ئاڵدار خەلیل: سەرکەوتنی ڕۆژئاوا سەرکەوتنی هەموو کوردستانە
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، چارەنووسی هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە گرێدراوە و وتی:"سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە واتای سەرکەوتنی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتە."
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، چارەنووسی هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوە گرێدراوە و وتی:"سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە واتای سەرکەوتنی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتە."
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە سەبارەت بە گۆشەگیری توندی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە. خەلیل باسی لەوەش کرد کە بە پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەکرێ شەڕی ئێستای نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ڕابگیرێت و وتی:"ڕێگای ڕزگاربوون لەم دۆخە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، ژیانی هاوبەش، ئازادی ژنانە، سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئەخلاقی و سیاسییە. هەردوو گەل دەتوانن لە سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازاددا پێکەوە بژین. ئەگەر هەردوولا دەستبەرداری مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە بن و باوەڕیان بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک هەبێت و بزانن کە حەقیقەتی ژیانی مرۆڤ لە ژیانی هاوبەش و یەکساندا شاراوەتەوە،قەد مۆدێلی دەوڵەت یان دامەزراوەکانی دەسەڵاتداری هەڵنابژێرن.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە ل ئیمرالی لەژێر گۆشەگیری دایە و ٣٣ مانگە هیچ زانیاری لەسەر ژیانی نازانرێت. وەک دەزانین ڕێبەری گەلی کورد ماوەیەکی زۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مابووەوە لەوێ باش دەناسرێت. بەڕای ئێوە پەیوەندی نێوان گۆشەگیری و هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چییە؟
بەڵێ ڕێبەر ئاپۆ نزیکەی ٢٠ ساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان مایەوە. بەشێوەیەکی گشتی لە سوریا و لوبنان تێکۆشانی بەڕێوە دەبرد و بە هەزاران کادیری لەو بوارەدا پەروەردە کردووە و ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو دامەزرا. لەم بوارەوە هەموو بوارەکانی تری کار ئەنجامدران و بەهێزتر کران، کوولتوری شۆڕشگێڕانە پێناسە کرا. ئەو کولتوورە بوو بە موڵکی هەموو کۆمەڵگا و وڵاتپارێزییەکی قووڵ دروست بوو. ڕێبەر ئاپۆ خۆی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ کارەکان دەکرد. هەر بۆیە کاتێک ڕێبەر ئاپۆ گیرا و ڕادەستی داگیرکاری تورک کرا و بردیانە دوورگەی ئیمرالی، ئەم ناوچەیە ئازارێکی زۆری بەخۆیەوە بینی. ئەم قۆناغە کاردانەوەی بەهێز و خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ دروست کرد. هەزاران گەنج بە ئامانجی پشتیوانی لە سەرۆکەکەیان و پاراستنی ئەو بەهایانەی کە بە تێکۆشانی سەرۆک لەم بوارانەدا بەدەست هاتبوون، چوونە چیا ئازادەکانی کوردستان. کاتێک پرۆسەی بەهاری گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، شۆڕشی ڕۆژئاوا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەی سەند. ئێستا ئەو تووە ڕێکخستنیانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لەم هەرێمەدا چاندویەتی، گەیشتە بەرهەم. ئەگەر ئەو بناغە ڕێکخستنییە نەبوایە کە ڕێبەر ئاپۆ دروستی کردبوو، دەستکەوتێکی لەم شێوەیە بەدەست نەدەهات.
ئەردۆغان کەسێکی زاڵم و دڕندەیە
بەو بۆنەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام لە یەکەم ڕۆژەوە دوژمنایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کردۆتە ئامانج و هێرشی جۆراوجۆری بۆ سەر هەرێمەکە دەستپێکردووە. لەلایەک نایەوێت پڕۆژەی سەرۆکایەتی لەلایان هیچ پارت و لایەنێکەوە لەم هەرێمە جێبەجێ بکرێت، لەلایەکی ترەوە دەیەوێت تۆڵە لەم هەرێمە بکاتەوە. چونکە لەم هەرێمەدا ئەم بیرۆکەیە لەسەر سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازاد دەبێتە واقیع. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی لە دەرەوەی دوورگەی ئیمرالیە بڵاونەبێتەوە و گەلانی هەرێمەکە سوودی لێ وەرنەگرن گۆشەگیری ڕەها بەسەر سەرۆکدا دەسەپێنێت. لە هەمان کاتدا بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو سیستەمە دیموکراتیکەی بنیات نراوە، هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕتر دەکاتەوە. ئەردۆغان خاوەنی عەقڵێکی ستەمکار و زاڵمانەیە. قەد نایەوێت ئازادی و دیموکراسی گەشە بکات و دوژمنایەتی گەلی کوردی کردووە بە ئامانجی یەکەمی خۆی.
دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە گۆشەگیری ڕۆژئاواش گۆشەگیر بکات
وەک دەزانرێت کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای ئینکار و لەناوبردنی گەلانی دیکەی سەر خاکی کوردستان و تورکیا بەتایبەت کورد و ئەرمەنەکان دامەزرا. گەلەکەمان چەندین سەدەیە تووشی هێرشی دڕندانە بووەتەوە. ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە فۆبیای کورد بە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە دەستی پێکردووە. دەیانەوێت وا لە هەموو لایەک بکەن باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەگەر کورد ئازاد بێت کۆماری تورکیا دەڕووخێت، ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە لە بیرۆکەکانی سەرۆک ئاپۆ دەترسێت. هەر شوێنێک کە سیستەمی دیموکراتیک و هۆشیاری ئازادی تێدا گەشەی کردبێ، هێرش دەکاتە سەری. ئەو ڕاستییەی کە لە بیر ناکرێ ئەوەیە کە چارەنووسی هەموو پارچەکانی کوردستان بە یەکەوە گرێدراوە. واتە سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە مانای سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادی باکووری کوردستان، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە. سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە کردەیی بە مانای سەرکەوتنی بیرۆکەکانی سەرۆک ئاپۆیە، لە هەمان کاتدا ئازادی سەرۆک ئاپۆ بە مانای چارەسەری کێشەی کورد و سەرکەوتنی ڕۆژئاوایە. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کورد-عەرەب-سوری-ئاشوری-تورکمان-چەرکەس پێکەوە لە نێو ژیانێکی هاوبەش و یەکساندا دەژین و بنەماکانی ئازادی ژنان لە پێشەوەن. ئێستا لە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و بەشی کاردا ژنان هەن و ڕۆڵی پێشەنگیان هەیە. بۆیە کاتێک ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە گۆشەگیری بەسەر سەرۆک ئاپۆدا دەسەپێنێت، دەیەوێت ڕۆژئاواش بخاتە ژێر گۆشەگیرییەوە. کاتێک سەرۆک سزا دەدەن، ڕۆژئاواش سزا دەدرێت و هەموو ئازادیخوازان سزا دەدرێن.
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەڵمەتێک لەسەر ئاستی جیهان لە ٧٤ شوێن وناوچەی جیهان بە داوای "ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێکرد. ئەمەش پرۆسەیەکی نوێ بوو لە تێکۆشانی گەلی کورددا. ئێستا تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی سنووری کوردستانی بەزاندووە و گەیشتە ئاستێکی نێونەتەوەیی. لە سایەی خۆڕاگری و بیرۆکەکانی سەرۆک ئاپۆ، دیموکرات و مرۆڤ دۆستانی جیهان و هەر چوار پارچەی کوردستان پشتیوانی لە سەرۆک ئاپۆ بەرێوە دەچێت. چونکە چارەسەری قەیران و کێشەکانی جیهان لە ئازادی سەرۆک ئاپۆدا دەبینن و خاوەنداری لەسەرۆک ئاپۆ دەکەن.
حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم هەڵمەتی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل دەستپێکرد. لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە، کاتێک سەیری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەلەستین دەکەین، هیچ شەڕێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕووی نەداوە. لە پەخشە ڕاستەوخۆکاندا ئیسرائیل کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. ئەمەش هاوشێوەی پڕۆسەی عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی، عەزاز، تل ڕفعەت، جەرابلوس و شارەکانی دیکە. جیاوازی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەوڵەتی داگیرکەری تورک چییە؟
هەرچەندە ململانێی نێوان موسڵمانان و جولەکەکان دەڕواتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام کە لەسەر بنەمای ململانێ مێژووییە کۆنەکان دامەزراوە کە دەڕواتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی سەرهەڵدانە ئایینە یەکتاپەرستە ئاسمانییەکان. بەڵام لە ساڵی ١٩٤٨ ئەم ململانێیە بۆ گەلی فەلەستین گۆڕا بۆ ململانێی مان و نەمان. هەرچەندە لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئۆسلۆ ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کرا و لە ئەنجامدا ئیدارەیەکی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە دامەزرا، بەڵام بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ نەیانتوانی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٧ بەدواوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین، هاوکات بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین(فەتح)، حەماسیش لە فەلەستیندا هاتە سەر سیاسەتی دەسەڵاتداری.
کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل ماوەی ٧٥ ساڵە بەردەوامە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە پڕۆژەیەکی چارەسەر بۆ ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و سەقامگیری دانەنراوە. پێچەوانەی ئەو پڕۆژەیەی کە هەردوولا پێداگری لەسەر دەکەن، پڕۆژەی دەوڵەت نەتەوەیە. سیستەمی دەوڵەت نەتەوە لە زلهێزەکانی ڕۆژئاواوە بۆ هەرێمەکەمان گواستراوەتەوە، بەم سیستەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی سەد ساڵە لە قەیران و گێژاودا دەژین، بە فەلەستین و ئیسرائیلیشەوە. حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشی کردە سەر فێستیڤاڵێکی ئاشتی و سەدان کەسی بە بارمتە گرت. بەم شێوەیە حەماس لە سەر ناوی تۆفانی ئەقسا شەڕی دژی ئیسرائیل دەستپێکرد. هەروەها ئیسرائیل بەبێ گوێگرتن لە بانگەوازییە مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هەموو توانایەوە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەستپێکرد.حەماس ئەم کارەی وەک دەرفەتێک بینی و بەردەوامی پێدەات.
دەوڵەتی تورک و ئیسرائیل بەبەرچاوی جیهانەوە هێرش دەکەن
هەرچەندە هەندێک جیاوازی لە نێوان پرسی حەماس – ئیسرائیل لە لایەک و بزووتنەوەی کورد و تورکیا هەیە، بەڵام ئەوەی هاوشێوەیە ئەوەیە کە گەلی فەلەستین پرسێکی هەیە و ئەم پرسەش ڕەوایە، ئەم گەلە دەیەوێت بوونی خۆی بیپارێزێت و لەسەر خاکەکەی بە ئازادی بژی، گەلی کوردیش هەروەها دەیەوێت پارێزگاری لە بوون و ناسنامەی خۆی بکات و بە ئازادی، ئاشتی و ئارامی بژی،. چەندین سەدە سیاسەتی لەناوبردن و گۆشەگیریی گەلی کورد لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، بە بەردەوامی کۆمەڵکوژ دەکرێت، لە هەر شوێنێک گەلی کورد بۆ ئازادی خۆی تێکۆشان بکات، داگیرکەری تورک یەکسەر هێرشی دەکات. نموونەیەکی بەرچاو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. هەرچەندە بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی نەکردووەتە سەر دەوڵەتی تورک، وەک حەماس هیچ شەڕێکی لەدژی ئەنجام نەداوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پێش چاوی مرۆڤایەتیەوە هێرشی کردە سەر(جەرابلوس، باب، عەفرین، عەزاز، گرێسپی و سەرێکانی) لە هێرشەکانی دیمۆگرافیا، داگیرکاری و گۆڕینی کردە ئامانج و تا ئێستاش لە هەرێمەکانی دیکەدا بەردەوامە لە هێرشەکانی. هەمووان دەزانن کە تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە بە فەرمی دانی ناوە بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا و پەیوەندییە هەواڵگری و ئابوورییەکانیانی تا ئەمڕۆش لەگەڵی بەردەوامە. شتێکی تر کە لە دۆسیەی تورکیا و ئیسرائیلدا هاوشێوەیە، ئەوەیە کە هەردوو دەوڵەت، هەموو جۆرە کارێکی نامرۆڤانە لە پێش هەموو جیهاندا ئەنجامدەدەن، بەڵام هیچ کەسێک بەرامبەر بە کارەکانیان هەڵوێستی نییە.
ئێستا چ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و چ لە نێو گەلانی جیهاندا، کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل هەیە و پشتیوانییەکی گەورە لە گەلی فەلەستین دەکرێت. ئەم کاردانەوە و پشتگیرییە بۆ ئەوەیە نابێ گەل بکوژرێت. ئایا ئەم کاردانەوە و پشتگیرییەی گەل بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێ بیکاتە دۆخێک سوودی لێ وەربگیرێت؟
گەلی جولەکە و فەلەستین دەتوانن پێکەوە بژین
هەمووان دەزانن ئیسرائیل دەستی لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و ڕفاندنی سەرۆک ئاپۆدا هەبووە. بەڵام ئەوەی ئێستا پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە چارەسەرکردنی کێشەی جوولەکەکان و ڕێگای ڕزگاربوونیان بە پارادایمی سەرۆک ئاپۆ چارەسەر دەکرێت. ڕزگار بوون لەم دۆخە پڕۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراتیک، ژیانی هاوبەش و ئازادی ژن و سیستمەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئەوەی گرنگە گەلی فەلەستین نەکەوێتە بەر پڕۆژەکانی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەوە. ئەوەی گرنگە لەناو بزووتنەوەی فەلەستیندا پێشەنگەکان سەرهەڵبدەن و ئەو پێشەنگانە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان هەستن و بەو پێیە نزیک ببنەوە. نابێ ڕێگە بەو پڕۆژانە بدەن کە شەڕ دەخۆڵقێنن و گرژی دەننەوە و درێژە بە ئاڵۆزییەکان دەدەن. پێویستە گەلی فەلەستین قبووڵی بکات کە گەلی جولەکە یەکێکە لە گەلە ڕەسەنەکانی ناوچەکەیە. هەردوو گەل دەتوانن لە سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازاددا پێکەوە بژین. ئەگەر هەردوولا دەستبەرداری مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە بن و باوەڕیان بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک هەبێت و لەوە تێبگەن کە حەقیقەتی ژیانی مرۆڤ لە پێکەوە ژیان و یەککڕێزیدا شاراوەتەوە. هەرگیز مۆدێلی دەوڵەت یان دامەزراوەی دەسەڵاتداری هەڵنابژێرن.
ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ئەنجامی دەدات، ئازادی بۆ گەلی فەلەستین ناهێنێت، لەبری ئەوەی داوای گۆڕینی دەسەڵات و سیاسەتی قڕکردنی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بکات چونکە پشت بە عەقڵییەتی ئایین و نەتەوەپەرەستی دەبەستێت، ئامانجی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی گەلی جوولەکەیە. پشتیوانی جیهانی پشتیوانی ئەخلاقی و مرۆییە بۆ گەلی فەلەستین، پاڵپشتی هاوشێوە هەندێک جار بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبینین. بە تایبەتی هەمووان بینیان کە چۆن داعش لێرەدا تێکشکا، لە هەمان کاتدا مرۆڤایەتی شاهیدی دڕندەیی دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانمان بوو. بەڵام پێویستە پشتگیری لە پڕۆژەی چارەسەری کە لە پارادایمی سەرۆک ئاپۆ سەرچاوە دەگرێت بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ بۆ هەموو مرۆڤایەتی پاڵپشتی بکرێت."