بە دیمەن

خەڵکی قامیشلۆ تەرمی شەهید بەشار دەحام‌یان بە خاک سپارد

لە قامیشلۆ تەرمی شەهید بەشار دەحام بە مەڕاسیمێک بە خاک سپێردرا. لە مەڕاسیمەکەدا بەڵێندرا تۆڵەی شەهیدان بکرێتەوە.

مەراسیمی شەهید

لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٥دا ئەندامی هێزەکانی کۆماندۆی قەسەدە بەشار دەحام لە کاتی ئەرکی وڵاتپارێزی خۆیدا، لە شاری حەسەکە شەهید بوو.

بۆ بە خاکسپاردنی شەهیدەکەیان خەڵکی شاری قامیشلۆ لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخانی شاری قامیشلۆ مەڕاسیمێکیان ئەنجام دا. ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، گوندەوارانی شاری قامیشلۆ و ئەندامی هێزە سەربازییەکانیش بەشداری مەڕاسیمەکە بوون.

لە مەراسیمەکەدا دوای خولەکێک رێزگرتن، ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی شاری قامیشلۆ فاتمە ئەل جاسم قسەیکرد و لە قسەکانییدا ئاماژەی بەوەکرد خوێنی شەهیدانی ئەوان هەرزان نییە و هەمیشە تێدەکۆشن تاوەکو تۆڵەی شەهیدانیان دەکەنەوە و گوتی: "با دووژمن باش بزانێت کە خاوەن گەلێکی بە ئیرادەین و بە هەموو نەتەوەکانمانەوە سەرکەووتن مسۆگەر دەکەین."

بە ناوی هێزە سەربازییەکانەوە نەزیر سۆفی ئاماژەی بەوەدا بەڵێن دەدەن بە دایکانی شەهیدان لەسەر ڕێگەی شەهیدان تێکۆشان بکەن و گوتی: "شەهیدانمان بۆ ئەوەی وڵات و هاووڵاتیانی خۆیان بپارێزن  هەموو شتێکی بە بەهایان فیداکرد و بوون بە ڕوناکی پڕۆژەی سەرکەوتنی دیموکراسیمان."

دواتر ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک جاسر ئەل ساڵەح بە ئاماژە کردن بە تێکۆشان و فیداکاری شەهیدان گوتی: "بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە لەسەر رێگەی شەهیدانمان تێکۆشان بکەین."

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، بە هەلهەلەی دایکان و دروشمی 'شەهید نامرێ' تەرمی شەهید بە خاک سپێردرا.