قاره‌مانه‌تییه‌ی له كۆبانێ كرا و بینرا، نه‌مانبینیوه و نه‌مانبیستووه له هیچ ده‌ڤه‌رێكی دیكه‌ی جیهان كرابێت.
s.m