(MOP) کۆمەڵکوژی قامشلۆی شەرمەزار کرد

پارتی ئازادی میزۆپۆتامیا (MOP) کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی مەدەنی قامشلۆ شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، پێویستە لەدژی دەوڵەتی تورک بووەستینەوە.

پارتی ئازادی میزۆپۆتامیا (MOP) ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژی گەڕەکی ئەلوەحدەی قامشلۆی شەرمەزار کرد. لە ‌هێرشی دوێنێدا کە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تەقینەوە ٦ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠ هاوڵاتیش برینداربوون.

'ناوچەی ئارام بۆ تیرۆرە'

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، " ئێمە کۆمەڵکوژی دڕندانەکەی دژی گەلانی سوریانی، ئاشوری و کەلدانی ئەرمەنی و کورد بە توندی شەرمەزار دەکەین و بەڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای تەندروستیەکی باش بۆ برینداران دەخوازین.

دەوڵەتی قڕکەری تورک دەرفەتی 'ناوچەی ئارام'ی پێشکیش بە داعش، ئەلنوسرە و چەتەکانی کرد و دەرکەوت ئەو ناوچەیە بۆ تیرۆر ناوچەیەکی ئارامە، بەڵام بۆ گەلان نائارامە.

بە هۆی ئەوەی لەدژی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی جددی نیشان نادرێت هێرش دەکاتە سەر گەل خاک و بەهاکانمان و گەلەکەمان کۆمەڵکوژ دەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورک گۆڕینی دیموگرافی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە و جێبەجێکردنی ستراتیژی میساق – میللیە.

'خاکەکەمان جێناهێڵین'

پارتی ئازادی میزۆپۆتامیا (MOP) داوای لە هێزە نێودەوڵەتیەکان کرد، ڕێگری لە دەوڵەتی تورک بکەن و وتی، "بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان هەیە خاکەکەیان جێنەهێڵن. گەلەکەشمان لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە لەدژی ئەم هێرشە داگیرکەر و قڕکەرە بێدەنگ نەبن و ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن."

ف.ق