قەسەدە: داگیرکەران لە کۆبانێ کۆمەڵکووژییان ئەنجام دا

قەسەدە ڕایگەیاند دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە هۆکاری ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا گورزی کوشندەیان خواردووە، بۆیە لە دژی کەسانی سڤیل لە کۆبانێ کۆمەڵکووژی ئەنجام داوە.

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێیان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی لە سنووری بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ دەوڵەتی داگیركەری تورك كۆمەڵكوژییەكی ترسناكی لە گوندەكانی قومجی و بەرخ بۆتان لە باشووری كۆبانی ئەنجامدا، بەهۆیەوە حەوت منداڵ و دوو هاوژین شەهید بوون، كە هەموویان ئەندامی یەك خێزان بوون، هەروەها دوو كەسی دیكەش بریندار بوون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە داگیرکارییەکان کراوە لە بەنداوی تشرین؛ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوام بوون لە هێرشی چڕوپڕ بۆ سەر دەورووبەری بەنداوەكە و گوندەكانی، هاوكات چەندین هێرشیان بۆ سەر خانووی كرێكارانی سەر بە بەنداوەكە ئەنجامدا، زیانی ماددی بەرچاویان بە ماڵە مەدەنییەكان گەیاند.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر گوندی “غەسەق” و “سەیفی” لە دەورووبەری پردەكە، هاوكات هەر دوێنێ دیسانەوە گوندی “بیر حەسو” و گردی “سەیفی”یان بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردە ئامانج.

لە كۆتاییدا هاتووە، دواتریش دەوڵەتی داگیركەر تورك و چەتەكانی، بە تۆپ و تانك و مووشەك و گوللە هاوەن گوندەكانی تینە، جەدە، بیر حەسو، دێكان، مەلحە”یشیان بۆردومان كرد، هەروەها گردی سەیفی و قەرا قۆزاقیانیش بوردوومان كرد، هێرشەكە هەڕەمەكی بوو و بە زیاتر لە ٨٠ گوللە هاوەن ئەنجامدرا، زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان كەوت.