ڕاگەیاندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بەم شێوەیە:
"لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا لە ئیمراڵی لەگەڵ بەرێز ئۆجالاندا چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا. لە دوای چاوپێکەوتنەکە بەربنەمای ئەم چاوپێکەوتنە و لەسەر خواستی بەڕێز ئۆجالان، لەگەڵ پەڕلەمانی تورکیا، پارتە سیاسییەکان و هەڤاڵانی سیاسەتمەدارانمان لە زیندانەکاندا چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا.
لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا سەردانی سەرۆکی پەڕلەمان بەڕێز نومان کورتولموش-مان کرد و کۆبوونەوەکانمان دەستپێکرد. کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، پارتی ئایندە- گەلەجەک، پارتی داد و گەشەپێندان (ئاکپارتی)، پارتی سەعادەت، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی دەوا (دەڤا پارتی) و پارتی ڕەفەح بەردەوامی هەبوو. لە نێوان ١١-١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا سەردانی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و هەڤاڵانی سیاستەمەدارمان بەڕێز فیگەن یوکسەکداغ و بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەڕێز لەیلا گوڤەن و بەڕێز سەلچوک میرزاکەلی کرد و کۆبوونەوەمان لەگەڵدا ئەنجامدان.
کۆبوونەوەکانمان لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتی و لەسەر پرۆسەی ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوسەرۆک و دەستەی پارتەکەمان، لەگەڵ هەموو بەش و پێکهاتەکانی پارتمان، لەگەڵ ئەو پارتە سیاسیانەی کە لە هاوپەیمانیداین لەگەڵیاندا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵییاندا ئەنجام نەداوە، کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەکەین.
پێش هەموو شتێک هەموو سوپاس و دەستخۆشی خۆمان پێشکەشی هەموو پارتە سیاسی و بەرپرسە بەڕێزەکانیان دەکەین کە بە خاکەڕای و ڕێزەوە پێشوازییان لێ کردین، ڕاوبۆچوون و پێشنارەکانیان لەگەڵدا هاوبەش کردین و بە زمانێکی بونیادنەرانە نیگەرانی و ڕەخنەکانی خۆیان باس کرد.
خاڵی سەرەکی ڕۆژەڤی سەردانەکەمان ئەوە بوو کە ئەنجامەکانی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بە ئەوان ڕابگەیەنین و ئەو بارودۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە پێکەوە هەڵبسەنگێنین، بە کورتی، ئەم داواکاری و ئیرادەیە، بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی پێکدادان، بەرپرسیارێتی مێژوویی بەهێزکردنی یەکێتی تورک و کورد، بەرپرسیارێتی پێشهاتە ڕادیکاڵ و گەڕانەوە نەکراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەوەستێت و دیاری دەکات کە پەرلەمانی تورکیا و سیاسەتی دیموکراتی گرنگترین زەمینەی چارەسەرییە.
هەموو چاوپێکەوتنەکانمان بە دڵسۆزی و بە هیوایەکی ئەرێنی تێپەڕین، سەرۆکە پایەبەرزەکان و شاندەکانیان پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی، لەگەڵ ئەمەشدا نیگەرانی و پێشنیارەکانیان لە بابەتە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو، ئەم نیگەرانی و پێشنیارانە لە بنەڕەتدا لەسەر شەفافیەتی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی لە ناو پەرلەمانی تورکیادا ڕادەوەستن.
شاندەکەمان لە چاوپێکەوتنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانی و پرسیارەکان ڕوونکردنەوەیدا، ئەو تێڕوانینەی کە لە چاوپێکەوتنەکان بەدەستمان هێنا ئەوەیە کە داواکاریی و ئیرادەیەکی هاوبەش لە هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەیە و هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پرۆسەی ناکۆکی و ئاڵۆزیی کە بەهۆی پرسی کوردەوە دروست بووە لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، تێپەڕاندنی ئەم پرسە و پێشخستنی یەکێتیی و برایەتی هەموو پێکهاتە ئەتنیکی، ئاینی و مەزهەبییەکان لە وڵاتەکەمان، بۆ بەرژەوەندیی و چاکەی هەمووانە، ئەمە هەڵوێستی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە، بابەتێکی تری پەیوەندیدار بەمەوە ئەوەیە کە پرۆسەی ئاشتی ببێتە هۆی دیموکراتیزەکردنی گشتیی و فراوانکردنی گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتی.
چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ سەرۆک و هەڤاڵە زیندانیکراوەکانمان زۆر ئەرێنی تێپەڕین، هەڤاڵانمان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئەو ڕۆڵە دەربڕی کە بەڕێز ئۆجەلان و دەم پارتی دەیگێڕن، ڕایانگەیاند کە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زەمینەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئەرێنی جێبەجێ دەکەن.
لەم سەردەمەدا کە ئێمە لەسەر ئاشتی، دیموکراسی و یەکێتی تورکیا و ناوچەکە ڕادەوەستین، ئەو شێوازە جیاوازیخوازانە و پێشداوەرییانەی کە جار بە جار لە میدیای نووسراو و بینراودا ڕووبەڕوویان دەبینەوە و ئەو بوارە گومانلێکراوەی کە درووست دەکرێت، کارەکەمان قورس دەکات، دەزانین کە هەموو کەس و بەشە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بەم پرۆسەیە خاوەن هیوا و داواکارین، لە هەمان کاتدا نیگەرانی، هەستیاریی و پرسیاری هەموو کەسێک هەیە، ئێمە لەم تێگەیشتنەداین، لە پرۆسەیەکی هەستیاری وەهادا، بڵاوکردنەوەی قسەی دروستکراو و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕۆژەڤی وا کە هەندێک جار سنوورە ئەخلاقییەکانیش تێدەپەڕێنێت، گەرمکردن و هاندانی شەڕە و هیچی تر نییە.
لەگەڵ هەموو تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە باشەکانمان، لە ماوەیەکی کورتدا سەردانی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین و بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ڕێگای پتەو و بەهێز بگاتە ئاشتیی و چارەسەرییەک بنیات بنرێت، هەوڵێکی گەورە دەدەین.
لە بنیاتنانی ئاشتیی و چارەسەرییدا، پشتگیری گەل بۆ ئەم چاوپێکەوتنانەمان دەبێتە گرنگترین فاکتەر."