بەکر عەلۆ: ئەم قەیرانانە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر دەبن

هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، بەکر عەلۆ، ڕایگەیاند:" چارەسەری قەیرانە جیهانییەکان بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت و تێکۆشانمان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕاناوەستێ."

هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، بەکر عەلی سەبارەت بە هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ئاژانسی ئەنەفە قسەی کرد. عەلۆ ڕایگەیاند کە بە هۆی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاژاوەی جیهانی چارەسەر دەبێت.

بەکر عەلۆ ڕایگەیاند جیهان لە ناو قەیرانێکی هەمەلایەندایە و وتی:"ململانێ ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و...، جیهانی ڕووبەڕووی ئاژاوەیەکی مەترسیدار و قووڵ کردووتەوە. هۆکاری قەیرانانەکان ڕوونن؛ هەژموونی مۆدێرنیتی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوەیە، ئێمە لە شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم ڕزگارمان بووە و ئێستا لە سێهەمینداین، قەیرانە جیهانییەکان قووڵتر دەبنەوە و هیچ چارەسەرێک نییە، جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە و ئەگەری دروستبوونی شەڕی ئەتۆمی بووەتەوە، ئێستا جیهان هەستی بەوە کردووە کە گەردوونمان لە مەترسیدایە، هەر بۆیە ئەکادیمسیەن، ڕۆشنبیر و ئەو لایەنانەی کە دەڵێن ئێمە کار بۆ کۆمەڵگا دەکەین، بڕیاریان داوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بکەن چونکە ئەو دەتوانێت ئەم قەیرانانە چارەسەر بکات، بۆیە لەم دواییانەدا زۆر لایەن، ڕۆشنبیر، و ئازادیخواز هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد'یان لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا دەستپێکرد.چونکە ئەو کەسایەتیانە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان و قووڵبوونەوەی هەست پێکردووە."

بەکر عەلۆ هێنایە زمان، ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی کورد و هەموو پێکهاتەکانە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە چالاکی زیاتر بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت.

بەکر عەلۆ، هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:"مرۆڤ سەیری مێژوو بکات دەبینێ فەیلەسوفەکان بیرۆکە و فەلسەفەیان بە کۆمەڵگا بەخشیوە، بەڵام دەبینین دەسەڵاتداران ئەو بیرۆکە و فەلسەفەیانە بە گوێرەی خۆیان بەکارهێناوە. سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت دیسان ڕاستی ڕێبەر بشێوێنن، ئێستا ئێمە لە شەهبا پێویستە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە تێکۆشاندابین، چی دەرفەت لە دەستماندایە بۆ ئازادی خۆمان و گەلەکەمان بەکار بێنین."