دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتاکانی لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر بەندوای تشرین دەسپێکردووە. لە بەرانبەردا گەل شانبەشانی شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدە لە بەرخۆدانی شکۆ و مێژوویدان لە دژی هێرشەکان. بۆ گواستنەوەی ئەو بەرخۆدانانە بۆ ڕای گشتی ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندی ئازاد بەوپەڕی بوێری و پیشەگەرییانەوە لە بەنداوەکەدان، ڕۆژنامەوان دلۆڤان ئاسمین یەکێکە لە ڕۆژنامە بوێرەکان لە دوای برینداربوونی لە هێرشەکان وەک گەواهیدەری ئەو هێرشە سەخت و نامرۆڤایەتییانە باسی لە بەرخۆدان و ئیرادەی پۆڵاینی شەڕڤانانی بۆ ئاژانسمان کرد.
دلۆڤان ئاسمین لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشریندا بە بوێرییەوە تا ڕۆژی بریندار بوونی لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ساتە سەختەکانی هێرشەکە و بەرخۆدانەکانی تشرین و دەرووبەری تۆمار دەکرد.
گرنگی بەندوای تشرین
دلۆڤان ئاسمین سەرنجی خستەسەر گرنگی بەنداوی تشرین کە بووە بە بنەڕەتی ئامانجی شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدە و گوتی: "لە بنەڕەتی ئەم بەرخۆدانەدا پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و وزە هەیە کە موڵکی گەلە. بەنداوی تشرین سەرچاوەی پڕکردنەوەی پێدوایستییە ئاو و وزەکانی ملیۆنان هاوڵاتییە. بۆیە بەرخۆدانەکانی ئەو دەڤەرە لە ڕاستییدا بەرخۆدانی ژیانی و هەبوونە. بۆیە بەنداوی تشرین بۆ ئایندە و ناسنامەی گەل سیمبوڵێکی گرنگە."
پشتیوانی گەل
لە ٨ی کانوونی دووەمەوە لە بەنداوی تشرین گەل بە کاروان لەگەڵ بوونی هێرشە داگیرکارییەکاندا بە خواستێکی گەورەوە چالاکی ئێشکگری بەڕێوەدەبەن. دلۆڤان ئاسمین باسی لەوەکرد ئەو کاروانانەی هاوڵاتییانی مەدەنی بە بوێرییەکی گەورەوە خۆیان دەگەیەنن بە بەنداوەکە و ئەمەی گوت: "گەل بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئاو، خاک و وزەی خۆیان لە بەنداوەکەدا دەستیان کرد بە ئێشکگری. جەماوەری گەل کە دەگەن بە بەنداوەکە بەمانی بەشداربوونە لە لە بەرخۆدانی دژ بە هێرشەکان بەوەی دێنە چەقی شەڕی مان و نەمان. گەل بۆ پاراستنی بەنداوەکە ئێشکگری دەگرێت، کەچی لە ئاسمان و زەمینەوە دەبنە ئامانجی هێرشەکان و بە بوێرییەوە لە ئێشکگرییان بەردەوام دەبن. بۆ ئایندەی خۆیان تا کۆتایی تێدەکۆشن."
'ڕووناکی حەقیقەت ناکوژێتەوە'
ڕۆژنامەوان دلۆڤان ئاسمین کە یەکێکە لەو ڕۆژنامەوانە بوێرانەی بۆ تۆمارکردنی بەرخۆدانەکان و گەیاندنی بە ڕای گشتی بە هەموو سەختییەکانەوە کارەکانی دەکرد گوتی: "کاتێک مرۆڤ دەچێتە گۆڕەپانی شەڕەوە چاوەڕوانی هەموو دەرەنجامێک دەکات. ڕۆژنامەوانانیش لە پێناو بەرخۆدانی گەلدا لە بەنداوی تشرینن. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژنامەوانان ناتوانن ڕووناکی حەقیقەت بکوژێننەوە."
ڕۆژنامەوان دلۆڤان ئاسمین کە بووە بە ڕێچکەگری هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەوانی ئازاد جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی بکوژدا لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ شەهید بوون، ئەمیش لەبەردەوامیدان بە ڕێگەی ڕۆژنامەوان لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا لە ئەنجامی هێرشەکاندا بریندار دەبێت، لەم بارەیەوە گوتی: "جیهان و نازمی هاوپیشەمان شەهید بوون بەڵام کامێرا و پێنوسەکانیان ئێستا لە دەستی ئێمەدایە و بە بەردەوامیدان بە کارەکانی ئەوان بەرخۆدانەکانی تشرین دەگوازینەوە بۆ ڕای گشتی و هەموو هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا دەکەین."
'کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە دژی ئەم هێرشانە بێدەنگە!'
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەوپەڕی دڕندایەتییەوە لەسەر گەلانی هەرێمەکە و ڕۆژنامەوانان لە ئارادایە و لە بەرانبەردا بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی جێگەی سەرنجە. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەوان دلۆڤان ئاسمین گوتی: "کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە و هەموویشی تۆمارکراوە، ئەو دیمەنانە تۆمار و بڵاوکراونەتەوە کە چۆن کەسانی مەدەنی دەکوژرێن و بە جیهانمان گەیاندووە. بەڵام وێڕای هەموو ئەو بەڵگاندنە هیشتا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بێدەنگە."