لە شاری کۆبانێ کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا

بە سەدان کەس لە شاری کۆبانێ رژانە نێو شەقام و لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد گرد بوونەوە و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شەرمەزار کرد.

بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکەی ٢٠ی ئەم مانگەی گوندی قرنفولی سەر بە گرێ سپیی سوپای دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە تییایدا ٢ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣ کەسیش بریندار بوون، هەروەها ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە سەدان هاوڵاتی شاری کۆبانێ لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد گردبوونەوەیەکیان ساز کرد.

خۆپیشاندەران وێنەی ئەو هاوڵاتییە سڤیلانەی کە بە دەستی سوپای تورک کوژراون و بریندار بوون، هەروەها پانکارتی 'دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەر چاوی جیهان بە چەکی کیمیایی دەکوژێت' و 'بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی تورکیا، هاوکارییان بۆ تورکیا پشتراست دەکاتەوە' بەرز کرانەوە.

فرات ئەنوەر مسلم هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی ناوچەکە وتەیەکی پێشکێش کرد و وتی، دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و دەوڵەتانی ئەورۆپا بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو تاوانانە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گەڵ ئەوەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەبینێت، بەڵام گرنگی پێ نادات.

خۆپیشاندانەکە بە دروشمی رەدکردنەوەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی شکۆی هاوڵاتیانی ناوچەکەو شەرڤانان لە دژی دەوڵەتی تورک، کۆتایی پێ هات.

ز.ش