لە ڕەقە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە تاواناکانی داعش کرایەوە
لە پێناو بەهێزکردنی پێکەوەژیانی دانیشتوانی ڕەقە و لە بیرنەکردنی تاوانەکانی داعش، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە تاوان و بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی داعش کرایەوە.
لە پێناو بەهێزکردنی پێکەوەژیانی دانیشتوانی ڕەقە و لە بیرنەکردنی تاوانەکانی داعش، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە تاوان و بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی داعش کرایەوە.
دەستەی کولتووری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مۆزخانەیەکەی تایبەت بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی داعشی لە شاری ڕەقە کردەوە.
لە کردنەوەی مۆزەخانەکەدا نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دامودەزگاکان و خەڵکی شارەکە بەشدار بوون.
لە چوارچێوەی کردنەوەی مۆزەخانەکەدا، سەرەتا سینەڤیزیۆنێک دەربارەی بەرخۆدانی شاری کۆبانێ، هەروەها پێشێلکاری و تاوانەکانی چەتەکانی داعش نمایش کرا، کە لە کاتی داگیرکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ئەنجامی دابوون.
دواتر هاوسەرۆکی دەستەی کولتووری، مورحەف فەهدی قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا مۆزەخانەکە دەنگی قوربانیانی دەستی داعشە، هەروەها مەبەست لە دامەزراندنی مۆزەخانەکە بۆ ئاشناکردنی نەوەی نوێیە بە تاوانە دڕندەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، تا ئەوەی هیچ کاتێک دڕندەی ئەو ڕێکخراوە لەبیر نەکرێت.
لە مۆزەخانەکەدا بەڵگە، وێنە، گوتەی شەهیدان، یادەوەرییە تایبەتەکانی قوربانییەکانی دەستی داعش و دیمەنە تراژیداوییەکانی سەربڕینەکان نمایش کران.
کردنەوە و دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە بۆ جاری یەکەمە لە هەرێمەکەدا دەکرێتەوە. دامەزرێنەرانی مۆزەخانەکە هیوایان خواست مۆزەخانەکە ببێتە هەنگاوێک بەرەو ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی ئاشتی لە هەرێمەکەدا.