بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە ماوەی مانگێکە فڕۆکەخانەکانی شام و حەلەب داخراون

دامەزراوەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەسوریا (سۆهر) ڕایگەیاند، دوای هێرشە هاوکاتەکانی ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا، فڕۆکەخانەکانی شام و حەلەب نەکراونەتەوە.

فڕۆکەخانەی شام کە سەرەکیترین و گەورەترین فڕۆکەخانەی سوریایە، لە ٢٢ی تیشرینی یکەمەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێڕەوی فڕینی سەرەکی، نەکراوەتەوە.

هەر لەو ڕۆژەدا هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب کە دووەم گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتەیە. لەو کاتەوە فڕۆکەخانەکە کار ناکات.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تیشرینی یکەمەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا زیاتر کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سۆهر سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ناوەندێکی حزبوللەی لوبنان ئەنجامدراوە، کە نزیکی شام بووە. میدیای فەرمی هەرگیز باسی ئەم هێرشەیان نەکردووە.