'پەکەکە بە تەنها ناوێک نییە، ئایدیا و هەبوونە'

ژنانی قامیشلۆ سڵاویان لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە کرد و ئاماژەیان بەوەدا ئەو بڕیارانە دەبنە بناغەی چارەسەری پرسەکان لە کوردستان. هەروەها دەڵێن، تاوەکو کۆتایی لەگەڵ سەرۆکەکەیان دەبن.

لە بەهاری ساڵێک لە ساڵەکاندا، کاتێک کوردستان لە نێو جوگرافیاکەدا وەک ڕیزە چیایەکی قەتیسبوویی نێوان چوار وڵاتی داگیرکەر پێناسە دەکرا. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناو سیاسەتی کۆمەڵکووژی و لە ناوبردندا وەک هیوایەک بۆ ئازادی گەلان دەرکەوت. دەرکەوتنی شۆڕشی پارتی کرێکارانی کوردستان پرسێکی لەگەڵ خۆدا ورژاند: کاتێک گەلێک کە لە زمان، شوناس و مێژووی خۆی دابڕێندرابێت چۆن ئازاد بژی؟. پەکەکە ئایدیاکە لە تاریکییدا بووە ڕووناکی، پەکەکە جێ‌باوەڕی ئازادی زهنییەت و ئازادی گەلان بوو.

پەکەکە بە کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی بڕیاری کۆتایهێنان بە هەموو ئەو کار و خەباتانە هێنا کە لە ژێر ناوی پەکەکەدا دەکران. ژنان لە قامیشلۆ لەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)قسەیان کرد.

'شتێک لە منداڵ گرنگتر بێت وڵاتە'

دایکی شەهید عەلی و شەهید بیرهات چیلۆ، شازیە ئیبراهیم کە دایکێکی عەفرینییە سەرەتا باسی ئەوکاتەی کرد کە پەکەکەی ناسیووە و گوتی: "ئاشنابوونمان لەگەڵ پەکەکە وەک ئەوە وابوو کە گەلێک مردووە زیندوو بێتەوە. پەکەکە ساڵانێکی زۆر تێکۆشانی بەڕێوەبرد و قوربانی سەختی دا. پاڵپشتی نەوەکانمان کرد و ناردمان بۆ نێو ڕیزەکانی پەکەکە. کاتێک لە دایکان دەپرسی دەڵێن هیچ شتێک لە منداڵ گرنگتر نییە، بەڵام شتێک لە منداڵ گرنتر بێت وڵاتی مرۆڤە."

وتیشی: "وەک دایکان تاوەکو کۆتایی پاڵپشتی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە دەکەین، لەبەر ئەوەی پڕۆسەیەکی زۆر گرنگ و هەستیارە و پڕۆسەیەکی سیاسییە. ئەو بڕیارانەی لە لایەن ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانمان لە چیا ئازادەکانەوە دەدرێن، ئێمە پاڵپشتی دەکەین. لە هەموو شوێنێک لەگەڵ سەرۆک، شەهید و هەڤاڵانی کۆنسەی پەکەکەمان دەڕۆین. لە شەڕ و سیاسەتدا هەموو دونیا ئێمەی ناسی، ئەو هێزانەی لە پیلانگێرییەکدا سەرۆکەکەمانیان زیندانی کرد لەوکاتەدا گوتیان ئەوانمان لە ناو بردوە، بەڵام ئێمە مەزنتر بووین، ئێستا ئەو هێزە بەشداری پڕۆسەی ئاشتی دەبێت."

'ڕێگەی تێکۆشانی پەکەکە بەرنادەین'

لە کۆتایی قسەکانییدا شازیە ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا چی دەبێت با ببێت ڕێگەی تێکۆشانی پەکەکە بەرنادەن و گوتی: "منداڵەکانمان کە ئێستا گەورە دەبن لەسەر هەمان فکر و فەلسەفە گەورە دەبن و وەک چۆن منداڵەکانمان ناردە ناو شەڕەوە، لە سیاسەتیشدا پێکەوە دەبین. باوەڕمان بەو بڕیارانەیە کە لە لایەن سەرۆکەکەمان و هاوڕێیانمانەوە لە چیاکانەوە دێت، چونکە ڕاستە."

'کاتێک پەکەکە دەرکەوت گەلێک لە کەلتوورەکەی مەحروم کرا بوو'

هاوسەرۆکی تەڤگەری کەلتوور و هونەری میزۆپۆتامیا قەدەر حوسێن لەسەر ڕۆڵی پەکەکە لە پەرەپێدانی کەلتووری کوردی قسەی کرد و گوتی: "پەکەکە لە کاتێکدا دەرکەوت کە گەلێک تێیدا لە بیر کرابوو، لە زمان، کەلتوور و هونەرەکەی مەحروم کرابوو. ئەمڕۆ لە سایەیی ڕەنجی تێکۆشانی پەکەکە گەلان خۆیان لە دەوری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بینیووە. پەکەکە تەنها ناوێک نییە، لە هەموو گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگەدا وەک ڕۆحێکە. بانگەوازی ئاشتی و کۆمەلگەی دیموکراتیک کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە کرا، ئەمە وەک کۆتایی هێنا بە شەڕەکان لە کوردستان هەنگاوێکی مێژووییە.

'بۆ ئێمە پەکەکە فکر و ڕۆحە'

هەروەها لە بەردەوامی دا گوتی: "بۆ ئێمە پەکەکە وەک فکر و ڕۆحە. ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە درا دەبنە بناغەی چارەسەری پرسی کورد لە کوردستاندا. هەربۆیە لەگەڵ ئەم هێڵەدا جارێکی دیکە بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشان لەگەڵ پەکەکەدا نوێ دەکەینەوە."

'پەکەکە لە هێڵی ئازادی ژناندا ڕۆڵی مەزنی گێڕا'

هاوسەرۆکی کۆمین میوزیک نەورۆز محەمەد ئاماژەی بە دۆزی ژنان و پێشکەوتنەکانی کرد لەگەڵ دەرکەوتنی پەکەکەدا و گوتی: "ئەو هونەرەی لە ٥٠ ساڵی تێکۆشانی پەکەکەدا پێشکەش کرا، ئێش و ئازارەکانی گەلی کوردی لە جیهاندا بڵاو کردەوە. وایکرد کە گەلی کورد لە ڕێگەی میوزیک و دەنگەوە گوزارشت لە خۆی بکات. بە تایبەتی لە هێڵی ئازادیی ژناندا ڕۆڵی مەزن گێڕا. چونکە ژنان نەیاندەتوانی بە ئازادی هونەرەکەیان پێشکەش بکەن، لە سایەی پەکەکە و شەهیدانەوە دەنگ و ڕەنگی بڵاوبووەوە. وەک تەڤ-چاند قەرزاری ئەو شەهیدانەین کە تا ئێستا وایانکردوە کە کەلتوری ڕەسەن بپارێزرێت و هەزاران کەسیش ئەم ڕێبازە بگرنەبەر، لە نێویشیدا هێڵی ژنان بپارێزرێت."