شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەردانی کەمپی هۆلی کرد
شاندێکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەردانی کەمپی هۆلیان کرد.
شاندێکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەردانی کەمپی هۆلیان کرد.
شاندێکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکارانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دژی شانە نوستووەکانی چەتەکانی داعش لە کەمپی هۆل، سەردانی کەمپەکەی کرد.
شاندەکە لە هاوسەرۆکی دەستەکە زەهرا شەمۆ و ئەندام و بەڕێوەبەرانی دەستەکە پێکدەهات، لەلایەن ئیدارەی کەمپەکەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئیدارەی کەمپەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان دوایین پێشهاتەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەیان بە شاندەکە ڕاگەیاند، کە دوێنێ ١٨ ی نیسان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ_ژن، بە بەشداری یەکینەکانی پاراستنی ژن و پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە کەمپی هۆل دەستی پێ کرد.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیاندراوەی کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بڵاوکرایەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئێستە ١٦ چەتەی داعش لەنێو کەمپەکەدا دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
شاندەکە ڕایانگەیاند پێویستە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام بن بۆ ڕێگرتن لە چالاکی شانە نوستووەکانی چەتەکانی داعش کە هەوڵدەدەن ئارامی هەرێمەکە تێک بدەن.
کەمپی هۆل ٤٥ کم لە شاری حەسەکەوە دوورە و نزیکەی ١٣ هەزار و ١٢٤ هاوڵاتی عێراقی، ١٥ هەزار و ٨٠٥ هاوڵاتی سوری و ٦ هەزار و ٣٨٥ لە خێزانی چەتەکانی داعش لەخۆدەگرێت.