بەڕێوبەراتی هەرێمی فورات لەسەدا ٨٠ی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی جێبەجێ کردووە

بەڕێوبەراتی هەرێمی فورات ڕایگەیاند کە لەسەدا ٨٠ی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دانرابوون، تەواوبوون. بەڕێوبەرایەتی دەستنیشانی کرد کە لەگەڵ کۆمۆنەکاندا دەستیان بە ئامادەکردنی پڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤ کردووە.

لە هەرێمی فوراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەسەدا ٨٠ی ئەو پرۆژانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ خزمەتکردن دیاریکرابوون، تەواوبوون.

فەلەک یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی فورات لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و وتی: "ئەو پڕۆژانەی کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دانرابوون، ئێستا خەریکە بە تەواوەتی تەواو دەبێت. کار و ئەرکەکانی دەستەی هەرێمی: خزمەتگوزارییە، خزمەتکردنی گەلە. سیستەمەکەمان لەسەر بنەمای سیستەمی کۆموناڵ بنیات نراوە. شارەوانی ساڵانە کۆبوونەوە لەگەڵ گەل ئەنجام دەدات و پڕۆژەکان لەگەڵ کۆمۆنەکان دادەنێت."

فەلەک یوسف ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەدا ٨٠ی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پلانیان بۆ دانراو بوو تەواو بووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لەسەدا ٨٠ی پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان، ئاوەڕۆ، ئاوی خواردنەوە، پاککردنەوەی شار و ئامادەکردنی باخچەکان تەواو بووە".