لە عەفرین ٤٠٠ هەزار خوێندکار بێ بەش بوون لە پرۆسەی خوێندن

بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکەوە بۆ سەر عەفرین، ٣٠٠ خوێندنگا داخراون، بەوهۆیەشەوە ٤٠٠ هەزار خوێندکار لە ناتوانن بەردەوامیی بە خوێندن بدەن.

بەەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگای دیموکراتی کانتۆنی عەفرین، بڕیاری داوە کە خوێندنگاکان دابخات و وەزری دووەمی خوێندنی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ ڕاگرێت.

لەوبارەیەوە، ئەمیرا حەمۆ، مامۆستا، بۆ ئاژانسی هاوارنیوز قسەیکردووە و وتوویەتی، کە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکەوە بۆ سەر عەفرین، بۆ پاراستنی سەلامەتی خوێندکاران، بڕیارماندا کە کردنەوەی خوێندگاکان دوابخەین.

خوێندکارە عەرەبەکانی عەفرین، دەڵێن:"بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکەوە، ناتوانین لە کۆڵانەکاندا یاری بکەین، دەمانەوێت بچینەوە بۆ خوێندنگاکانمان و خوێندنمان بەردەوام بکەین".

جێگای ئاماژەپێکردنە، لە ڕۆژی ١٧-٠٩-٢٠١٧ ەوە، ٣٠٠ خوێندنگا لە عەفرین لەلایەن کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگای دیموکراتییەوە کراوەتەوە، لەو خوێندگایانەدا، نزیکەی ٤٠٠ هەزار خوێندکار دەخوێنن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٠ ی ئەم مانگەوە، سوپای تورک هێرشی بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، سەدان هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیانێکی زۆر بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانیش کەوتووە.