هەڤرین خەلەف، پێشەنگی پێشەڕۆژی سوریا

سەمیرە عەزیز ئاماژەی بەوەدا هەڤرین خەلەف بە دامەزراندنی پارتی پێشەرۆژی سوریا بووە پێشەنگی پاشەڕۆژێک کە پێکهاتە جیاوازەکانی لێکتر کۆکردەوە.

هەڤرین خەلەف دامەزرێنەری حزبی پێشەرۆژی سوریا لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا لەو کاتەی دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆسەر سەریکانی و گرێ سپی دەستپێکردبوو، لەلایەن چەتەکانی ئەحرار شەرقییەی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە دەستگیر دەکرێت و لە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر شەهید دەکرێت. لەو بارەیەوە سەمیرە عەزیز لە ٦هەمین ساڵوەگەڕی هەڤرینی هاوکار و هاوڕێیدا باسی لە کار و خەباتی هاوڕێکەی کرد.

'ژنێکی پێشەنگ و کاریگەر'

لە دەستپێکی قسەکانیدا سەمیرە عەزیز باسی لەسەرەتای ئاشنابوونی بە شەهید هەڤرین خەلەف کرد و وتی: "لەساڵی ٢٠١١ەوە ئاشنایەتیمان دروستبوو. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڤرین لە دەستەی وزەدا بەشدار دەبێت، منیش لەو کاتەدا لە شاندی پەروەردەدا بووم، بۆیە زۆرکات پێکەوە کۆدەبووینەوە، بەڕاستی هەموو کاتێک پێشەنگ و پسپۆربوو لە کارەکانیدا و کاریگەری دروستەکرد. لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە لەگەڵ دامەزراندنی بەڕێوەبەری دیموکراتیکی خۆسەری هەرێمی جزیرە، چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرت. لە ٢٧ی ئاداری ٢٠١٨دا بە دامەزراندنی پارتی پێشەڕۆژی سوریا لە ڕەقە بووە پێشەنگی پاشە ڕۆژ و چەندین پێکهاتەی جیاوازی لە پارتەکەیدا کۆکردەوە. وەک سکرتێری گشتی بووە دەنگی داد و یەکسانی."

'لە کاروباری دیپلۆماسیدا لێهاتوو بوو'

لە بەردەوامیدا سەمیرە عەزیز تیشکی خستەسەر لێهاتووی شەهید هەڤرین لە کاروباری دیپلۆماسیدا و بەم شێوەیە باسیکرد: "بەڕاستی لە بابەتی بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا ژنێکی پسپۆر و پێشەنگ بوو. کەسێتییەکی دیپلۆماسی هەبوو. پارتی پێشەرۆژی سوریا بە هەوڵەکانی ئەوەوە دامەزرا. نزیکەی ساڵ و نێوێک سکرتێری گشتی حیزبەکە بوو.

لە دژی تاریکیەکانی داعش کاری زۆریکرد و بووە هۆکاری ئەوەی چەندین ژن بەشداری خەباتی سیاسی ببێت. هەربۆیە دەوڵەتی تورک لە سەرەتای داگیرکارییەکانی سەرێکانی و گرێسپیدا لە ساڵی ٢٠١٩ لە ڕێگەی چەتەکانییەوە لە سەر ڕێگەی M4 دەستگیری کرد و لە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر شەهیدی کرد.

لە دوای شەهید کردنی لە چەندین جێگەی ئەوروپادا ناوی بەرز ڕاگیرا و وەک ژنە تێکۆشەرێکی فیمینیستی یادکرایەوە."

'گەلانی لە تێکۆشانی هابەشدا لێکترکۆدەکردەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا سەمیرە عەزیز باسی خەباتی دیپلۆماسیانە و بە بنەماوەرگرتنی دیالۆگ لە کارەکانی شەهید هەڤرین کرد و بەمشێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "هەڤرین کارەکانی تەنها لە گفتوگۆکردن لەگەڵ کورداندا سنوردار نەبوو، هاوکات هەمیشە بۆ ئاشتی و پێکەوەی لەگەڵ خێڵە عەرەبییەکاندا لە دیالۆگدا بوو، وە هەمیشە لەگەڵ گەنجان و ژناندا بوو. بۆیە لە ئێستادا چەندین گەنج و ژن لەسەر رێگەی هەڤرین بە ڕێکخستنی گەلانی سوریا لە تێکۆشانی هاوبەشدان."