خەلکی منبج لەدژی دەوڵەتی تورک رێپێوانیان ئەنجامدا

خەلکی منبج لەدژی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و کوشتنی خەڵکی مەدەنی رێپێوانیان ئەنجامدا.

بۆ شەرمەزارکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، بە سەدان کەس لە خەڵکی منبج لە گۆڕەپانی میزان کۆبونەوە و بەرە ناوەندی شارەکە رێپێوانیان ئەنجامدا.

دوای رێپێوانەکە لە ناوەندی شارەکە میتینگێک ئەنجامدرا. ساهیل والی هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەروەردە و فێرکردنی منبج لە میتینگەکەدا قسەی کرد و وتی، "ئێمە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆسەر هەرێمەکانی باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار دەکەین. بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن."

دواتر عەزاب ئەلعەبود هاوسەرۆکی ئەنجومەنی منبجی پارتی دوارۆژی سوریا قسەی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ بەرژەوەندیەکانی لە هەرێمەکە قەیرانی سوریا بەکاردەهێنێت و وتی، "دەوڵەتی تورک دەیەوێت جارێکی دیکە هەرێمەکە داگیر بکاتەوە و عوسمانی نوێ بسەپێنێت. بۆ فراوانکردنی هەرێمە داگیرکراوەکانی ل سوریا سەرەتا پشتگیری لە چەتەکانی داعش کرد و ئێستاش پشتگیری لە شانە شاراوەکانی داعش دەکات."

نەسرین عەلی گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیاش باسی ئەوەی کرد کە داگیرکەران هێرش دەکەنە سەر ماڵی خەڵکی مەدەنی لە سنورەکانی منبج و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لەمدواییانەدا لە عەین عیسا خانەوادەیەکی کۆمەڵکوژ کرد.

ف.ق