بە دیمەن

ڤیان عەگید: ڕێبەر ئاپۆ لە دژی پیاوسالاری ژنی ڕزگار کرد

ڤیان عەگید ئاماژەی بەوەدا ژنان بە فکری ڕێبەر ئاپۆ پێشکەوتن و گوتی: "پێویستە ژنان نەک تەنها ٨ی ئادار هەموو ڕۆژێک بۆ ئازادی و مافەکانیان لە گۆڕەپانەکان دەنگی خۆیان بڵند بکەن".

ژن بە نێو زۆر سەختی زیهنیەتی زاڵمی باڵادەستییدا تێپەڕیوە و تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆمان ئەمە لە جیهاندا بەردەوامە، بەڵام بە دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ و بە بنەماگرتنی ئازادی ژن، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم زیهنیەتەی شکاند. ژنان ئیدی دەتوانن لە هەموو گۆڕەپانێکی کۆمەلگە جێ بگرن، وەک گۆڕەپانی ڕاگەیاندن، سەربازی، سیاسی هتد... دەستەکەوتەکانی شۆڕشی ژنان زۆرینەی لە سایەیی ژنانەوە بە دەستهێنراون. ئێستاش پێشکەوتنی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو بە مۆدێلێک لە تەواوی جیهان.

پەیامنێری ڕوناهی ڤیان عەگید سەبارەت بە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە ڕوناکی تەواوی جیهان'

ڤیان عەگید لە سەرەتایی قسەکانییدا ٨ی ئاداری لە تەواوی ژنان پیرۆز کرد و گوتی: "لە سەرەتادا ٨ی ئادار لە شەهیدانی ڕاگەیاندن، بە تایبەت ژنان، دایکانی شەهید و ژنانی جیهان پیرۆز دەکەم. وەک ڕۆژنامەنووسان بووین بە گەواهیدەری زۆر ڕووداو. لە پەنای ئەمەشدا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ئەنجام دەدرێت و تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە. لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بینیمان چۆن ژنان لە تاریکی دەرهێنران، ئەمە هەموو لە سایەیی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە، چونکە دەزانێت ژنی ئازاد بناغەی کۆمەڵگەی ئازادە. ئەمڕۆ ژن سەرنەکەوێت و خۆی ئازاد نەکات مەحاڵە کۆمەڵگە بە ئازادی بگات، ژن بنەما، شوناس، کەلتوور و خوداوەندە. هەربۆیە پێویستە هەموو ژنێک بە پێی ئەمە هەڵوێست وەرگرێت. ئیدی پێویستە هەموو ژنێک تاریکی و بندەستی قبوڵ نەکات، ئەمڕۆ ڕۆژی بانگەوازی ئازادییە. ئەمڕۆ فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بوو بە ڕوناکی ژیان و ڕێگەی تەواوی ژنان. هەرگیز فشار و زوڵم ناتوانێت لە تێکۆشان دوورمان بخاتەوە. بە ئیرادەوە تێکۆشانمان بە هێزتر دەکەین".

'هەوڵدەدەین تێکۆشانی ژنان بناسێنین'

ڤیان عەگید ئاماژەی بەوەدا پێویستە هەموو ڕۆژێک بۆ ژنان ٨ی ئادار بێت، بۆ ئەوەی تێکۆشان هەمووکات بەردەوام بێت و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "پێویستە ژنان نەک تەنها ٨ی ئادار، هەموو ڕۆژێک بۆ ئازادی و مافەکانیان لە گۆڕەپانەکان دەنگی خۆیان بڵند بکەن. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سیستەمی پیاوسالاری باڵادەستە، لە دژی ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ بیردۆزی ڕزگاری ژنان و لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخستنی ژنانی بەرفراوانکرد. وەک ڕۆژنامەنووسان هەوڵدەدەین تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە ناو هەلومەرجی سەختدا بە دۆسێ و نوسین بە جیهان ڕابگەیەنین. هەروەها هەوڵدەدەین فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە ژنان و کۆمەڵگە بناسێنین، بۆ ئەوەی بتوانن لەو قاڵبانەی بەسەریانداوە سەپێنراوە، ڕزگار ببن. وەک ڕۆژنامەنووسانی ژن بەڵێن دەدەین تاوەکو کۆتایی درێژە بە هێڵی شەهیدان بدەین و هیواکانیان بۆ ئازادی ژنان و یەکسانی کۆمەڵگە بە دی بهێنین".

لە کۆتایییدا ڤیان عەگید گوتی: "ئەوەی ئەرکە لەسەر شانمان ئەوەیە ڕێ بگرین لە ئێش و ئەو توندوتیژییانەی لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت، لە هەمانکاتدا تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرانبەر زیهنیەتی زوڵمی باڵادەستی بە هێزتر بکەین و خۆمان بگەیەنینە ئاستی ئازادی".