فەرماندەیى گشتیى هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ لە قامیشلۆ راگەیاندراوێکى لەبارەى شەڕەکەى ئەمڕۆی قامیشلۆ لەنێوان سەربازانى رژێمى سوریا و هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆ بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دەورییەکى پێکهاتوو لە ٣ ئۆتۆمبێلی هێزەکانى رژێمی سوریا لە قامیشلۆ هاتوونەتە ناوچەیەک کە لە کۆنترۆلى هێزەکانى ئێمەدایە و چەند هاووڵاتییەکیان دەستگیرکردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە "سەربازانى دەورییەکەى رژێم کاتێک بە خاڵى پشکنینى هێزەکانى ئێمەدا تێپەڕین بە چەکى سوک و مامناوەندە تەقەیان لە هێزەکانمان کرد و هێزەکانى ئاسایشیش وەڵامیاندانەوە".
فەرماندەیى گشتیى ئاسایشى ناوخۆی قامیشلۆ راشیگەیاندووە "١١ ئەندامى هێزەکانى رژێم کوژران و ٢ی تریشیان بریندار بوون. لەو شەڕەدا ٧ ئەندامى ئێمەش شەهید بوون و ئەندامێکمان بریندار بوو".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەک هێزەکانى ئاسایشی ناوخۆی باکووری سوریا بەڵێن بە شەهیدان و گەلەکەمان دەدەین، کە دەستکەوتەکانى شۆڕش و گەلەکەمان بپارێزین. لە دژی هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە دەستکەوتەکانى گەل دەکەنە ئامانج و ئاژاوەگێڕی دەنێنەوە و ئارامى تێکدەدەن، خۆڕاگری دەکەین و بەرەنگاریان دەبینەوە".
ر.م