ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) داوای لە ژنان کرد، لە دژی چەتەکانی داعش و عەقڵیەتەکەیان، بیر و هێزی خۆیان یەکبخەن و زۆر زیاتر لەوەى هەیە بەشداری لە سیستمی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بکەن.
سەعدە فەیسەڵ هەرماس هاوسەرۆکی شارۆچکەى تل شەعیر لە دەشیشای باشووری کانتۆی حەسەکە و هند لەتیف خدر-ی جێگری لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا رفێندرابوون و بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرابوون. داعش دوای ٢ رۆژ بەرپرسیاریی رفاندن و کوشتنی ئەو دوو سیاسەتمەدارە ژنەى لە ئەستۆ گرتبوو.
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری مەسەدە لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ ئازادیی ژنان، بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و گۆڕینی عەقڵیەت دەرفەت دەڕەخسێنێت. داعش-یش هەوڵ دەدات هێرش بکاتە سەر ئەو بەڕێوەبەرییە. دەیەوێت رێگری لە ئازادی و پێشکەوتنی ژنان بگرێت و سیستمە دەسەڵاتپەرەستە تاریکەکەى بەسەر ژناندا بسەپێنێت، بەڵام وەک دەزانرێت ژن لە هەموو چین و توێژێک زیاتر بەشداری کاروبارەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر دەبن و لە دەوری ئەو بەڕێوەبەرییە کۆ دەبنەوە".
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، لە دژی عەقڵییەتی تاریک و رەشی داعش پێویستی بە هەڵوێستێکی بەهێزی هاوبەش هەیە و وتی، "دەبێت لە پێش هەموانەوە ژنان لە ناوچەکانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دەست لە ناودەستی یەکتر لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە. گرنگە ژن لە دژی ئەو هێزە تاریکە، بیر و هێزی خۆیان یەکبخەن و زۆر زیاتر بە بەهێزی بەشداری لە سیستمی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر دا بکەن. بە بەشدارییەکی بەهێز بۆ ناو ریزەکانی یەپەژە، دەبێت ژنان وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژییە بدەنەوە. پیاوە ئازادیخوازەکانیش دەبێت هێزی خۆیان یەکبخەن و لە دژی داعش بوەستنەوە".
ژ.ت