لە گوندی سەیدجەژنی گەنمە شامی بەرهەم دێنن

دڵشاد عەلی دانیشتووی گوندی سەیدجەژنییە، لە گوندەکەی خۆیاندا سەرقاڵی کاری کشتوکاڵییە، وێڕای هاوکارینەکردنی حکومەت ئەمساڵیش گەنمە شامی (زڕات)ی چاندووە و وتی: "گەر حکومەت پاڵپشتیمان بکات، دەتوانین زۆر پڕۆژە جێبەجێ بکەین".

دڵشاد عەلی ئەحمەد دانیشتووی گوندی سەیدجەژنییە لە شارۆچکەی سەرقەڵایی سەر بە ئیدارەی گەرمیان. گوندی سەیدجەژنی ٤٠ بۆ ٥٠ ماڵی تێدایە، زۆرینەی دانیشتوانی گوندەکە سەرقاڵی کاری کشتووکاڵکردنن و جوتیارن. دڵشاد عەلی کە جوتیارێکی بە ئەزموونی دانیشتووی گوندی سەیدجەژنییە سەبارەت بە بەرهەمی گەنمە شامی لە گوندەکەی خۆیاندا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

دڵشاد عەلی ئەحمەدی جوتیار ماوەی شەش ساڵە دەستی بە کاری جوتیاری کردووە، ساڵانە شوتی و کاڵەک و چەند بەروبوومێکی تر لە گوندەکەی دەچێنێت و وتی: " لە مانگی حەوت بۆ هەشت وەرزی چاندنی گەنمە شامییە، وێڕای ئەوەی گەنمە شامی بەربوومێکی زۆر دەدات بەڵام تێچووی زۆرە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە نەخۆشی لێیدەدات هەندێکجار.

کاتی چاندنی تۆوی گەنمە شامی لە مانگی حەوتەوە دەست پێدەکات تاوەکو یەکی هەشت، گەر لە دوای ئەوکاتەوە تۆو دابچێنرێت بە جوانی گوڵناکات. گەر خاکەکەش باش بێت ئەوا پێویستی بە پەینی کیمیایی نییە. ئەگەر خاکەکەی خراپ بێت ئەوکات پێویستی بە پەینی کیمیایی هەیە."

'خواست لە سەر گەنمە شامی زۆرە'

وتیشی: "لە سەرەتای داچاندنی تۆی گەنمە شامی پێویستی بە شەش بۆ حەوت کاتژمرێر ئاودان هەیە بۆ ئەوەی گەشەی پێویست بکات. گەنمە شامی بژاری پێویست نییە، لە سەرەتادا بە یەک مەرەشە ئاوی دەدەین و دوای یەک مانگەکە دەیکەین بە دوو مەرەشە چونکە ئەوکات گەنمە شامییەکە بەرز دەبێتەوە و پێویستی بە پێنج کاتژمێر ئاودان هەیە.

هەر دۆنمێک شەش بۆ حەوت کیلۆ تۆوی گەنمە شامی پێویستە، ٢٠ کیلۆ تۆوی گەنمە شامی بەهاکەی ٢٢٠ هەزار دیناری عێراقییە، گەنمە شامی لە ژینگەیەکی گەرمدا پێدەگات لە سەرمادا دانەکانی پڕنابن، لە دوای مانگ و نیوێک پێدەگات. ئەمجۆرەیان کە چاندوومانە پێی دەڵێن 'سیلاجی' کە بۆ بەرهەمی ئالیکی ئاژەڵ بەکاردێت.

کڕیاری تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ ساغ کردنەوەی، ئەمساڵ خواست لە سەر گەنمە شامی زۆرە، کارگە هەیە لە شاری کەلاردا ئەم گەنمە شامییە دەکەن بە  ئالیکی ماسی. وێڕای هەموو زەحمەتییەکانمان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە هاوکارییەکمان ناکات بۆ پەرەدان بە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان."

'پڕۆژە زۆرە بۆ ئەوەی بیکەین، بەڵام حکومەت هاوکار نییە و ڕێگرییمان لێدەکات'

لە کۆتایی قسەکانییدا ئەو جوتیارە باسی لەوەکرد، کە لە گوندەکەی ئەواندا ماوەی سێ بۆ چوار ساڵە گەنمە شامی بەرهەم دێنن  و ئەزمونێکی باشییان لەگەڵ ئەم جۆرە کشتووکاڵکردنەدا هەیە و بەمجۆرە کۆتایی بەقسەکانی هێنا: "سێ بۆ چوار کەسین لەم گوندە کە تۆی گەنمە شامی دەچێنین زۆر کەس حەزی بە چاندنی گەنمە شامی نییە. لە ئێستادا کاتی دروێنە کردنی هاتووە بە ئامێری تایبەت دروێنەکردن دروێنەی دەکەین چونکە بە دەست دروێنە ناکرێت.

لە ڕاستیدا حکومەت هیچ هاوکارییەکمان ناکات ئەگەر کیمیایی و گاز، تۆی گەنمە شامیمان بە نرخێکی هەرزان بۆدابین بکات ئەوا دەتوانین کاری زۆر بکەین، بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆمان کار دەکەین. پڕۆژە زۆرە بۆ ئەوەی بیکەین بەڵام حکومەت هاوکار نییە و ڕێگریمان لێدەکات."