لە ڕەقەوە سڵاو لە بەرخۆدانی تشرین کرا
دانیشتووانی کانتۆنی ڕەقە سڵاویان لە بەرخۆدان بەنداوی تشرین و هێزەکانی قەسەدە کرد.
دانیشتووانی کانتۆنی ڕەقە سڵاویان لە بەرخۆدان بەنداوی تشرین و هێزەکانی قەسەدە کرد.
بەسەدان کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی ڕەقە، ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، پارتی سوریای داهاتوو و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ڕێپێوانێک سڵاویان لە بەرخۆدانی گەلی بەنداوی تشرین و هێزەکانی قەسەدە کرد.
خۆپیشاندەران لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید کەنداڵ، بە هەڵکردنی ئاڵای قەسەدە و وێنەی شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین و هەڵکردنی پانکارتی "هەموومان قەسەدەین" و "قەسەدە شکۆمانە" ڕێپێوانیان دەستپێکرد. لە میانی ڕێپێوانەکەدا بەردەوام دروشمەکان بەرزکرانەوە و سڵاویان لە بەرخۆدانی هێزەکانی قەسەدە لە بەنداوی تشرین کرد.
ڕێپێوانەکە لە مەیدانی ژنی ئازاد کۆبووەوە. لەوێ ئاسیا عەلی ئەندامی مەجلیسی ژنانی زەنۆبیای ڕەقە قسەی کرد و وتی: "ئێمە ژنانی زەنۆبیا بۆ ئەوەی دەنگمان بە هەموو جیهان بگات و بیسەلمێنین کە ئێمە خاک و ناسنامەی خۆمان دەپارێزین دەنگمان بەرز دەکەینەوە.
ئاسیا عەلی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر ناوچەکە ئیدانە کرد و ڕایگەیاند کە زلهێزە جیهانییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاست هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگن و بەوشێوە دەرفەت بە تورکیا دەدەن گەلانی هەرێمەکە کۆمەلکوژ بکات و ژێرخانی وڵاتەکەمان لەناو ببات.
هەروەها زولێخا عەبدی شاهیدە هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەروەردە و فێرکاری کانتۆنی ڕەقە، هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئیشکگرانی گەلی بەنداوی تشرین ئیدانە کرد و وتی: "سەرەڕای هێرشەکان، چووینە بەنداوەکە و بۆ ماوەی ٣شەوان لەوێ ماینەوە شەوانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشەکانی هەوڵی دەدا گەل بترسێنێت، بەڵام ئێمە تەسلیم نەبووین و لە هێڵی پێشەوە پێیان دەڵێین هەموومان قەسەدەین و سوریا سەردەکەوێت."
چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم و سڵاو ناردنی بۆ هێزەکانی قەسەدە کۆتایی هات.