رفاندنی خەڵکی مەدەنی عەفرین لەلایەن تورکە داگیرکەرەکانەوە بەردەوامە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە رێگەی چەتەکانیەوە، لە کردەوە قێزەونەکانی لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی لە هەرێمە داگیرکراوەکان بەردەوامە. راگەیەنرا کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ٢ هاوڵاتی مەدەنی دیکەی عەفرینیان لە عەزاز و ئیدلب رفاندووە.

کردەوە و پێشێلکاریەکانی دژە مرۆڤی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی وەک رفاندن، گرتن، ئەشکەنجەکردن و دەستدرێژی و دەستبەسەرداگرتنی سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان لە هەرێمە داگیرکراوەکان بێوەستان بەردەوامە.

بەپێی زانیاریەکان کە لە سەرچاوە هەرێمیەکانی عەفرینەوە بەدەستهێنراون، چەتەکانی هەیئە تەحریر ئەلشام و گروپە چەتەکانی دیکەی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٢ هاوڵاتی عەفرینیان لە هەرێمە داگیرکراوەکان رفاند.

سەرچاوەکان پشتراستیان کردەوە کە ئەو کەسانەی رفێنراون بۆ ئەوەی لەلایەن چەتەکانەوە نەکوژرێن پارەیان دابوو. هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە هاوڵاتیەک بە ناوی عەبدولباقی عەبدولناسری خەڵکی کەفەردەلی ناوچەی جندرێس کاتێک هەوڵیداوە لە ئیدلبەوە بچێتە تورک، لەلایەن چەتەکانی تەحریر ئەلشامەوە رفێنراوە.

سەرچاوەکە وتی، عەبدولقادر عەبدولناسر پارەی بە چەتەکان دابوو کە بە ئاسانی بچێتە تورکیا.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەروەها هاوڵاتیەکیان بە ناوی لوتفی مستەفا عومەر کە تەمەنی ٣٧ ساڵە و خەڵکی گوندی ئیکیدامی ناوچەی شەڕای عەفرینە رفاندووە.

سەرچاوەکە دەشڵێت، چەتەکان بەڵێنیان دابوو کە لوتفی عومەر دەستگیرنەکەن، بەڵام کە گەیشتووەتە شاروچەکی عەزاز لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە رفێنراوە.

هەروەها چارەنوسی کەسە رفێنراوەکان نادیارە.

ف.ق