یەپەگە ٨ ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی قەرەچۆخی یاد کردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ٨ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی قەرەچۆخی یاد کردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە بە بۆنەی ٨ـەمین ساڵوەگەڕی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر چیای قەرەچۆخ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧، کاتژمێر ٢ی شەو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر بارەگاکەمان لە چیای قەرەچۆخ لە دێریک ئەنجامدا. هێرشەکە بارەگا، دامەزراوە ناوەندییەکان، ناوەندی راگەیاندنەکان و ڕادیۆی ڕۆژئاوا و هێزەکانمانی لە ناوچەکە کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، ٢٠ هەڤاڵمان کە لەنێویاندا فەرماندە پێشەنگەکانمان کە لەو سەردەمەدا پێشەنگایەتی تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕۆژئاوایان دەکرد و خەباتکارانی  ڕاگەیاندنی یەپەگە و یەپەژە، شەهید بوون و ١٨ هەڤاڵانی دیکەش بریندار بوون.

ئەم هێرشە لەکاتێکدا ڕوویدا کە هێزەکانمان لە ئۆپەراسیۆنە گرنگەکاندا دژی داعش لە ڕەققە و تەبقە شەڕیان دەکرد. دەوڵەتی داگیرکەری تورک ویستی بەم هێرشە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ناو ببات و دەنگی ئەو کەسانەی کە لە پێناو دیموکراسی و ئازادیدا تێدەکۆشان بێدەنگ بکات. به تایبەتی خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد که له میانەی شەڕەکان دژی داعش ڕاستیەکانیان بۆ هەموو جیهان دەگواستەوە، له لایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە کرانە ئامانج. بەڵام سەرەڕای ئەو جۆرە هێرشانە هێزەکانمان لە ماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی تاریک پەرەستانی چەتەکانی داعشیان تێکشکاند و ئەمڕۆش لەسەر بنەمای میراتی ئەو شەهیدانە لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێدا پێشەنگایەتی دەکەن.

شەهیدانی چیای قەرەچۆخ نەک هەر پارێزوانیان لە خاکەکەمان دەکرد، بەڵکو پێشەنگایەتی مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی نوێیان دەکرد کە لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و یەکسانی رەگەزی و پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەکان بنیات نرابوو. فەرماندە و هەڤاڵانمان و هەرسێ چالاکی ڕاگەیاندنی ئازاد حەقی، ڕێوان و شیلان، نمونەیەکی بێوێنەیان لە تێکۆشانی ئێمەدا پێشکەش کرد. ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی فەرماندە شەهیدەکانمان و میراتی ڕاگەیاندنکارانی هەر سێ هەڤاڵمان، ئەمڕۆ لە تشرین و قەرەقۆزاخ، جارێکی دیکە خۆی لە کەسایەتی فەرماندە بوێرەکان و ڕۆژنامەنووسانی هێژا نازم، جیهان و عەگیدەکان نیشاندایەوە. هەڤاڵانی شەهیدمان لە قەرەچۆخ، وەک بناغەدانەر و دامەزرێنەرانی شۆڕشەکەمان جێگەیان بۆ هەمیشە لە مێژوودا دەمێنێتەوە.

ئێمە یادی شەهیدانمان بە خەمگینی ناکەینەوە، بەڵکو بە ئیرادە و بڕیارێکی نوێیەوە یادیان دەکەینەوە. ئەو میراتەی کە بۆیان بەجێی هێشتوین، ئەرکی ئێمەیە هەموو دەستکەوتێکی شۆڕش بپارێزین و رێبازی ئەوان قووڵتر و بەهێزتر بکەینەوە. بەو بۆنەوە جارێکی دیکە بەڵێنمان لە بەردەوامیدان بە ئەرک وتێکۆشانیان و بەهێزکردنی نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە بنیاتنانی وڵاتێکی ئازاددا  دووبارە دەکەینەوە."