تەرمی شەهید شەفیقە ئەسعەد لە شەهبا بەخاکسپێردرا

تەرمی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شەفیقە ئەسعەد بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەخاکسپێردرا.

تەرمی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شەفیقە ئەسعەد کە ١٤ ی تشرینی دووەم لە شەهبا لە سەر ئەرکەکەی شەهیدبوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەخاکسپێردرا.

هەزاران کۆچبەری عەفرین و دانیشتووانی شەهبا تەرمی شەهید شەفیقە ئەسعەدیان لە نەخۆشخانەی ئەڤرین لە ناوچەی فافین وەرگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەڕێ کەوتن.

لە گۆڕستان مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، بە ناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، محەمەد ولۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و دانیشتووانی کانتۆنەکە کرد و گوتی: "ڕێگەمان لەسایەی ئەم شەهیدانەوە ڕووناک دەبێتەوە، ئێمەش ڕێگەی ئەوان دەگرین".

هەروەها سۆزدار شێخۆ سەرەخۆشی لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و گوتی: "هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدانەکەمان نابین، بەرخۆدانمان دەریدەخات ئێمە لێرەین و عەفرین ڕزگار دەکەین".

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. تەرمی شەهید بە هەلهەلەی دایکان بەخاکسپێردرا.