"پێویستە دەوڵەتی تورک خاکەکەمان چۆڵ بکات"

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن و تیشکی خستە سەر هاوکاریی تورکیا بۆ داعش و بانگێکیشی ئاڕاستەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتی سوریا کرد.

عبدوالحمید علی و بێریڤان خالید هەردوو هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کرد.

لێدوانەکە لە لایەن هاوسەرۆک عبدولحمید علییەوە پێشکێشکراو بەم جۆرە باسی لە بارۆدۆخی ناوچەکە کرد:

'هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەموو رۆژێک بەردەوامن'

"هێرشە قێزەوەنەکان و کۆمەلکۆژییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر گەلانی رۆژئاواو باکوری سوریا بەردەوامن. گەلانی رۆژئاواو باکوری سوریا کە لە شەڕی دژی داعشدا قوربانییەکی زۆریان داوە، ئەمڕۆ بە هاندان و پەسەندکردنی دەوڵەتی ئەمریکاو روسیا، کەوتووەنەتە ژێر هێرش و کۆمەڵکوژییە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتە فاشی و بەجێماوەکانی داعش و ئەلنوسرە و جارێکی دیکەش هەموو رۆژ قوربانیی تر دەدەن. گوند و شارو ناوچەکانیان تۆپباران و بۆردومان دەکرێن.

رۆژانە مافی مرۆڤ بنپێ دەکرێت و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدرێت. کوشتنی سیاسەتمەدار هەڤرین خەلەف، کوشتنی هۆڤسەپ پەتۆیان قەشەی کەنیسەی ئەرمەنییەکانی کاتۆلیک لە قامشلۆ و باوکی، کوشتنی بە سەدان ژن و منداڵ و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، بێدەنگی و بێهەڵوێستی ئەمریکاو روسیا، هەروها لە کاتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژییەکان، سەردانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمانە هەمووی شەرعییەت دەدەن بە دەوڵەتی تورک. دۆسیەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە عەفرین، لەبەر چاوە. بە سەدان هەزار کورد لەو ناوچەیە ئاوارەو دەربەدەر بوون و خێزانەکانی داعش و نوسرەی سەر بە سوپا ساختەکەی بە ناو 'سوپای نشتیمانی سوریا' لە شوێنیان جێگر کران. بە سەدان ژن و مندالی کوردی عەفرین رفێنران و تاڵان و دزییەکی بێژومار کرا. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیمۆگرافیییەی لە سەر خاکی عەفرین دژ بە گەلی کورد ئەنجامدرا، تا ئێستاش بێدەنگن.

ئامانجی ئەردۆغانی فاشیزمی سەردەم و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەوەیە کە چەتە فاشییەکانی بەرماوەی داعش و ئەلنوسرە کە لە ژێر چەتری تورکیادا پەروەردە کران، لەسەر خاکی رۆژئاواو باکوری سوریا بە تایبەتیش لە سەرێکانی و گرێ سپی جیگیریان بکات. جیهان شاهیدە، ئەوەی کە داعش پەروەردە دەکات و بە رێکخستنی دەکات و دەرفەتی دەداتێ، دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە خۆیەتی.

ئەبوبەکر بەغدای ٥ کیلۆ مەتر دوور لە سنووری دەوڵەتی تورک لە هەرێمی ئدلب کە لە ژێر کۆنترۆلی چەتەکانی تورکیادایە، کوژرا. جێگرەکەی حەسەن علی موهاجر لەو ناوچەیەی کە ئەردۆغان دەیگوت، 'ئارامترین ناوچەی سوریایە' لە جەرابلوس کوژرا. خوشکی بەغدای لە عەزاز گیرا، خێزانی بەغدادی دەوترێت بەر لە ساڵ و نیوێک لە لایەن تورکیاوە گیراوە. سەرەڕای ئەوەی بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ئەردۆغانی فاشیستی سەدساڵ و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەریکی داعش و نوسرەیە، هێشتان رۆژانە بە فشاری دۆسیەی چەتەکانی داعش و بابەتی پەنابەران، هەڕەشە لە ئەورۆپاو جیهان دەکات.

ئەردۆغان لە ئەمریکا لە بەر چاوی جیهان مافی ئەوەی بۆ خۆی بە رەوا بینی کە جارێکی دیکە نەخشەی داگیرکەرییەکانی پیشانی هەموو کەسێک بدات و باس لە ئامانج و بڕیارەکانی بکات لەبارەی داگیرکردنی رۆژئاواو باکوری سوریا. ئەمە رووڕەشییەکی گەورەبوو کە نە دەوڵەتی سوریا و نە هیچ لایەنێک لە چوارچێوەی نرخیە مرۆڤایەتی و دیمۆکراسییەکاندا، وڵامی هەڕەشەکانی ئەردۆغانی فاشی نەدایەوە.

لەبارەی پرسی کۆچبەران لە تورکیا، سیاسەتێکی زانایانە پەیرەو کراوە. دەوڵەتی تورک بە زانابوون دەرگای بۆ پەنابەران کردەوە و ئەوانیان بەرێکخستن کرد و لە تورکیا نیشتەجییان کردن. ئەم شێوازە بێپێوانەو بێ ئەخڵاقییەی، بۆ سەر مرۆڤایەتی و بە تایبەت بۆ سەر ئەوروپا وەکو هەڕەشە و ئیستیفزاز بەکاری دەهێنێت.

بانگەوازیی  ئێمە بۆ هەموو جیهان و مرۆڤایەتی ئەوەیە کە لە دژی قڕکردنی کورد و عەرەب و ئەرمەنی و هێرش و داگیرکارییەکانی سەر رۆژئاواو باکوری سوریا و گۆڕینی دیمگرافیی ناوچەکە، دەنگیان بەرز بکەنەوەو لە دژی ئەم زوڵمە هەڵوێستیان هەبێت.

'تا سوپاکەی ئەردۆغان نەچێتە دەرەوە، ئاگربەست هیچ واتەیەکی نابێت'

روون و ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێز و چاونەترسیی، لە دوای چاوپێکەوتنی ترامپ و ئەردۆغانی فاشی وەرگرتووە. ئەردۆغان لە واشنتون بە ئاسانی دەلێت ئەوان میلیۆنێک پەنابەریان لە رەقا و دێرزۆر نیشتەجێ کردووە. ئەو وەکو خەلیفەی عوسمانی خاکی رۆژئاواو باکوری سوریا وەک مڵکی خۆی و دەوڵەتی سوریاش وەکو دورگەیەکی عوسمانی دەبینێت. لە جیاتی ئەوەی ترامپ بڵێت چ مافێکت هەیە خاکی وڵاتێک داگیر بکەی و دیمۆگرافی ناوچەکەیان بگۆڕیت و لەسەر خاکی کورد و عەرەب و ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژی و قڕکردن ئەنجام بدەی، دەڵێت 'ئاگربەستەکە باش دەڕوات و کوردیش لەوێ رازین'!

پێش هەموو شتێک ئەمە راست نییە. هیچ کەسێک رازی نییە بە کۆمەڵکوژی و داگیرکەرییەکان. بە سەدان هەزار کورد و عەرەب و ئەرمەنی، کاتێک لە ژێر تانک و تۆپ و فڕۆکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کۆمەڵکوژ دەکرێن و بە زۆر لە گوند و شارەکانیان دەردەکرێن، چۆن رازی دەبن کەسانێکی بیانی کە هیچ مافێکیان نییە، بێن لە گوند و شارەکانییان نیشتەجێ ببن. تا ئەو رۆژەی داگیرکەری کۆتایی پێ نەیێت و هێزە فاشییەکان و دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە خاکەکەمان نەکشێتەوە، نە کورد و نە عەرەب و کریستیانەکان، رازی نابن و دڵخۆش نابن لە ئاگربەستەکە.

لە ئێستادا زیاتر لە هەزار داعشی توندڕەو لە گرتوخانەکانی رۆژئاوا و باکوری سوریادا دەستبەسەرن. گەلی کورد و عەرەب و کریستیان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا بە دەیان هەزار قوڕبانییان داوە. لە دەرەوەی پەسەندو ئیرادەی گەلی رۆژئاوا و باکوری سوریا با هیچ کەسێک ئەو مافە نەدات بە خۆی حساب لەسەر گیراوانی داعش بکات.

ئەگەر ئەم کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلەکەمان کۆتایی پێ نەیێت، پێویستە هەموو کەسێک ئەوە بزانێت کە مەترسییە گەورەکەی داعش لەمەولا دەست پێدەکات. بۆ ئەوەی داعش جارێکی دیکە نەبێتە بەڵا بەسەر مرۆڤاتییەوە، بۆ ئەوەی بە هۆی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا، داعش جارێکی دیکە زیندوو نەبێتەوە، بانگەوازیمان ئەوەیە کە سەرەتا ئەمریکا و روسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی سوریا لە دژی هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئەوەی داگیرکەران رۆژێک زووتر خاکەکەمان بەجێ بهێڵن.

بۆیە ئێمە وەکو گەلانی رۆژئاوا و باکوری سوریا بە بڕیارین کە بۆ پاراستنی خاک و پیرۆزییەکانمان تا دواهەناسە خۆڕاگر دەبین. هەر قوربانییەک پێویست بێت ئێمە ئامادەین و لێی راناکەین و تا کۆتایی بە داگیرکەری نەهێنرێت و خاکەکەمان بەجێ نەهێڵن، سوریا هیچ ئارامییەک بە خۆیەوە نابنێت.

بانگەوازێکیشمان بۆ دەوڵەتی سوریا هەیە. هیوادرین کە دەوڵەتی سوریا و ئەسەد هەڵوێستێکی چارەسەرهێن بنوێنن. ئێمە وەکو گەلانی رۆژئاواو باکوری سوریا هیچ کاتێک ئامانجێ ئەوەمان نەبووە سوریا پارچە بکەین. تاوانبارکردنمان بە پارچەکردنی سوریا، بە هیچ شێوەیەک راست نییە. لە راستیدا ئەوەی رێی لە پارچەکردنی سوریا گرتووە ئێمەین. وا هەشت ساڵە لە دژی هێزە داگیرکەرەکان و چەتەکانی داعش و ئەلنوسرە، سوریا و یەکێتی خاکی سوریا دەپارێزین. ئەم سەرکەوتنە بۆ هەموو گەلانی سوریا سەربەرزییە. وەکو چۆن هیچ ئامانجێکمان بۆ پارچەکردنی سوریا نییە، پێویستە هیچ کەسێکیش وا نەزانێت کە سوریا وەکو هەشت ساڵ لەمەوبەرە. راسترینیان قبوڵکردنی یەکتر و لەیەک نزیکبوونەوەیە. بۆ سوریایێکی دیمۆکراتیک، بە شێوەیەک کە هەموو گەلێک خاوەنی ناسنامە و مافەکانی بێت، چ ئەرک و بەرپرسیارییەک بکەوێتە سەر شانی گەلی رۆژئاواو باکوری سوریا، ئامادن ئەنجامی بدەین."

ز.ش