'ڕێبەر ئاپۆ نائومێدی نەهێشت'

فارس ئیبراهیم سەید کە ٣٣ ساڵە لە ڕۆژائاوا لەنێو تێکۆشان دایە، ڕایگەیاند، شکستی ڕاپەڕینەکانی کورد نائومێدی لێکەوتەوە، بەڵام ئەمەیان بە بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕانکاری بەسەردا هات.

فارس ئیبراهیم سەید باوکی ٧ منداڵە، کە ماوەی ٥٠ ساڵە لە شاری حەسەکە نیشتەجێیە و منداڵەکانی سەحەر و سەمیر لە هێرشی داعش لە نەورۆزی ٢٠١٥ شەهید بوون. فارس ئیبراهیم سەید دوای ٥ ساڵ وانەوتنەوە لە فاکولتەی یاسای تەواو کردووە و زیاتر لە ٢٠ ساڵ وەک پارێزەر کاری کردووە، لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوادا چالاکانە لە کاری دادپەروەری ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەشدار بووە .  فارس ئیبراهیم سەید تەنانەت پێش شۆڕشی ڕۆژئاواش تێکۆشانی ئازادی کوردستانی دەناسی و ماوەی ٣٣ ساڵە درێژە بە تێکۆشانی دەدات.

بەهۆی ١٥ی ئابەوە لە نزیکەوە ناسی

فارس ئیبراهیم سەید لە یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە باسی لە چۆنیەتی ناسینی تێکۆشانی ئازادیی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد:

 "لە ساڵەکانی ١٩٦٠ی سەدەی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان، دوای شکستی شۆڕشی ٩ی ئەیلول، بڕوای گەل بە شۆڕش و سیاسییەکان نەما. لە ساڵانی ١١٩٨٠ی سەدەی ڕابردوودا ناوی تەلەبەکانمان بیست. دوای گەڕانەوەمان لە خزمەتی سەربازیی ڕژێم، لە باکووری کوردستان هەنگاوی ١٥ی ئاب دەستی پێکردبوو، لە ڕۆژئاوا لە نێو گەلدا کار دەکرا، بەم شێوەیە یەکسەر تەڤگەری ئازادیی کوردم ناسی.

بەشداری کاری پێشەوە بوو

 بەرەو ساڵانی ١٩٩٠، لەگەڵ ناسینی پەکەکە کە بە تاکە ڕێگای ڕزگاربوون دەبینی، بڕوامان بەهێزتر بوو. دوای ساڵانی ١٩٩٠ بەشداریم لە کاروباەی ERNK کرد.  لەو کاتەدا گروپێک دروست بوو کە منیش تێیدا بەشدار بووم. ئەو گرووپە تا شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی. گروپەکەمان لە ٦ بۆ ٧ کەس پارێزەر و ئەندازیار پێکهاتبوو، تراکت و کتێبی حزبیمان دەگەیاندە پارێزەران و ئەندازیاران و گفتوگۆمان لەگەڵیان دەکرد. پڕوپاگەندەی بزووتنەوەکەمان دەکرد، تراکت دابەش دەکرا و کۆبوونەوەی ئەنجام دەدا.

پەکەکە لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی تر جیاواز بوو

 ئێمە وەک کوردانی ڕۆژئاوا دەمانزانی مێژوویەکمان هەیە، وڵاتێکمان هەیە و وەک گەلانی دیکە مافی ئەوەمان نییە لەگەڵ کەلتوور و زمانی خۆماندا بژین.  ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعس ڕێگری لە سروشتی ترین مافەکانمان کرد، زمان و کولتوورمانی قەدەغە کرد. کاتێک خەریکی لێکۆڵینەوە لە مێژووی سوریا بووم، بینیم کە ئەمە تەنها لە ڕۆژئاوادا نییە، بەڵکو لە باکور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە وەهایە. پێشێلکردنی هەموو مافەکانی وڵاتێک کە جوگرافیایەکی ئاوا دەوڵەمەندی هەیە، وایدەکرد مرۆڤ بەدوادا چوونی زیاتر بکات.  ئێمەش وەک گەلانی دیکەی جیهان دەمانەوێت بە بیرکردنەوە، کولتوور، هونەر و سیاسەتی خۆماندا بژین. لە ئەنجامی ئەم بەدوادا چوونانە، پریشکی تێکۆشانمان بینی، یەکسەر چووینە ئەوێ و بۆ ئەوەی لە کۆیلایەتی و چەوساندنەوە ڕزگارمان بێت بە هەموو شێوەیەک تێکۆشانمان دەست پێکرد.

 بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بکرێتە عەرەب، لە باکوور بکرێتە تورک، لە ڕۆژهەڵات بکرێتە فارس سیاسەتی ئاسمیلەکردنیان دەست پێکردبوو.  کاتێک سیاسەتی دوژمن کاریگەری لەسەر گەلەکەمان دەکرد، لە سروشتی خۆی دوور دەکەوتەوە دەکەوتە هەڵەوە. وەک کۆیلە لە ژێر فشاردا بووین.  ئەم ناکۆکیانە بووە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان بەدوای ئازادیدا بگەڕێن. پاش ناسینی تەڤگەری ئازادی کورد، تراکت، تۆماری دەنگی و کتێبمان پێگەیشت. لەگەڵ ڕا و بۆچوونەکانی حیزب، تێگەیشتین کە لە ڕاپەڕینەکانی تری کورد جیاوازە و بۆمان دەرکەوت  ئەمە تاکە ڕێگای ڕزگار بوونمانە لە غەفڵەت.

بینینی سەرۆک ئاپۆ تامەزرۆیەکی گەورەم بوو

 دوای ئەوەندە کار، بینینی ڕێبەر ئاپۆ تامەزرۆیەکی گەورەم بوو.  هەموو جارێک هەندێک کەس بانگهێشت دەکران بۆ مەیدانی ڕێبەرایەتی و لە ساڵی ١٩٩٦ بانگی منیان کرد. بۆ من وەک ئەوە وابوو کەسێکی برسی دەستی بە نان و ئاو بگات.  لەگەڵ ڕۆشتنی گروپەکان لە هەرێمی جزیرێ، بە دوو پاس چووینە دیمەشق. ئەو شوێنەی کە چووین وەک گوندێک بوو. چووینە ژووری میوان. زیاتر بیرمان لەوە دەکردەوە کە دەبێ ڕێبەر ئاپۆ چ جۆرە کەسێک بێت، بەڵام ڕوانگەی سەرۆک جیاواز بوو. سەرۆک کە هاتە ژوورەوە سڵاوی لێکردین، بە ناوی ئێمە و هەرێمەکەمانەوە پرسیاری کرد و ئێمەش وەڵاممان دایەوە. زیاتر ئەو بابەتانەی هەڵسەنگاندنی بۆ کردن سەبارەت بە غەفڵەت بوون. هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە دەکرد گەلی کورد چۆن کەوتووتە خەوی غەفڵەتەوە و باسی لەوە کرد کە مرۆڤ چۆن پێناسەی خۆی بکات و چۆن پەروەردە بکات.

باوەڕیمان هێندەی تر بەهێزتر بوو

سەرۆک دەیگوت دەبێت مرۆڤ بەردەوام لە گەڕان بن، خۆیان ماندوو بکەن. کەسێک کە خۆی و مێژووی خۆی نەناسێت ناتوانێت لە داهاتووی خۆی تێبگات، ناتوانێت هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە. دوژمن چۆن کاردەکات؛ سەرەتا کورد لەیەک دادەبڕێت. کورد بێ بڕوا و نائومێد دەکات. لە ڕۆح، کولتوور و سیاسەت دووریان دەخاتەوە و لەناو دەبات. ئێمە بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە لە مەیدانی سەرۆکایەتی گەڕاینەوە و بۆ ئەوەی زیاتر کار بکەین هاندەرێکمان بۆ دروست بوو. دوای گەڕانەوەمان، ئەشقی تێکۆشانمان زیاتر بوو. بە دڵنیاییەوە متمانەمان بە سەرکەوتن بەهێز بوو. بیرۆکەی بێ هیوایی لەناو کورد دوای شکستی سەرهەڵدانەکان لە مێژوودا، بە بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانی بەسەردا هات. ئیتر دەمانوت بە دڵنیاییەوە کورد بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئازاد دەبێت.