وته‌بێژی یه‌په‌گه‌: له‌ دژی پیلانی ئه‌ردۆغان ده‌وه‌ستینه‌وه‌

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یه‌په‌گه ڕایگه‌یاند‌: هێزەکانی ئێمە هەموو گرووپە تیرۆریستی و چەتەکانی ئەردۆغان-یان تێکشکاندووە و ئێستاش وەڵامی سوپای داگیرکەری تورکیا دەدەنەوە.

نووری مەحموود، دەربارەی هێرشی سوپای تورکیا و چه‌ته‌كانیان بۆ سەر عەفرین و کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی سیڤیل، بۆ ئانها قسه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند: ئێمە لە دژی پیلان و پڕۆژەی ئەردۆغان و چەتەکانی ڕادەوەستین.

مەحموود ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد؛ دەوڵەتی تورکیا بە پڕوپاگەندە کردن دەیەوێ هێرشەکانی بۆ سەر گردی 'قەستەل‌جندۆ' وەک سەرکەوتن پیشان بدات، بەڵام بە چەند سەد مەترێک هاتنە پێش، سەرکەوتن بەدەست نایەت.

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل، دەربارەی بەرخۆدانی هاوچەرخی عەفرین ڕایگه‌یاند؛ شەڕڤانان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خۆڕاگرییەکی بێ وێنه‌ دان. ئەو هێزانەی کە دوێنێ لە به‌رانبه‌ر چەتەکانی ئەردۆغان شەڕیان دەکرد، ئێستاش لە دژی دەوڵەتی تورکیا و شەخسی ئەردۆغان دەجەنگن. هێزەکانی ئێمە لە عەفرین لە بەرامبەر هەر دوو هێزی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هاوپەیمانی ئەردۆغان ڕاوەستاون و وەڵامی گونجاو به هێرشی هەر دوو لایان دەدەنەوە.

«ئێستا عەفرین، سیستەمێکی دێموکراتیی و ڕێبازی چارەسەریی دموکراتیی بۆ تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوین دەستنیشان دەکات. هەر بۆیە ئەو شەڕە، شەڕی ناکۆکی نێوان هێزە جیهانییەکانە.»

نووری مه‌حموود ڕایگه‌یاند، گرووپه چەتەکان لە لایەن ئەردۆغانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون. پیلانی ئەردۆغان، درێژەی پیلانەکانی داعشە و دەوڵەتی تورکیا به سەرۆکایەتی ئەردۆغان هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، هه‌وڵی بۆ دەدات. برایانی موسوڵمان (ئیخوان موسلیمین)یش لەژێر ناوی دین، هەر بەدوای جێبەجێ کردنی ئەو پیلانەوه‌ بوون. به‌ڵام بۆ هەرکەس ئاشکرابوو کە ئەوانە تووندڕه‌ون و لە ژێر ناوی ئیسلامی نەرم خۆیان شاردۆتەوە. ئەوانە فاشیستن و تەنیا باوەڕیان به یەک ڕەنگی هەیە و مافی ژیانێکی ئازاد بۆ کۆمەڵگە، بە ڕەوا نابینن.

«داعش بۆ پاراستنی خۆی، لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی جێگیر کردبوو. تەنانەت هێرشی تیرۆریستی کردە سەر ئه‌مه‌ریكا و ئەورووپا. خوازیاری سەپاندنی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی خۆی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو. ئه‌مڕۆش ئەردۆغان به پاشماوەکانی داعش و بەرەی نووسرە، هێرشی کردۆتە سەر عەفرین. خوازیارن پڕۆژەی دێموکراتیی هەرێمەکە، کە چارەسەری سیاسیی، خزمەتگوزاری، ئابووری و پەروەردەیی پێیە و پاراستنی کولتوور و ئەندێشە دەکات، لەناو بەرن.»

دەربارەی بێ ده‌نگی هێزە نێودەوڵەتییەکان، نووری مه‌حموود وتی: دەوڵەتی تورکیا، چەکی ناتۆ بەکار دێنێ. ئێستا لەنێو سوپای تورکیادا، چەتەکانی داعش و بەرەی نووسرە هه‌ن. بەڵام دەبینین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو هێرشانە بێ‌ هەلوێسته‌. ڕێگەیان بۆ ئەردۆغان کردۆتەوە کە هێرش بکاتە سەر کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز کە لە بری هەموو جیهان شەڕی گرووپە تیرۆریستییەکانی کرد. ئایا پێویستە ئەو کۆمەڵگەیە بپارێزرێت یان نا؟ ئەردۆغان خەریکە جیهان بەرەو کارەساتێکی گەورە دەبات.

«دەوڵەتانی جیهان به پشتگیری کردنی ئەردۆغان کە بۆخۆی پاڵپشتی تیرۆرە، ناتوانن کێشە ئابوورییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. ئەردۆغان، هەمان عەقڵییەتی داعشی هەیە و دەیەوێ جیهان داگیر بکات. هەر بۆیە لە دژی پیلانەکانی ئەردۆغان، پێویستە پشتی پڕۆژەی دێمۆکراتیی باکووری سووریا بگرن. لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێ‌ دەنگ نه‌بن و کار  بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان بكه‌ن.»

نوری مەحموود، لە کۆتایی قسەکانیدا ده‌ڵێت: هەر وەک چۆن هێزەکانمان لە سەرێکانی و کۆبانێ سەرکەوتن، لە عەفرینی-یش سەردەکەون. ئێمە لێرەوە پێیان دەڵێین «ئێوە لە هێرشەکانتاندا لە به‌رانبه‌ر بەرخۆدانی هێزەکانمان و گەلێ عەفرین سەرناکەون.»

 

ش. م