هەرەئە ناسنامەی شەڕڤانێکی ئاشکرا کرد

هێزەکانی ڕزگاری عەفرین (هەرەئە)، بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو، ناسنامەی بەرفین عەفرینی ئاشکرا کرد، کە ١٩ ی تشرینی دووەم لە هەرێمی عەفرین شەهید بوو.

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) لەسەر پێگەی فەرمی خۆی ناسنامەی شەڕڤانێکی بە ناوی بەرفین عەفرینی ئاشکرا کرد، کە ١٩ ی تشرینی دووەم لە هەرێمی عەفرینی داگیرکراو شەهید بوو.

ڕاگەیاندراوەکە دووپاتی دەکاتەوە، "هاوڕێ بەرفین لە قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین پەیوەندی کرد بە یەکینەکانی شەهید ئاڤێستای سەر بە هێزەکانی ڕزگاری عەفرینەوە، لەپێناو تۆڵەکردنەوەی گەلەکەی و هاوڕێکانی و وڵاتەکەی، بەتایبەت تاوەکو ببێتە زایەڵەی هاواری مناڵانی عەفرینی داگیرکراو، لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداربوو، لە ١٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣  چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "هاوڕێمان بەرفین لە شاری عەفرین لەنێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز چاوی بە دنیا هەڵهێنا. لەنێو بنەماڵەیەکی خاوەن چاندی دێرین پەروەردە بوو، ئەمەش ڕۆڵی مەزنی گێڕا لە ژیانی هاوڕێمان. ئەم میراتەش لە هەڵوێستەکانی دەرکەوت. لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا هاوشان لەگەڵ چەند کوڕ و کچی قارەمان پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی بەرگری لە خاک و وڵاتەکەی. هاوڕێمان بەرفین، بەم پێداگرییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ هاتە نێو ڕیزەکانی شۆڕشەوە".

لەکۆتاییدا، هەرەئە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید بەرفین و هەموو ڕۆڵەکانی گەل دەکات، بەڵێن دەدات درێژە بە تێکۆشان و خەونی شەهیدان بدات تا سەرکەوتن.

ناسنامەی شەهید بەم جۆرەیە:

ناسناو: بەرفین عەفرین

شوێن و کاتی شەهیدبوون: عەفرین – ١٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣.