پەنابەرانی سەرێکانی دژی داگیرکاری نامەیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد

کۆمیتەی پەنابەرانی سەرێکانی بە درووشمی "گەڕانەوەی سەلامەت بۆ سەرێکانی" ڕێپێوانی ئەنجامدا و دژی داگیرکاری نامەیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد.

کۆمیتەی پەنابەرانی سەرێکانی و گرێسپی لە شاری قامیشلۆ، بە درووشمی "گەڕانەوەی سەلامەت بۆ سەرێکانی" ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

نوێنەری کۆمیتەکە و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکان و هەزاران پەنابەر و خەڵکی قامیشلۆ بەشداری ڕێپێوانەکە بوون کە لە یاریگای ١٢ ی ئادار دەستی پێ کرد و تا بەردەم بینای کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردوام بوو.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، لەبەردەم بینای کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نامەکە خوێنرایەوە.

لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، زیاتر لە ٥ ساڵە سەرێکانی و گرێ‌سپی لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٨٥٪ ی هاوڵاتیانی خۆجێی لە کورد و عەرەب و سریانی زێدی خۆیان جێهێشتووە و دەیان هەزار کەسی تر لە شوێنیان نیشتەجێ کراون.

داواکراوە نەتەوە یەکگرتووەکان داگیرکردنی هەرێمەکان لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە لەبەرچاو بگرێت، کە چەندین ساڵە دەستیان داوە تاڵان و زیانگەیاندن بە هەرێمەکە، زۆربەی ئەم تاوانانەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای سوریای ئازاد (ئۆسۆ) ئەنجامدراون. هەروەها داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە زووترین کاتدا گەڕانەوەی سەلامەتیان بەرەو زێدی خۆیان مسۆگەر بکات.

نامەکە ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.