ئیدارەی خۆبەرێوەبەری کانتۆنی فورات: ڕۆژانە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت

ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات کە بەهۆی کۆمەڵکوژیی لە کۆبانی، زۆربەی مەراسیمەکانی نەورۆزی هەڵوەشاندەوە، ڕایگەیاند؛ هەموو ڕۆژ دەوڵەتی تورک دژی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بەرنامەکانی نەورۆزی کۆبانێ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"سەرەتا بە ناوی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکەوە نەورۆزی ٢٠٢٥ لە هەموو گەلەکەمان، ڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەی شەهیدان و هێزەکانی (قەسەدە)، یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پیرۆز دەکەین. بە ڕێزدارییەوە هەموو شەهیدانی نەورۆز، ئەو شەهیدانەی دژی نادادپەروەریی و سیاسەتە گڵاوەکانی سەدەی ٢١ وەستانەوە و شەهید بوون، یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێنی بەردەوامیدان بە تێکۆشان دووپات دەکەینەوە هەتا سەرکەوتن و ئازادی گەلەکەمان."

نەورۆز هێمای ئاشتی، یەکڕیزی و پێکەوە ژیانە. لە کاوەی ئاسنگەرەوە ڕۆح و هێمای نەورۆز بەردەوام لە دژی ستەم و زۆرداری سەرهەڵدان بووە. هەروەها بە درێژایی مێژوو تێکۆشانی ئازادی گەل و گەلانی چەوساوەیە. ئاگری نەورۆز ترسی لە دڵی فاشیست، زاڵمان و هێزە چەوسێنەرەکان خستووە و بەردەوام مۆڕاڵی بە گەلی کورد و دۆست و لایەنگرانی دیموکراسی بەخشیوە.

وەک دەزانرێت نەورۆزی ئەمساڵ بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لە جاران بەڕێوەدەچێت. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کە بەساڵان گەلی کورد ڕووبەڕووی جینۆساید، قڕکردن و ئاسمیلەکردن بووەوە جەژنی نەورۆز قەدەغە کرا.

بەهەمان شێوە ئامانجی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کوژاندنەوەی ئاگری نەورۆزی کوردی و ئاگری ئازادیی بووە بە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەوە. شەوی رابردوو دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە سەروبەندی جەژنی نەورۆز، جەژنی ئازادیدا، جارێکی دیکە لە گوندەکانی باشووری کۆبانێ کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ٧ کەس لە یەک بنەماڵە شەهید بوون و ٢ کەسیش بریندار بوون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو شێوازەکانی جینۆساید، تاڵانکاری و داگیرکاری دژی گەلانی هەرێمەکانمان جێبەجێ کردووە.

ڕۆژانە لە کۆبانێ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، سەرەڕای ڕێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع حکومەتی سووریا لەو بارەوە هیچ هەڵوێستێکی نەنواند. دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچەکان.

ئێمە وەک گەلانی کانتۆنی فورات بەڵێن دەدەین هەتا سەرکەوتن میراتی شەهیدەکانمان بپارێزین و بەرەنگاری هێرشە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکان ببینەوە بۆ بەدیهاتنی سووریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی.

لە کۆتاییدا ئێمە وەک کانتۆنی فورات ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەین و بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە بەرنامەی نەورۆزی ٢٠٢٥ لە شارەکان ڕادەگرین. تەنها لە ٢ شوێن مەراسیمی نەورۆز بەڕێوە دەچن.

بەرنامەی نەورۆز بە جۆش و خرۆشێکی بەرزەوە لە ١٩ی ئادار لە عەین عیسا بە دروشمی "ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەری سووریایەکی دیموکراتیکە" بەڕێوەدەچێت و لە ٢١ی ئادار لە گردی مشتەنووری کۆبانێ کاتژمێر ١٠ی بەیانی مەراسیمی پیرۆزبایی دەست پێدەکات. داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین بە ڕۆحی نەورۆز و بەرخۆدانەوە لەسەر گۆڕەپانەکانی نەورۆز ئامادە بن".

خوێندنەوەی بەیاننامەکە بە درووشمی "شەهیدان نامرن" کۆتایی هات.